فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

گلەیی

گلەیی
پەخشانە شیعر
ھەوار محەمەد/ شاعیر و چیرۆکنووس/ سلێمانی

چەند شاد دەبووم گەر بەیانیان
‏‎بە سۆزی گۆرانییەکی ئەو
‏‎بەنەغمەی شێعرێکی ئەو
‏‎بە مژدەی ویساڵی ئەو
‏‎لە خەونی قووڵ ھەستامایە!
‏‎بەم بارە قورسەی درەنگ کەوتنەوه
‏‎گوێم لە چرپەی ئاوازی بەیانی باشێکی ببوایە
‏‎ئەو دەم چی بەدبەختیی شەو درێژین
‏‎وەک مەرهەم زامی دڵی ساڕێژ ئەکردم.
‏‎لە مێژە دەزانم
‏‎سۆزی دەنگی ئەو، تەمی هەموو خەم و ئازارەکانم ڕائەماڵێ
‏‎ئەمباتەوە ناو باخی شێعر و گۆرانی
‏‎لە ئێوارانی دڵتەنگییم ئەسێنێتەوە!
‏‎سۆزی دەنگی ئەو خۆشترین لەرەی ئاوازی مۆسیقایە
‏‎چەند خۆش دەبوو تەنها جارێک
‏‎لە بری باران، نمنم ئەو دەنگە لەگەڵ وەسڵی ئەوا بباریایە
‏‎ئەوکات گشت وەرزەکان با ھەر ھاوین ببونایە
‏‎چەند خۆش دەبوو گشت ڕێگەکان تەنھا یەکجار
‏‎بۆ لای تۆیان ببردمایە، با تائەبەد داخرانایە
‏‎سا چی دەبوو تەنھا یەکجار بەڵام جارێکی ئەبەدی
‏‎بۆ خەونێکی جاویدانی میوانی تۆ ببوومایە
‏‎ئەوسا با گشت ژیان ھەر زیندان بێت لەئامێزت
‏‎هەرگیز گلەییم نەدەکرد نەمدەوت بەختم ڕەشە خودایە.