فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

فرۆشتم بۆ ناوبانگ

فرۆشتم بۆ ناوبانگ

کورتە چیرۆک

دڵشاد شەفیق عەبدوڵڵا/ چیرۆکنووس / کەرکووک

لە پاش سێ رۆژ هاتوچۆم بۆ هەمان فەرمانگە و ململانێی زۆرم لەسەر بوونی کێشەیەکی نا ڕەوا لە مامەڵەکەم، توانیم بەشی زۆری کارەکەم تەواو بکەم ، پاش نیوەڕۆ لە فەرمانگەکە هاتمە خوارەوە و بەمەبەستی هەڵمژینی هەناسەیەک بڕیارمدا پیاسەیەک بە نێو شاردا بکەم، هەر کە پردی یەکەمم تێپەڕاند و نزیک پردی دووەم بووبووم، پیاوێکی کامڵ و سەر و ڕیش سپی کە کڵاوی قاپووتەکەی دابوو بەسەری خۆیدا، تەواو لێم نێزیک بووەوە، ئەگەرچی تەمەنی دەیەیەکی تر هەڵکشابوو، بەڵام هەر زوو ناسیمەوە کە ساڵانێک خەریکی کاری شانۆ و نواندن بوو، پیاوێکی دڵپاک و بێ وەی بوو، زۆر بەجیدی چووبووە ناو کایەکەوە، بەڵام هیچ سەرکەوتنێکی ئەوتۆی تیا نەهێنابوو، لەبیرمە دووکانێکی بازرگانی باشی هەبوو هەمووی لە سەر دانابوو، کاتێک دوکاندارەکانی هاوسێی و هونەرمەندەکانی هاوپیشەی گاڵتەیان پێدەکرد، لەوەڵامدا دەیوت؛ جا ماڵ و سامان چییە، کورە گرینگ ناوبانگە بڕۆن چیتان هەیە بیفرۆشن گرینگ ئەوەیە ناوبانگتان هەبێت و خزمەتی هونەربکەن، لەپر گەنجێک لەوبەری شەقامەکەوە پەڕییەوە بەرەو لای ئێمە و هاواری کرد ئەری مامۆستا ئێستایش هەر خەریکی هونەری، خۆ تۆی بەدبەخت پووڵێکت بەخۆت نەهێشت و دووکانێکی گەورەت فرۆشت و هیچت بە هیچ نەکرد.
ئاوڕێکی دایەوە و هەناسەیەکی قووڵی هەڵکیشاو لەوەڵامدا وتی؛ بەخوا میللەتێکی نەگبەت و داماون ، چاوتان هەر لەسەر شتی بچووکە، کورە کوڕم من چیم دۆڕاندووە بۆ ناوبانگ، پیاوی وا دەناسم وڵاتێکی فرۆشت بۆ ناوبانگ و هیچی بە هیچ نەکرد و کەچی زۆربەتان هێشتا هەر دەست خۆشی لێدەکەن…