فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

لە مانگە شەودا

لە مانگە شەودا

چرۆ زەند/ نووسەر / کەنەدا

 

 

لە یادمە کاتێ منداڵ بووم، ئێواران لە باخچەکەی ماڵەوە، سەیری ئاسمانم دەکرد. لە حەوشە گەورە  و ڕازاوەکەی ماڵەوە، هەندێجار لەسەر چیمەنەکە پاڵ دەکەوتم بۆ بینینی جوانی ئاسمان.  کاتێ تیشکی مانگ دەردەکەوت، ئەستێرەکانم دەبژارد لە سەرەتا بۆ کۆتایی. لە هەژماری ئەستێرەکاندا ون دەبووم، لێم تێک دەچوو، بۆیە دیسانەوە دەستم دەکردەوە بە ژماردن. لە سەرەتاوە بۆ کۆتایی، لە یەکەم ئەستێرەی نزیک لە مانگ و دواتر ئەو ئەستێرەیەی کە لە ئاسمانی دوور لە مانگەوە دەمبینی، کاتێ مانگ دوورتر دەکەوتەوە لە چاوی مندا لە ناوەڕاستی ئاسمان بوو.  لەو گەردوونە جوانەدا جوڵەی ئەستێرەکان  بەردەوام  لە سەمایەک دەچوو، سەرنجیان ڕادەکێشام. هەندێجار ئەستێرەیەک دەردرەوشایەوە، لەپڕ دەکشا، ڕووناکیيەکی درێژی لە پشت خۆیەوە جێدەهێشت.

 

لەو کاتەدا، ڕام دەکردە لای باوکم و پرسیارم لە جوڵەی ئەستێرەکە دەکرد. باوکم بە زانست و حیکمەتی خۆی، بۆی ڕوون دەکردمەوە کە ئەم ئەستێرەیە دەتوانێت ژیانی کەسێکی گرنگ بێت، ئەو کەسەی کە خزمەتی میللەتەکەی دەکات؛ لە کۆتایی ژیانیدا، ڕۆحی دەمێنێتەوە بەرە و ئاسمان هەڵدەکشێ، بەرهەمەکانی درێژ دانە بە نەمری . هەروەک ئەستێرەکە کارەکانی نمایشت دەکات، کارەکانی ڕووناکی بەدەورووبەر دەبەخشێ و پاش خۆی بەجێی دێڵێ. ڕوونکردنەوەکەی باوکمم زۆر لا پەسەند بوو ئەو زۆربە خۆشەویستی لێی دەدوا خەیاڵمی فراوان دەکرد. لە هزر و فکرمدا ئاواتم دەخواست  کە یەکێک بم لە ئەستێرەکان و بە جوانی کشانی ئەستێرە لە مانگە شەودا بە ئاسماندا بەباڵ بفرم بگەمە لای ئەستێرەکان.

تا زیاتر لێم دەڕوانی  مانگ پرشگندار تر دەبوو، مانگ بەردەوام دەبوو لە پەخشی جوانيیەکەی، مانگە شەو ئیلهام  بەخش بوو بۆم. لە هزرمدا وێنەی شاخێک، ڕووبارێک، ڕووخساری مرۆڤێک، نەخشەی جیهان و چەندین وێنەی دیکەم  لە خەیاڵدا دەنەخشاند لە مانگدا، لە هەر گۆشە نیگایەکی ئاسماندا جوانیيەکم بەدی دەکرد لەو مانگە شەوەدا.  تاو تاو مانگ نزیکتر و نزیکتر دەبوەوە. جوانیيەکەی لە ئاسماندا دەدرەوشایەوە، منیش لەو خەیاڵە قووڵەدا، بە جیهاندا دەگەڕام و لە نزیکەوە ئاسمانم دەبینی. لە خەیاڵی منداڵیدا دەبوومە باڵندەیەک دەفڕیم؛ باوکم  لەو فرینەدا یارمەتی دەدام. لەسەرەتا باڵی پەپوولەیەکم هەبوو پاشان باڵەکانم بەهێزترو بەهێزتر دەبوو تا توانام تێدا بوو دەفڕیم، نزیک بە کۆلارەکان دەبوومەوە لە ئاسماندا مانگم لە نزیکەوە دەدیت، پاشان خەندەیەکم بۆ باوکم دەکرد، لەو کاتەدا یەکێک بووم لە دڵخۆشتریین منداڵانی دنیا.

ئێوارەیەک، تاریکوڕوون، پێش مانگە شەو، ئەو کاتەی باڵندەکان بە پۆل  دەفڕن،  دووبارە من چاوم لە جوانی باڵندەکان دەکرد، لە سەمادان  بەڕیز لە ئاسماندا کۆچی سەر و خواروو ژووریان  دەکرد لە کوێستانی سارد بۆ گەرمیان. باڵندە بەهێز و گەورەکان بەچکەکان فێری باڵەفڕە دەکرد. هەندێ جار نزم دەفڕین لە شێوەی ژمارە حەوت ریز بەندیان دەکرد، دەفڕین تا کێشی با کەم کەنەوە لەسەر باڵندە بچووکەکان، کۆتا بەم شێوەیە پێش خورئاوا بوون دەگەڕانەوە بۆ هێلانەکانیان.  ئەوە ئەو کاتەیە کە دەمەوێت بگەڕێمەوە بۆ ماڵی منداڵیم بۆ سلێمانی بۆ کوردستان کە مەزارگەی تۆی لێیە. کات لەوێ وەرزی گووڵە  خۆرئاوابوونە. لە کاتێکدا لێرە  لە شوێنی من لە هەندەران سەرما وەرزە، گەڵارێزان، گەڵاکان بە ڕێژنە دەکەونە خوار. من  وەک باڵندەیەکی کۆچبەر خوازیارم  لە بەرزاییە ساردەکانەوە وەک باڵندکان  بفڕم بەرە و وڵاتی خۆر بۆ ڕۆژهەڵات، بۆ نیشتمانی پڕ لە خۆر.  بفڕم لەگەڵ باڵندەکان بۆ مەزاری تۆ لەم خۆرئاوابوونەدا. ئێستا تۆ دووری لە من، لەم دووریەدا لەهەندەران وێنەی ڕووخسارت لە ناو مانگدا دەبینم. وێنەکەت ترسی من لە ڕۆژەکە لادەبات. ترس لەو کەسانەی کە ئازاریان دام لە کەسی دڵ ڕەق ومێشک سەربازەکان کە هەردەم لە شەردان. شتگەلێکم وەبیردێتەوە جارجار دڵم بە پەلە لێدەدا لە ترسان، هەندێ جاریش لە ئێوارەدا لە ترسێکی بەردەوامدا دەژیم  لەوەی کەسێک بەدوامدا دێت، ئازار بە جەستەم دەگەیەنێ، پرچم ڕادەکێشێ، ڕەنگە هاوسەرم، ڕاوچییەک، تیرۆریستێک، سیخوڕێک، ناحەزێک، کەسێکی دڵ پڕ لە قین بێت. بەڵام کاتێک ڕووخساری تۆ  بەهێوری بە زەردەخەنەیەک لە تریفەی مانگەشەودا دەبینم،  لەوکاتەدا ترس لە من دووردەکەوێتەوە، ترسم لە بیر دەچێتەوە، پاش دیتنی وێنەکەت منداڵیم دێتەوە یاد، من چیتر ناترسم لە ژیان لە مانگە شەودا.

 

بەهاری ٢٠٢٣ کەنەدا

https://chrozandauthor.com