فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

داربەڕوو لە خەودا

داربەڕوو لە خەودا

بەختيار عەليزادە/ نووسەر / ئەڵمانيا

ئەوەی لە هەور بەجێما

چەند دڵۆپەبارانێ بوو

دوای بارانیش

لخێ نێرگز هات و وتی

ئەمن نێردەی گژ و گیام و

ناویان لێناوم بەهار

هاتووم پێتی ببەخشم

ڕەچەڵەکی ئاوەدانیی و

ساماڵێ بۆ ئاسمانی شار

لێرەم هەتا پێتی بڵێم

ببە بە هەرچی گیاندارە

هەرچی خشۆکی بە ژارە

ببە بە هەوراز و نەوی

ببە مڵەی ژێری زەوی

دەبی بە هەر چی، دەی ببە، بەڵام مەبە

نە بە دووپشک و نە بە مار

خۆت مەگەزە، بە فەرمان و ویستی زۆردار

دەبی بە هەر چی، دەی ببە، بەڵام توخوا

لە دژی یەک مەبە بە دوو

بۆ ئاگری کەوشەنی خۆ، مەبە بە فوو

لێڵی مەکە ئاوی ڕووبار

لە فەلسەفەی ژمارەدا، یەک بمێنە و

مەبە بە چوار

مەچۆ ترۆپکی سەر دارێ

کاتێ یەکێ دەڵێ بچۆ و

خەریکە خۆی دێتە خوارێ

چوونەسەر سەرکەوتن نیە لەو دەمەیدا. نەچوونەسەر، سەرکەوتنە و بمێنیەوە لە پای دارێ

دوو ڕوو مەبە، یەک ڕووتان بێ

شەرمن مەبە، هەرچی هەیە و

هەرچی پێویستە بگووترێ، لە ڕووتان بێ

بۆ بەرگریی دامەمێنە

لە ئاست دوژمن، هەرگیز سەرت دامەنوێنە

دەست بە سینە بۆی مەوەستە

سەربڵیند بە، قیت بوەستە

لە دزینی خاک و مەوەتەن، با چاوت مۆڵەقە نەبێ و

لە دەست و پێی دزی ماڵت ڕامەمێنە

بۆ تاڵانی سەروەت و سامانی وڵات، پرچی دزی خۆماڵیی، قەت دامەهێنە

لە ڕووتان بێ، دەستیان بگرە

دامەمێنە، ببە مەقەست، پەنجە ببڕە

بڵێ ئێرە ماڵی منە

ناپاک مەبە، بەرووبوومی خەرمانی خۆت قەت مەفرۆشە بۆ دوو شایی

بێباک مەبە، خەنجەر لە پشتی برات مەدە بۆ بژیی و بارەقەڵڵایی

خۆت ڕاسپێرە بۆ کەلامێ

گوێم شل کردووە بۆ وەڵامێ

چۆن داربەڕوو تێراو دەبێ، کاتێ ڕیشەی

شاڕێی نەبێ لە ناو ڕوح و دڵی تۆدا؟

چۆن سێبەر دەکات شۆڕەبی، کاتێ خۆی ببێتە تەور

و هەڵزنێ بە جەستەی خۆدا؟