فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

 خەونەکەی لیدیا

  

 خەونەکەی لیدیا

 

چرۆ زەند/ نووسەر / کەنەدا

 

 

پێشتر لیدیام نەدیبوو، یەکەم جار لەسەنتەری سەرا بەدیداری شاد بووم. پێدەچوو لەمێژ بێت یەکمان دیبێ و ناسیبێ. هەر زوو بەرەو ماڵی خۆمان بە پیادەڕەو بەڕێکەوتین. لەبەر دەرکی سەرا، وتی من هەر ئێرە بە سلێمانی دەزانم.  سلێمانی مانای ناوەندی شار و بەردەرکی سەرا، بەدەم گفتوگۆوە گەیشتینە ماڵەوە. بڕێ چاوی گێڕا بەماڵەکەدا وپاشان دەستی کرد بە گێڕانەوەی خەونەکەی. لیدیا دوو ئەلقەکەی دەستی نیشان دام وتی: یەکەمیان ئەلقەکەی خۆم، دووەم هی ئەو. خەونەکەم دەگێڕمەوە، خەونێکی سەیر، هەرگیز لەیادی ناکەم، هەرکاتێ بمەوێ بیگێرمەوە هەمووی وەک خۆی دەگێڕمەوە. لیدیا غەرقی گێڕانەوەی خەونەکەی بوو هەروەک شەوی ڕابردوو ئەو خەونەی دیتبێ. خەونەکەی تراویلکە بوو، ئەفسانە بوو؟ نا خەون بوو، خەونێک لە ڕاستی دەچوو، ڕووداو بوو، چیرۆک بوو، بەسەرهات بوو، بەسەرهاتی لەدەستچونی خۆشەویستەکەی بوو لەو خەونەدا.

 

لیدیا: دواجارکە خواحافیزیم لێکرد، پێش ئەو کاتەی بۆ شاخ بگەڕێتەوە. فرمێسک وەک ڕووبار بەچاومدا دەهاتنە خوارەوە.

– شاسوار پێی وتم مەگری،

-وتم، ناگریم، پێدەکەنم،

-شاسوار نزیکی دەرگا بوو، براکەی بانگی کرد وتی شاسوار وەرە،

-منداڵەکان وتیان کاک کمال مەڵێ شاسوار. نەبا کەسێ گوێی لەو ناوە بێ!

-شاسوار ناوی جیاوازی هەڵدەبژاد، ناوی خوازراو بۆ پارێزگاری لە ژیانی خۆی.

-شاسوار ڕۆی،

-ئەو شەوە خەونێکم دیت، لەخەونمدا:

لەسەر ڕووبارێک بووم، لە ڕووبارەکانی ڕووسیا دەچوو، لەشم سووک بوو، لەوە دەچوو بفڕم یان

دەفڕیم  لەگەڵ شنەی دەریاکەدا، شنە بای کەنار ڕووبارەکە پاڵی پێوەدەنام شەپۆلەکانی دەیانجوڵاندمەوە. پردێک دروست بوو پردەکە تا ئەو سەری ڕووبارەکە بوو، من چوومە سەر پردەکە، دیتم شاسوار بەرەو ڕووم دێت. من کراسێکی شینی ئاسمانیم لەبەردابوو، ناوەندی باریک بوو، لەدامێندا کلۆش، پرچێکی درێژ، زەردی ئاڵتوونی پڕچم بەردابووەوە. ڕۆح و لەشم سووک بوو. ئەفڕیم، لەوەدەچوو شەپۆلی ڕوبارەکە بمجوڵێنێ و نزیکم کاتەوە لە ناوەڕاستی ڕووبارەکە. ویستم بە سەر پردەکەدا زیاتر بڕۆم، نزیک ببمەوە، قاچم چەقی، وەک قوڕقوشم قاچم نووسا بە پردەکەوە، بەزەحمەت قاچم بۆ دەجوڵا، شاسوار لەوبەری پردەکە بوو. من ویستم زیاتر بڕۆم بچمە پێش، شاسوار دەستی هێنابوو، دەستم بگڕێ من قاچم هێندە قورس بوو نەم دەتوانی بڕۆم، دەستم نەدەگەیشتە دەستی، لە ناوەڕاستدا پردەکە تێک چوو، قرچە قرچی دەکرد، هاوارم دەکرد، دەمویست پێش ئەوەی بەشەکەی دیکەی پردەکە جیا بێتەوە، دەستم بگاتە دەستی شاسوار، شاسوار ویستی باوەشم پێدا بکات، دەستی هێنا من بەخەبەر هاتم. من نەم دەویست لەو خەونە خەبەرم بێتەوە. دەمەویست بنووم جارێکی تر تا خەونەکەم دێتە دی. بەڵام ئەوە ڕووی نەدا.

