فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

هەڵاتن

هەڵاتن

نەجات ئەحمەد/ شاعير / هەولێر

 

ئێمە لە نیشتیمان هەڵدەهاتین و

لە ڕێگادا بەکۆمەڵ “ئەی ڕەقیب”مان دەگوتەوە

لە غەریبیدا

نەفرەتمان لەو ساڵانە دەکرد

کە نیشتیمان لێی دزین

کەچی لە سەیری

دیمەنی فڕینی نەورەسەکان و

شەقامەکانی غوربەت

گوێمان لە “ماملێ و سیاچەمانە” دەگرت.

لەوێ لەناو کۆڵانە ڕەنگاوڕەنگەکاندا

بەسەر جەنازەی خەونەکانماندا دەگریاین.

لەوێ، کە دەمردین تەرمی خۆمانمان دەناردەوە و

ڕۆحمان لەناو جەنگەڵەکاندا جێدەما.

 

لەناو میترۆ و شەمەندەفەرەکاندا

دڵمان لای ئەو پاسانە بوو

کە دایما تێیاندا بە پێوە دەوەستاین و

لایێکی جەستەمان لەدەرەوەبوو.

لەژێر دووشی گەرماوەکانمان

خەیاڵمان لای ئەو جامە ئاوە گەرمەبوو

کە دایکان دەیانکرد بەسەرماندا.

 

ئێمە لێرە دەگریاین

لەتاو ئازار

لەوێش لەتاو غوربەت،

ناڵەمان گوێی شەهیدی کاس دەکرد.

لێرە، لەم نیشتیمانی خەون و خوێنەدا

خەیاڵمان کزەی دەهات لەوێش،

لەم بەهەشتە غەریبەدا

شەو نەبوو کابووسێک خەومان لێ نەزڕێنێ.

 

کچە ڕەشتاڵەکانی ناو داڵانەکانی زانکۆ و

هۆڵی محازەڕەمان دەهاتنەوە بەرچاو،

کاتێ کچە باڵابەرزە چاوشینەکانمان دەدیتن…

 

لەوێ، لەم دارستانی خولیا و ئاگرەدا

دڵمان لای ڕیزە هەناری مزر و

ئەسپینداری باڵابەرزی دەم ئاوەکانی وڵات بوو.

لەوێ کاتێ بەدەم سەرماوە

پەنجەکان سەمایان دەکرد،

ئێمە دەڕۆیشتینەوە نێو خەیاڵی

هەڵبەز و دابەزی ئامێزی کۆڵانە تۆزاوییەکانی منداڵیی.

 

نەفرەتمان لە دکتۆرە پیر و

کەترەکانی پشت مەلزەمە سواوەکان دەکرد،

کاتێ خەریکی ئەزبەرکردنی

وشە سارد و تێکئاڵاوەکانی باکوری زەمین بووین.

لەناو ڕێستۆرانتە بریقەدارەکانی لێواری دەریا،

کاتێ کچۆڵەیەکی قژ زەرد

خواردنی دەریایی لەپێش دادەناین؛

ئێمە بۆ ئەو قاپە شۆربایەی دەستی دایکانمان دەتلاینەوە

کە بۆنی دەگەیشتە ئەوسەری کۆڵان

 

لەنیشتیمان هەڵدێین،

وەک هەڵاتنی خۆر لە لە ئامێزی ئاسماندا؛

کەچی لەوێ گۆرانییە نەتەوەییەکانمان

دەخەینە سەر دیمەنی کۆڵانەکانی غوربەت.

 

لە کوردبوونی خۆمان هەڵدێین،

کەچی لەوێ،

لەخاکی دوژمنە قەدیمییەکانماندا

هاواری سەربەخۆیی نیشتیمان دەکەین.

لەکوردبوون هەڵدێین و

نازانین چی لە یادەوریمان بکەین،

چی لە جێژوانی لاویی و ڕێگای قوتابخانە و برادەری بەجێماومان بکەین!؟

 

هەڵدێین، ڕادەکەین،

هەزارویەک سنور دەبڕین و

لەدەرگای هەزار مەرد و نامەرد دەچینە ژوورەوە،

بەڵام چاو دەگێڕین

ئاخۆ ڕۆژێک گەڕیدەیەک لەوێوە دێت

تاوەکو شوشە عەترێکی سینگ و بەرۆکی دایکانمانی لێ بخوازین…

چ داخێکی گرانە،

چ خەمێکی قورسە، دەڕۆین،

بەڵام ئەوەی لەگەڵمان دێت تەنها گۆشت و خوێن و ئێسقانە؛

هەرچیمان هەیە

لەپشتی هەنگاوەکانمان جێدەمێنێ..

دەڕۆین، بەڵام هەرگیز ڕانایەین…

 

بەڵێ، ئەوە منم،

نە لێرە ئارام دەگرم و نە لەوێش ئۆقرە

ئەوە منم، منی کورد،

کوردێکی بێجێ بێماڵ و بێڕێ

لێرە تینوو و لەوێش کۆتری باڵشکاوی سەرەڕێ…