فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

دەمرم

دەمرم

ڕەسوڵ سوڵتانی/ شاعیر/ کەنەدا

نەمێنێ بۆنی عیشقت، لە نێو ئەم شارە دەمرم
لەگەڵ دوایین گزینگی دەمەوئێوارە دەمرم
بەیانی خۆم دەنێژم لە نێو گۆڕێکی وێران
کەچی کە شەو دێ زیندووم لە دووت دووبارە دەمرم
هەتا کۆڵانی هیوا هەنگاوێک چاوەڕێم کە
لە نێو ئامێزی زستان منی ئاوارە دەمرم
بە شیعری پۆست مۆدێڕنی زریزەی گوارە زیندووم
کە لێم ببڕێ هەناسەی پەرەنگی گوارە دەمرم
مەڵێ زۆر جار وتووتە هەناسێکم لەبەردا
هیوابڕاوی تۆ بم، ئیتر ئەمجارە دەمرم
ئیتر مردن بەشێکە لە ژیان بەڵام کە کوردم
ئەتۆش نەمکووژی ڕۆژێ لە پای سێدارە دەمرم