من و ئاوێنەكەم
ڕێزان محەمەد/ شاعير / سلێمانی
من و ئاوێنەكەم شێتین
لەگەڵ یەکتری دەجەنگين
ئەوکاتەی ئەو بەکوڵ دەگری
من بە قاقا پێدەکەنم
کەئەودەڵێ وەرە
سووراوی لێوانت تۆخکەمەوە
من پەردەیەک
لەسەر ڕووخساری دادەنێم
بۆیە دڵی لێم دەڕەنجێ و
ڕووی زیوینی دەسوڕێنێ
بەڵام ناچار كۆتايى ڕۆژ
ماچێکی ڕۆخساری ئەکەم
یان ئەو دەستێک
بە بەسێبەری پرچما دێنێ و
بەئاوێزان خەمەکانمان بەبا دەدەین
بەڵێن دەدەین
ئاشتبینەوە دووپەیکەرین
من شەختەیەکی قەندیل و
ئەویش کەلـلەی قەندی سەقز
دەبێت شەوێک لەناو دەریای
ئەوینی ڕۆح بتوێینەوە
دەنا دەبێت
هەموو ڕۆژێک
بەگژ ژووان و ئاوێزان
بەگژ خەندەو پێکەنیدا بچینەوە