فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

هەڵۆی چیا

هەڵۆی چیا

کورتیلە چیرۆک

زێنەب یوسفی/ شاعیر و  چیرۆکنووس / سنە

 

له  جەنگەڵەکانی مەریوانەوە نامەیەکم پێ گەیشت.نوسرا بوو:فریامان کەون ئاگر بردمانی.   واژو :هەڵۆی چیا

سەرم سوڕما.هەڵۆی چیام نەدەناسی ، دەبێ کێ بێ ئەم هەڵۆی چیایە. بەهەرحاڵ خێرا لە شەقەی باڵمدا و بەرەو جەنگەڵەکانی مەریوان هەڵفڕیم. هەر لە تەشقی ئاسمانەوە دوکەڵی ڕەشی  ئاگرستانم  وەبەرچاو کەوت. بەرەو ئاگرستان باڵم لێدا  و نزیک بوومەوە.دەنگی قرچە قرچ و داد و بێدادی دار و درەخت و حەیوانەکانی جەنگەم وەبەر گوی کەوت و بەرەو ناخی ئاگرەکان بوومەوە. کەسێ هاواری کرد :

ئاگات لە خۆ بێت کە پەڕوباڵت ئالودەی ئاگرە کە بوو تۆش هەڵدەقرچیت وەکو من…..دەنگەکە ئێگجار ئاشنا بوو، باش کە سەرنجمدا  مرۆڤێکم بینی بە قژێکی  درێژەوە ،شێوە شێوەیم کرد،بەڵێ خۆی بوو. ئاشنایەکی دڵسۆزی جەنگەڵ و دار و بەرد و گیاندارەکانی. ئاگر چوار دەوری گرتبوو و دەتگوت هەڵۆیەکە کەوتوەتە داوی ئاگر.

لەگەڵ ئەوەدا کە خۆی خەریک بوو گڕ بگرێت بەڵام  لە تەنیشتی  نەونەمامێکی ناسکدا  ڕاوەستابوو  بەڵکو بیپارێزێت لە بڵێسەی ئاگر. منیش  لە سەرەوە شایەتەحاڵی جەنگەڵی ئاگر تێبەردراو  و ئەوانە کە خەریک بوون دەبونە خوڵە مێش ، بووم و هیچم لێنەدەهات جگە لە گریان و ئەسرین داوەراندن.دەستم کرد بە گریان ،وەکو هەوری بەهاری فرمێسکم دەباراندە سەر ئاگرەکە.سەیر لەوەدا بوو کە بەدەم گریانەکانی منەوە هێدی ، هێدی ئاگرەکە کزی دەکرد. لەبەرێکەوە دووکەڵ و چەقەوڕ زیادی دەکرد و بلێسەی ئاگرەکە دادەبەزی.هەر دەگریام . ئاگام لە هیچ نەمابوو. نە دەنگێکم دەبیست و نە داد و بێدادی دارو درەختم وەبەر گوێ دەکەوت.ئاگام لە ئاشنا قژ درێژەکەش نەما بوو.هەر دەگریام و فرمێسک دوای فرمێسک ،وەکو ڕەهێلەی بەهاری……بهێڵە با بگریم  ئەی جەنگەڵی گڕ تێبەربوو…… بزانم   کێ بوو وا لە ئەنقەست تۆی گڕ داااااااا….

دەی با بزاااااانم کێ بوو….

کێ….کێ…کێ بوووووووو….

شتێک لە مندا خەریک بوو دەسوتا یان هەڵدەقرچا یان دەبوو بە هیچ …دەبوو بە پوووووچ …..ئایا پەڕ و باڵم بوو؟ کە بە ڕامانەوە سەیرم کرد بینیم قژەکانمە….قژە درێژەکانم….

پاشان جل و بەرگەکانم…ئااااااە کە تا چەند لەو کاتەدا لە ئاشناکەم دەکرد…من بووم یان  ئەو؟ نازانم…دیار بوو من هەر لە ئەزەڵەوە بێ باڵ بوومە…هەرگیز لە گۆڕەپانی ئاسمان لە شەقەی باڵم نەداوە ناااااااا نااااااا چۆن شتی وا دەبێت …بۆم  دەرکەوت کە من هەمیشە لەسەر زەمیندا ژیاوم … زۆرتری کاتیش ئاگام لەجەنگەڵ بووە…ئایا من نگابانی جەنگەڵم؟ … من کە هەمیشە دڵم بۆ گەل و جەنگەڵ ڵێی داوە ئیتر لە سوتاندام و خەریکم ببمە خوڵەمێششش……مێێێێش….خوڵەمێێێێێێشششششش…من کە نگابانی گەل و جەنگەڵ بووم….