 

چەند ڕۆژێ دوای ڕۆشتنی شاسوار، نامەیەکم پێگەیشت بە دەستوخەتی خۆی نووسرا بوو، منیش وەڵامم دایەوە. ڕۆژێک کاتی نان خواردن بوو، پێدەکەنین و باسمان لە نامەکە دەکرد، خۆشحاڵ بووین کە هەواڵی ئەومان پێگەیشت.  نیو سات دوای ئەو باسە، دەنگێ لە ناو شاردا بڵاو بووەوە، وتیان شەهید کرا، شار خرۆشا هەموو سلێمانی پێی زانی، دەنگۆی شەهید بوونی هەموو شاری داگیر کرد. شاسوار شەهید بوو، خەونەکەم وەبیرهاتەوە، ئەو خەونەی دەمویست خەبەرم نەبێتەوە، دەزانم کە مرۆڤ لە خەون خەبەری نەبووەوە مانای وایە دەمرێ، کەچی دەمویست بگەڕێمەوە بۆ ئەو خەونە.

 

پاشان وەفدێ لە پارتەوە هات وتی دنگۆکە هەڵەیە، شاسوار شەهید نەبووە، کەسێکی تر شەهید کراوە.

من نامەم نارد هیوام وابوو وەڵامم هەبێت. ئەگەر شاسوار لە ژیاند مابێت وەڵام دەداتەوە، ئیمزای خۆی دەنێری و دەڵێ من لە ژیاندام، بەڵام وەڵام نەبوو. کێ کوژرا نادیار بوو، من لەم دنیا و ئەو لەو دنیا چۆن هەواڵ بزانم، لە پێشدا نەیان هێشت پرسەی هەبێ، بەڵام دوایی پرسە دانرا لە ماڵی خەزورم بوو.

 

خوشکەکانی ( مەلیح و وەزیرە) کەوتنە سۆراغی کوشتنی چوون بۆ لادێکە (تەنگیسەر)، تا خەڵکی گووندەکە هاوکاریان بکەن.  ئەو کاتە یەک ئوتۆمبیل هەبوو. دوو خوشکەکە بەو ئوتۆمبیلە ڕۆشتن لە ناو ئوتۆمبیلەکە باسی شاسوار دەکرا چۆن کوژراوە، بێنە بەر چاوت دوو خوشک گوێیان لەو ڕاستیەیە و ناتوانن بڵێن ئێمە خوشکی ئەو شەهیدەین.  سات ونیوێک گوێیان لە کوژرانی براکەیان بوو بێ ئەوەی بتوانن هیچ بڵێن. دوو خوشکەکە وێنەی من و شاسواریان پێ بوو، تا پێشانیان دەن بەدوای شەهیدا  بگەڕێن. تا دڵنیابن و بزانن کێ کوژراوە.  خەڵکی گووندەکە وتبوویان ئێمە وێنەمان بۆ چیيە بۆچی ئێمە نازانین کێ کوژراوە.  شاسوار کوژراوە. ئەگەر پێویست بێت قەبرەکە هەڵدەینەوە ئەوە ئێمە ئامادەین ئەو کارە بکەین. خەڵکی گووندەکە خوشکەکانیان بردە سەر قەبرەکەی. شەو لەوێ مانەوە، ئێوارەی ڕۆژی دوایی کات دەوروبەری سێ و چوار بوو گەڕانەوە.

 

من ئەو شەوە چاوەڕوانی خوشکەکان بووم تا هەواڵێک بێننەوە، خەونم دیت مانای خەو ڕوونە، ئەوە ڕاستی بوو، من لە باخێکی زۆر گەورەدا بووم، کۆشکێکی ڕازاوە لە ناوەندی باخەکە بوو، گەلێ جوان بوو، من  بەرە و کۆشکەکە ڕۆيشتم چوومە ناو (ئەلیڤەیتەر) بڵند کەرلەپڕ کەتمە خوارێ و شکا. ئەوە ڕوونە، من خۆشەویستەکەم نابینمەوە کەوتمە خوارێ.

 

-زامێک هەیە ئەوەی نەهێڵن دەموچاوی هاوژینەکەت ببنی بیناسيیەوە، ببێتە راستی لەلات. دەزانی من تا ئێستايش باوەڕناکەم. مەیتیان هێنا بەڵام من مەیتم نەدی، نەیان هێشت قسە بکەم بواریان نەدەدام بچمە پێش، من ڕاما بووم، حەپەسا بووم. ژنەکان لە خۆیان دەدا، ئەوە لە کەلتووری ڕوسیادا نيیە. من واقم وڕمابوو، نەم دەتوانی بگریم فرمێسکم نەبوو، وەک بەرد ڕەق ڕاوەستابووم، عەقڵم وەری نەدەگرت، کە ئیتر ئەو مرۆڤە نابینمەوە. ئێستايش قسەکان لەمێشکمدا وەک خۆی ماون. من چوومە باخە گەورەکە لەوێ بە کوڵ گریام. کوژرانەکە ڕاستی بوو شاسوار کوژرا بەڵام ستەمە باوەڕبکەم. دڵ هەرگیز باوەڕ ناکات، هیوا نابڕی. چۆن؟ کەی؟ لەکوێ؟ بۆ؟ کێ کوشتی؟ هەمووی پرسیاری بێ وەڵام بوو بۆم.

