فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

سێ پارچە شیعر

سێ پارچە شیعر

 

وەرگێڕانی: نووری بێخاڵی/ شاعیر/ ڕواندز

١
تۆ بە حەوت زمان قسە دەکەیت
من بە ئاستەم دەتوانم بە زمانێک بئاخڤم
تۆ لووتکەی ئەڤرێست و کلیمنجاڕۆت بەزاند
من بە سواریی جۆللانەی ناو باخچەکە سەرم سوڕا
تۆ ڕۆژانە سێ کیلۆمەتر بەپێ دەڕۆیت،
من تەنانەت ناتوانم تا گەڕەکەکەی تەنیشتمان بڕۆم
تۆ دەتوانیت لەسەر خاچی چیای ڤۆدنۆ ڕووناکییەکان ببینیت
من بۆ جیاکردنەوەی دەنکەبرنج پێویستیم بە چاویلکەیە
تۆ بەدەم خواردنەوەوە شیعرەکانی هۆمیرۆس دەخوێنیتەوە
من وشەیەکی خۆش مەستم دەکات
تۆ بە دوو دەستی ڕووتەوە گوڵی کێوی دەچنیت
من وای نیشان دەدەم گوڵێکی کێویی بچووکم تا ماچم بکەیت
تۆ بەسەر پاسکیلەوە ئەوڕوپا دەگەڕێیت
من بە ڕاکشاوی لەسەر زەوی و
لەناو لاپەڕەکانی فەیسبووکدا سۆراخت دەکەم
ڕۆژەکان ئاوا بەڕێمان دەکەن
ئەوکاتەی لە کێبڕکێ درێژمەوداکاندا مەلەت دەکرد
من لەژێر دووشی گەرماوەکەدا گۆرانیم دەگوت
ئەوکاتەی پەلەت دەکرد بۆ ئەوەی بمگەیتێ
من لە چاوەڕوانیی گەیشتنت، لەناو خەونەکانمدا وشک بووم
چونکە تۆ پڕیت لە چیڕۆک،
من شیعرت بۆ دەنووسم
(مارتا مارکۆسا)
٢
بەڕاست، دووبارە تەنیام
کەمێک خۆشەویستی دەکەم
بڕێک بێدەنگ دەبم
نەختێک ئازار دەچێژم و
پێموایە ئازادم چونکە هەرگیز چارەنووسی خۆمم نەدۆزیوەتەوە؟
(ڤلادمێر هۆلان)
٣
جارێکیان،
کاتێک فرمێسکی تاڵم ڕشتن و
لە ئازاردا هیوام هەڵوەری و لەناو چوو
لای گردێکی ڕووت،
بە تەنیا وەستام و
ژیانمم بە تەنیا،
لە تەنیاییەکدا، کە پێشتر هیچ کەسێکی تەنیا، نەیناسیوە،
لە شوێنێکی تەنگ و تاریکدا ناشت
(نۆڤالیس)