فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

خولانەوەی روحێک لە گەشتە نەبڕاوەکەیدا

خولانەوەی روحێک لە گەشتە نەبڕاوەکەیدا

کورتە چیرۆک.

دڵشاد شەفيق عەبدوڵڵا/ چيڕۆکنووس / کەرکووک

 

هەموو رۆژێک کە لەماڵ دەهاتە دەرەوە بە نیازی تێڕامان پیاسەی دەکرد و هەمان ئەو کێشە ئەزەلی و وجوودیانەی تاوتوێ دەکرد و لێی ورد دەبووەوە، کێشە و ئازارەکانی ئەوانی دی بووبوونە خەیاڵ و خولیای سەرەکی ئەو و بۆ چارەسەرێک دەگەڕا لانیکەم شتێک لە ئازار و مەینەتیيەکانیان کەم بکاتەوە، بەڵام ئەمجارەیان بابەتەکە بە تەواوەتی جیاوازە، ئێستا ئەوە ئەوانی ترن کە کێشە بۆ ئەم دروست ئەکەن و هەڵبەست و تانەی لێ دەدەن و هەوڵی ناشیرین کردنی دەدەن. کە گەیشتە سەر پیادە پردی سەر رووبارەکە رووی کردە خۆرەکە و کەوتە دواندن و بانگهێشت کردنی روحی مردووە ئازیزەکانی بە هیوای ئەوەی چەند کۆدێکی لە وانەوە پێبگات و چارەسەرێک بۆ دۆخی نەخوازراو و قەیراناوی خۆی و مرۆڤە بەدبەختەکانی تر بدۆزێتەوە، لە پاش نزاکردن و هەوڵی بینینی تروسکاییەک لە رووناکی یەزدان، جۆشێک بەخێرایی بە دڵیدا تێپەڕی و لەگەڵ یەکەم بریسکەی رووناکی وەڵامی یەکەم کۆدی دەستکەوت کە دەبێت دەستبەرداری هەموو رازیکردنێکی ئەوانی دی بێت، چیتر لە خەمی رازیکردنیان نەبێت، دەبێت کارەکان ئەنجام بدات و چاکەی خۆی بکات و چاوەڕوانی پاداشت نەبێت، لە سزا و تانە و تەشەر نەترسێت، خەمی داهاتوی نەبێت، ئەو تێگەیشت کە کێشەی بوونەوەرەکان نەبڕاوەن، کۆدێک ئەوەی نیشان ئەدا کە خۆشەویستی دەبێت بێ مەرج بێت و گشتگیر بێت وەک یەکتابوون، دەبێت درەوشاوە بێت وەک تیشکی ئەو هەتاوەی کە لە تاشە بەردەکانی دەدا و ئەبریسکایەوە، بۆیە بڕیاری خۆی دا و شانی رووبارەکەی گرت و تا گەیشتە ناوەندی شارەکە و لە چاخانەیەک دانیشت کە بیست ساڵ زیاتر بوو سەردانی نەکرد بوو، لەپاش خواردنەوەی چاکەی هەموو دەردە دڵەکانی خۆی هەر لەوێ نووسییەوە و هیوا و ئومێدەکانی خۆی کردە پەیڕەو و پڕۆگرامی داهاتووی خۆی و بەتەواوەتی لەوە گەیشت کە مرۆڤ هۆشمەندترین بوونەوەری سەر زەوییە لەچارەسەری کێشەکانی، بڕ ئیرادەترینیانە گەر باوەڕی بە خۆی هەبێت بۆیە دەبێت بەردەوام بێت و دەستبەرداری رێگا مەزنکەی خۆی نەبێت..

 

‌22/2/2022