فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

شیوژاڵە و ….شتی دیکە

شیوژاڵە و ….شتی دیکە

عەبدوڵڵا سەڕاج/ نووسەر / فيلاند

 

بەو ناوەوە چیرۆکێکم لە گۆڤاری بەیاندا بەر لە ٤۰ ساڵێك بڵاوکردەوە. مەلا ناسیح لەگەڵ ۱۰ تا ۱٥ پێشمەرگەوە کە نیوەیان بێچەك بوون شۆڕ دەبنەوە بەرەو ناوچەی شوان و شێخ بزێنی. لە خوارووی دێی مۆرخواردەی سەروودا شیوێکی ئاودار هەبوو بە ناوی شیوژاڵە پەنایەکی ئەو شیوە دەکەنە بنکەی خۆیان. لەوێ بووم کە لیژنەی شوان و شێخ بزێنی پێکهات لە : شێخ جەبار ساڵەیی و من و مەحموود حاجی ئەحمەد، گوندەکانی ئەم دیو و ئەو دیوی خاڵخاڵان بەر من کەوت لە مۆرخواردەوە بۆ ئیلنجاغ و قەرەناو.

ئەوە بوو پێشمەرگە پەرەی سەند و سێ لق و بنکەیەکی لێ جیابووەوە، بنکەی ( حوشترمل) لە نزیك دێی کارێزە، شوکر قادر سەر لقی بوو. بنکەی ( سەیدان) کە کوێخا شەریف بەپرسی بوو لە شوانی سەرخاسە، بنکەی سێیەمیش لە شێخ بزێنی بوو لە نزیك گوندی ( گەند ئاغاج). بەندە کرامە بەرپرسی سیاسی لە بنکەی (سەیدان) و ئەوسای بووە سێ لق، و نیمچە ئەشکەوتێك بارەگامان بوو لە نزیك ئاوایی (خولەگەڕ ) بنکەکە بە ناوی شەهید مەئمون دەبباغەوە بوو.

ئەفسەری دوو ئەستێرە (سوبحی باڵتە)یی بەرپرسی سەربازی بوو. جێگەی خۆیەتی کە ئاماژە بۆ شەهیدکردنی ئەم کەسە و ئەسعەد شێخ بزێنی بکەم. ئەگەر گەمژەیی سیاسی نەبێ چۆن دوو موستەشاری سەربازی سەر بە ڕژێم دەچن بۆ سەردانی مام جەلال لە شەقڵاوە !!! ئەڵبەتە سیخوڕێك (ك . ج) زانیاری بە میری دەدا و لە یاریگەی کەرکوکدا هەر دووکیان گوللەباران کران.

بەندە و سێ کەس لە ۱۹٦۰ی سەدەی ڕابردوو کراینە یارمەتیدەری لێژنەی ناوچەی پارتی ئەسعەد شێخ بزێنی لەلایەن فەرمانبەران و عادل عیزەت لەلایەن قوتابیان و، مەلا عەبدوڵڵای گچکە لە جووتیاران و منیش لە مامۆستا و ڕۆشنبیران، ڕەوانی شەهیدان شاد بێت.

بۆ خەندەی لێو یەکێك لە پێشمەرگەکانی شیوژاڵە ڕووی دەکاتە مەلا ناسیح و ئێژێ: خۆ سەرین و دۆشەکمان نییە !! مەلا ناسیحش ڕوو بەخەندە پێی دەڵێ: بابم هەروو بەردێی نەرم لەو چەمە بدۆزەرەوە بۆ ژێر سەرت. ئەوسا بەو بەردە پان و لوسکانەمان دەووت، بەردی نەرم کە پشتێنەکانمان لە سەر دائەنا و ئەو دوایی لە خۆمان دەئاڵاند. خۆراکیشمان بەیانی و ئێوارە نان و چای بوو، ژەمی نیوەڕۆيش نان و ماستاو بوو..