ناساڵ
فەرەيدون پێنجوێنی/ شاعير / سلێمانی
وردە وردە
هاتەوە یەک دڵم
نوسا بەلای چەپیا لای راستی
خامۆش بو
مرد
فەرەیدون
پڕبو لەناساڵ
بەدڵێکەوە
پێکهاتو لەدوو دانە سکۆڵە
سکاو سک
مردناو مردن
هاتمە ناو مردن
ناو سکی مردن
پڕبوم لە ناکات
ناهەفتە
ناژیان
نابینین
نادڵ
نالا
ناشوێن
ناشار
خودایە
لێم بسێنەرەوە ئەم دوولا دڵە
چیبکەم من
لەم هەمو نایەکانگیرییە
لەناو تەنها دوو سکۆڵەی بچکۆلەدا
چیبکەم من
لەم هەمو پێکدانوسانە
لەناو تەنها دوو لەتکە هەنجیری وشکدا
چیبکەم من
لەم هەمو ساڵە تەسکە
لەناو ناساڵێکی پان و پۆڕدا
لەم هەمو مردنە بێ پاش و پێشە
لەناو کاتێکی بێ پاش و پێشدا
خودایە
من خۆمم نەدەویست
پیایدا شۆڕببمەوە بۆ ناو تۆ
من تۆم دەویست
پیاتدا بخزێمە خوارەوە بۆ ناو خۆم
خودایە
پێش مردن شتێکیکەت دابا
نەک یەکەمجار مردن و
دواجاریش هەر مردن
پێش ناساڵ ساڵت دابا
نەک یەکەمجار ناساڵ و
پاشانیش هەر ناساڵ
ئەوەی تۆ یەکەمجار دات و
ناوت نا (هەفتە)
هەر ناهەفتەبو
ئەوەی دواجار دات و
ناوت نا (کاتێکیتر)
هەر ناکات بو
ناکاتێکی درێژتر لەهەمو کاتەکانی
کە داتن و
سەندتنەوەو
نەتدان
هەمو ئەوەی تۆ دات
مردن بو خودایە
هەمو ئەوەی تۆ سەندتەوەو بردتەوە
مردن بو خودایە
لاکانی دڵم
لەیەکتر بسێنەرەوە
کاتەکانم بدەرەوە دەم ناکاتەکانت
شوێنەکانم بدەرەوە دەم ناشوێنەکانت
غەرقمکە لەمردنی تەواو
لەناکاتی بەردەوام
پەلەمە
دەمەوێ بمخەیتە سەر شانی خۆت و
شوێنم پیشان بدەی
کاتێ کە هەبو لەخەیاڵی کاتداو
پێویست بە من نەبو بۆ بینینی
کاتم پیشان بدەی
کاتێ کە هەبو لەخەیاڵی شوێنداو
پێویست بە من نەبو بۆ ژماردنی
مردنم پیشاندەی
کاتێ کە هەبو لەسەر زەوی و
لەدەرەوەی من دەژیا
ژیانم پیشاندەی
کاتێ کە هەبو لەژێر ئاسمان و
لەدەرەوەی من دەمرد
خۆتم پیشاندەی خودایە
کاتێ کە سکۆڵەی راستمت
دەدوری بەسکۆڵەی چەپمدا
کاتێ کە
کاتت لەسکۆڵەیەکی دڵمەوە
دەخزاندە ناو سکۆڵەیەکی ترم و
ناکاتت لێ دروست دەکرد
پەلەمە خۆتم پیشاندەی خودایە
کاتێ کە لەسەر زەوی بوی
ماڵت بەتەنیشتی ماڵمەوە
دوولای دڵت
بەتەنیشتی دوولای دڵمەوە
حەرفت لەدەمما
کراست لەبەرما
کەچی ناگەهان
هاتەوەیەک دڵت
نوسا بەلای چەپیا لای راستی
خامۆشبوی
پڕبوی لەناساڵ
ناهەفتە
نادڵ
نالا
ناشوێن
ناکات
٢٩ / ١١ / ٢٠٠٩