سەقز
ڕەحیمی لوقمانی/ شاعير / سەقز
گەڵا گەڵا گوڵەکانی بیرەوەریم،
بەسەر سینگی ئەوینباری ئەم شارەوە
سەوز بوون و هەڵوەریون
لە سەر لێوی هەر پەنجەرەی کۆڵانێکی
لە باوەشی هەر درەختی شەقامێکی
چەند چۆلەکەی سادەی عەشق و
پۆلە کۆتری بیرەوەریم
باڵیان گرت و هەڵفڕیون
وا تریقەی پڕ بریقەی فێرگەکانی
ئامێزی پڕ ڕەنگ و ڕازی پارکەکانی
دیواری پڕ نەفرەتخانەی بەندیخانە و
بزەی وێنەی بەردەکانی گۆڕستانی…
هەرکام جۆرێک حەز و تەزی بیرەوەریم پێدەبەخشن
من بە کۆڵێک یادی تاڵ و شیرینەوە هاتوومەوە
نە چاوی پەنجەرەی کۆڵان،
نە هەستی دارەکانی سەر شەقام
نە باڵندەی باڵکراوی فێرگەکانی،
هیچ کامیان هەر نامناسنەوە و
لە یادنامەی پڕ ئازارم بێ خەبەرن!
ئەمڕۆ میوانێکی نامۆی شاری خۆمم
هەر سۆراغی کۆترەکانی شەقامی ئازادی و
“هەڵۆ”ی مەیدانەکەی شارم دەگرم
دەڵێن: هەیهوو!
خۆ باڵندەی ئەو خەونانەش هەر لە مێژە،
پەڕەوازە و شاربەدەرن…!