فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

ئێواره‌يه‌ك ئێمه‌ دره‌نگ كه‌وتين له‌ باسى عيشق هيچ بلێين

ئێواره‌يه‌ك ئێمه‌

دره‌نگ كه‌وتين له‌ باسى عيشق هيچ بلێين

.بێکەس حەمە قادر/ شاعیر/ هەولێر

.
ئێواره‌يه‌ و خۆر
ڕه‌نگى سورى ئاوابوونى گرتووه‌
چراكان ورده‌ ورده‌ ده‌گه‌شێنه‌وه‌
توند سه‌رم دێخمه‌ نێوان ده‌سته‌كانم
شه‌قام بێده‌نگ بێده‌نگ
قه‌له‌بالغى له‌ خۆى دوور ده‌خاته‌وه‌
من له‌ نێو خه‌يالان بزر ده‌بم
ئێمه‌ ده‌ڕۆين و ڕێگه‌ ده‌بڕين
ئه‌و قژى به‌ په‌نجه‌كانى
به‌سه‌ر شانيه‌وه‌ په‌رت ده‌كات
فرمێسكه‌كانى سوراوه‌كه‌ تێك ده‌داو
من مژێك له‌ جگه‌ره‌ى نێوپه‌نجه‌ى ئه‌و ده‌ده‌م
به‌ دووكه‌ڵى جگه‌ره‌ تابڵۆيه‌ك ده‌نه‌خشێنم
لوتم پڕ ده‌بن له‌ بۆنى عه‌ترى ژن
گوێچكه‌كانم پڕ ده‌بن
له‌ ده‌نگى گۆرانيه‌كى ڕۆژهه‌ڵاتيانه‌
ته‌ماشاى ئاوێنه‌ ده‌كه‌م و
بزه‌يه‌كى بۆ ده‌كه‌م
ئه‌و ده‌يه‌وێ شتێك بڵێ
چ جوان ناوم دێنێ
گوێى بۆ ڕاده‌گرم هيچ ناڵێ
ئيره‌يى به‌بێ ده‌نگى ئه‌و ده‌به‌م
قسه‌ى بۆ ده‌كه‌م و ئه‌و گوێ ده‌گرێ
ماشێنه‌كه‌ ده‌وه‌ستێنم
منداڵێكى جوان به‌ نێرگزه‌وه‌
سلاو ده‌كا چاوه‌كانى پڕن له‌ چيرۆك
بۆنى نێرگز ژووره‌كه‌ پر ده‌كا له‌ بۆن
نيرگز بۆنى ژن ده‌دا
كه‌ من عاشقانه‌ خۆشمده‌وێ
ئێمه‌ بازگه‌كان ده‌بڕين و گوند و شار جێ دێڵين
پۆليسێكى هاتووچۆ ده‌ستى منداڵێكى گرتووه‌ و ده‌يپه‌ڕێنێته‌وه‌
كاره‌باى تڕافيك ده‌بڕێ و ماشێنه‌كان قه‌له‌بالغى دروست ده‌كه‌ن
سواڵكه‌رێك له‌ په‌نجه‌ره‌ى لاى چه‌په‌م ده‌دا
ئێمه‌ له‌ باره‌ى جه‌نگه‌وه‌ قسه‌ ناكه‌ين
له‌ عيشق ده‌دوێين
تابڵۆيه‌ك چيڕۆك ده‌گێڕێته‌وه‌
شه‌وێك بێ تۆ ته‌نيا بووم
من سه‌رم له‌ نێو هه‌ردوو ده‌ستم توند ده‌گرم
هيز له‌ بوونى ده‌نگى تۆ وه‌رده‌گرم
شه‌قامه‌كان بێده‌نگ بێده‌نگ
قه‌له‌باڵغى له‌ خۆيان دوور ده‌خه‌نه‌وه‌
ئێواره‌يه‌ك ئێمه‌ دره‌نگ كه‌وتين
له‌ باسى عيشق هيچ بلێين