 

شاسوار ئەلقەی نەبوو تا پێم بدەنەوە، من دوو ئەلقەم کڕی یەکێکیان پلاتین و ئەويتر ئالتوون، یەکەمیان پلاتینەکە بۆ شاسوار بوو، ئاڵتوونەکەيش بۆ خۆم. دواجار دامە دەستی لە پەنجەی کرد. بڕێ گەورە بوو بۆ ئەو. ئەلقەکەی داکەند و من کردمەوە پەنجەی خۆم، نیازم وابوو لە چەند ڕۆژێکدا لە دیدارێکی تردا ئەلقەکەیەکی نوێم پێ بێت و بیدەمێ بیکاتەوە پەنجەی. ئەوە ڕووی نەدا، من هێشتا ئەو ئەلقەیەم لە پەنجەدایە.  ئەوە یادگاری هاوسەرگیری ئێمەیە. هەتا تەمەنم بێت و لە ژیاندا بم ئەو ئەلقەیە لە پەنجەم دەرنایەنم. ئەو جارێک ئەلقەکەی لە پەنجە کرد بۆ ئەوەی تاقی کاتەوە، وتی من دەمەوێ خەڵکی گووند بزانن کە من هاوسەرگیریم کردوە. منیش دڵخۆش بووم بەوە.

 

چەند دڵشکان لەم جیهانەدا هەیە، ئەو خۆشەویستانەی بە هیوان لەم دنیایە بەیەک بگەن بەڵام ئەوە هەرگیز ڕوونادات، ئەوانەيش پێک دەگەن دەڵێن هاوسەرگیری قەبرە بۆ خۆشەویستی، گەلێک لەو هاوسەرگیریانەيش کۆتایی بە جیابوونەوە دێت. خەونەکان بەردەوامە، ڕەنگە دنیایەکی تر هەبێ تێدا یەکتر ببیننەوە، چاویان بەیەک بکەوێ، بڵێی لیدیا لە دنیایەکی تر جیاواز لەوەی تێدا دەژی خەونەکەی بێتە دی دەستی شاسوار بگرێ و ئەڵقەکەی بخاتە پەنجە، پردەکە نەچرێ وباوەش بەیکتردا بکەن.

 

لیدیا هاوژینی سەرکردەیەکی قارەمانی کورد بووە، شاسوار( شەهید ئارام). کێ ئەو ناوەی نەبیستووە؟ کاتێ ناوی (شەهید ئارام) دەهات، هیوایەک لەو بێ هیوایەدا دروست دەبوو. پەیامێکی مرۆڤ دۆستی لە  سەرکردەیەکی خۆنەویست دەبیسترا. گەنج و پیر لە ناو شاری سلێمانی دڵخۆش دەبوو بەو سەرکردەیەکی کەم وێنەیە، دانسقەیە پیادەی شۆڕشی گەلی کوردی هەژاری دەکرد.نەبەزێک، سەرکردەیەک بۆ نەتەوە هەوڵ بدات و بەرژەوەندی گەل ونیشتمان پێش ویستی خۆی بخات.  شەهید ئارام دژی داگیرکەر بوو داگیرکەر پارتی بەعسی عەرەبی سوشیالست بوو بە سەرکردایەتی دیکتاتۆری پێشووی عێراق سەدام حسێن. ئەو دەمە ناوی ئارام سمبۆڵی شۆڕشێک بوو، پەیام و نووسینەکان وژانرای شەهید ئارام ببوونە هاندەرێک بۆ گەلێ لە گەنجانی ئەو سەردەمە وە

پێشمەرگەکانی ناو شار. ناوی ئارام شۆڕشێک بوو، لە پشت چیاکانەوە بە شاخی گۆیژەدا دەگەیشتە ناو ماڵەکان، ناو قوتابخانەکان.

 

چەند ڕۆژێ مامۆستا نەزیرە جەلال نەهاتەوە بۆ قوتابخانە وانەکانمان پێ بڵێتەوە، قوتابیيەکان خرۆشا بوون لە گۆڕەپانی قوتابخانە ئەو ڕۆژەگارە بوو عەوداڵی هەواڵی کوشتنی براکەی بوو.

 

شاسوار جەلال، بەناوی سوارە نووسینەکانی بڵاو کردۆتەوە، ناسراو بە ئارام لە ڕۆژی ١٩٧٨ \١\ ٣١  شەهید کرا، نهێنیەک لە دوای شەهید بوونی مایەوە. ڕاستیەک بووە تراویلکە بوو بە خەون بۆ لیدیا ئەو خەونەی نەیدەویست خەبەری بێتەوە.

 

 

August 12, 2024