گۆڕی بە کۆمەڵ
نوری بێخاڵی/ شاعیر/ ڕواندز
جگە لە تۆ،
نە باکم بە جهیان هەیە،
نە بە هیچ کەس
چوون بە بێی تۆ،
بێ نوا و
تاریک و تەنیام
هەر زەوی نا،
گەردوون بە پان و پۆریی خۆی،
کە لێم تەسک و بەرتەنگ دەبێت،
دێتەوە یەک
تۆ دەبیتە نوا و پەنام
مەنوو
کە دەخەویت،
هەر شەوگار نا،
ژیان تەواو تاریک دادێت،
ڕەش و تەڵخ دەچێتەوە
مەخەوە
کە دەنوویت،
هەر چرا نا،
هەموو دنیا خامۆش دەبێت،
دەکوژێتەوە
خەمی شەو نا،
خەمی تۆمە
کە بێدار نیت،
گڕوو بە دار و بەرد دەگرم
بەو خەونە دێم،
تا دوو دەستەکانت بگرم
کە دەتبینم،
هەناسە و دەم،
دڵم دەگرم
تازە کە ترپەی دڵ خاو و
کە هەناسە لە سینەمدا قەتیس دەبێ و
ڕۆح خەریکە لە دوو چاوانم دەردەچێت،
مەڵێ چی بکەم؟
گۆڕەکەم با زۆر گەورە بێت
بە تەرمی خۆم و خەمی تۆ،
بەشی گۆڕستانێک تەرم و
گۆڕێکی بەکۆمەڵ دەکەم