بێ وڵات
ڕەسوڵ سوڵتانی/ شاعیر/ کەنەدا
كێن ئەوانەی خوایە لەم دنیا و ژیانە بێ خەمن
كێن ئەوانەی دوور لە كۆست و رێی چەتوون و ئەستەمن
خەم كراسێكە و لە باڵای شیعری من نابێتەوە
لووتكە سەربەرزن بەڵام داماوی دەس هەور و تەمن
من كە شای شاری خەمم بۆ ماتەمینی ژینی خۆم
لەشكری پیت و وشەی پاراو هەموو پێشمەرگەمن
خۆزگە چاوم كوێر و دەستم كۆڵ و گوێچكەم كەڕ ببان
ناوی پێنووس و كتێبم هەر نەزانیبا ئەمن
كورد دەڵێ بەرد هەر لە جێی خۆی قورسە تازە تێگەییم
چەندە سووكن ئەو كەسانەی بێ وڵات و پەرچەمن
زۆر گرانە دەردی بێ ماڵی و خەمی ئاوارەیی
بەختەوەر ژیاون ئەوانەی وا لە ژین خاترجەمن
تۆ لە كۆشكی بێخەمیدای، بۆیە هەر خۆم شارەزام
چەند بە ژانن ئەو برینانەی لە ناخ و جەستەمن
من بە زەردە و پێكەنینێ ناخی خۆم شاردۆتەوە
با لە دەردم تێنەگەن قەت ئەو هەڤاڵانەی هەمن
چاوەڕێی مەرگم لە دەست ئەم ژینە رزگارم بكا
خۆ ئەویش روو وەردەگێڕێ و دیارە رازی نیە بە من