باسی مێهرەبانیت
ئەیوب_ئەحمەدی تینووکۆکەیی/ شاعیر / بۆکان
پەڕەی هەڵبەستی سووتاوم هەمووی باسێ لە جوانیتە
لە نێو نەسڵی بەشەر تەنیا پەناهم مێهرەبانیتە
گزینگی خۆری ئاواتی لە ئاسۆی نیشتمانم دا
کە ڕەمزی تێپەڕینی شەو تلووعی بەربەیانیتە
لە لام پیرۆزە ئەو خاکەی گوڵی وەک تۆ دەگوورێ لێی
بە بۆنەی تۆوە خۆشمویست ئەوەی گەر هاوزمانیتە
دەزانی وەرزی باران و بەهاری من چ وەرزێکە
شەپۆلی سەوزی تەننازی لە جلوەی ئاسمانیتە
لە هۆی نووسینی هەڵبەستی تەڕ و پاراو دەپرسی گەر
هەناسەی گەرمی دڵداری و ئەوینی ئەرغەوانیتە
دوعاگویی دەرکی یەزدانم بە ئاواتت بگەی نازێ
هەتا مابێ بە دڵ تینوو تەمەننای کامەرانیتە
کەنیسە و دەرکی مزگەوت و کلیساشم بەجێهێشتۆ
کە مێحرابی دڵی ئاشق لەژێر ئەبرۆی کەوانیتە
17گوڵانی 24