فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

شیعرێکی مەولانا

شیعرێکی مەولانا

كوردییەكەی: پشكۆ نەجمەدین/ شاعیر و نووسەر/ سوێد

کە سەرتاپام، نوقمی گڕ و ژیڵەمۆ بوو،
ئیدی زانیم، هەموو جەستەم، نغرۆی
ئاوی وەسڵی یارە!
پێم گوت: ئێستا، تا گەردنم، لە لوتفی تۆدا شەڵاڵم!
ئەو ناڕازی و گوتی:
“سەر”ت لە جێی “پێ”یەکانت دانێ،
خۆت بهاوێ قووڵاییی عیشق،
ئەمجارەیان، مل و گەردن، دادت نادەن!
گوتم: سەرم، ئەزیزی من: کەوشەکانت!
گوتی: نابێ!
تۆ لەو دڕکە گزگلتری،
لە چاوەڕوانیی گوڵێکدا،
کە نۆ مانگان، هەتا گەردن،
لە زەویندا، داپۆشرا بوو،
چاوەڕوان بوو!
گوتم: دەبێ دڕک چی بێت؟
من گوڵێکم،
لە حەسرەتی باخچەی تۆدا،
تا گەردن، شەڵاڵی خوێنم!