فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

دەقی شيعری

دەقی شيعری

شنيا عەبدولمەجيد/ شاعير / هەولێر

 

دەمویست لێرە بیت!

تا دەستەکانتم وەک کتێبێکی پیرۆز،

لە باوەشم بگرتایە،

بمخستبایە سەر زامی دڵم،

هەر ئەو زامانەی… کە تۆو دەستەکانت،

حەکیمی دەردین!

هەروام ویست بوو کە بە شێنەیی،

سەختیەکانمت بۆ بگێڕمەوە…

لام وابوو نۆژداری بۆ هەرچی برینێکمە!

من چی لە گەواهیدەرانی ژوورەکەم بکەم؟

خۆ دەزانم ئاوێنەکەم شاهێد حاڵی

چرکە بە چرکەی نەدامیەکانمە!

وە دەشزانم چەند جار بۆڵوە هێشووی،

ئەشکە گەورەکانمی دیون،کە چۆن

دەڕژانە سەر گەردەنم و…

لە وێوەش بۆ سنگم!

هەموو گیانم دەشواتەوە گریان،

لە نەینۆکەکەوە لێمەوە دیارەو… ئەیبینم!

ماکیاژە درۆزنەکانم چەندین جار،

ماسکێکی درۆیینیان پێداوم و….

ویستوویانە ئەگەر بە درۆش بووە،

بۆ چەن ساتێ بمخەنە، خەنین و

بمخەڵەتێنن!

کاتژمێری ژوورەکەم ڕاستگۆترینی گەواهیدەرە!

کە وردە وردە بەرەو دوا ساتی ماڵئاوایی ژین،

دەستم دەگرێ و…

پەلکێشم دەکا ڕووەو… تەمەن!

چاوم هەر لەسەر دەرگایە

دیدەم بزڕکاوو…خەونم وەدی نایە،

ئاهــ…. دەڵێم ئەوە خوایە،

وەک فریاد ڕەسێ..

وەک فریشتەیێ لێم وەژوور کەویت و

پێم بڵێیت فیداتبم تاقانە، ئەوە خۆمم

نە خەونەو.. نە خەیاڵ،

بەرگی ئەم کۆچە نەگریسەم دادڕی و

بۆ ئەبەد لە نزیکی تۆ دەمێنمەوە!

شەرحی شادیم بۆ بکەو…

مامۆستایێکی بلیمەتی شانۆکارم بە!

وەکو جارانت بە!

تا دەتوانی هامڕازی خەمانم بەو…

ئەو پەرتەوازەییەم، بەکۆتا بێنە،

بە غەمگینیە توڵانیەکانمان بڵێ:

چیدی بە ئێمە ناوەستیت،

دیسانەوە تکا کارم، کە شیتەڵی کەیت،

دەردە پەنهانەکانمان!

سانا نیە ئەو هەمووە بارو کۆزەم،

بە تاقی تەنێ،

میهرەبانانە بە وجودت، هەرەس

بە هەرچی دژواریێکمانە بهێنە،

دەنا هەر لەو دوورەوە لە کۆستم بڕوانی،

دەنگ و باسم دەبێتە حیکایەتێ

بۆ سەرزەمانێ و…

وەک سەربوردەیی خەونێکی بەدی نەهاتوو،

بۆ جحێڵانی دوایی خۆم دەگێڕدرێمەوە!