فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

ئازیزەکەم

ئازیزەکەم

زێنەب یوسفی/ شاعیر/ سنە

وەرە با ببین بە گورگ
بە زیتە زیتەوە
بڕوانینە
دەشت و چیا
واز لە شوقەی خۆش و
قەنەفەی سپی و
کۆتەڵی خوا کۆنەکان بێنین
سەماوەر و قەندانە چینی لە بیر بکەین
ئیتر پیتزا و کۆکا و ماستی هەولێر
فەرامۆش کەین
ڕوو لە جەنگەڵ بلوورێنین
ئازیزەکەم
فڕمان نەبێت بە سەر بۆنی خۆشی قاوەکەمان
بیر لە شەراوی شەوانەمان
نەکەینەوە
کتێبەکان بۆ ئەولاوە
پێنوس توڕ بدەینە سوچێکەوە
چ مۆبایل و لەبتۆبە دابخەین و
ئیدی نەترسین لە حوکمی سێدارە و
قازیە دەستکردەکان
واز لە ڕۆژنامە و شیعر و چیرۆکی خەم بێنین و
شەو بێداربین ئازیزەکەم
وەرە با ببین بە گورگ
بەرەو بەفر و تۆفی کوێستانەکان
بەربینەوە و هەمو شەوێک
بە لوورەی بەرزمان
گەلە گورگی عاشق و ماشق
ڕێک بخەین و
دور لە قاپی برنج و خورش سەوزی
دور لە پارەی فرە فرە
دور لە شەڕی کارەبا و نەوت و بەنزین
بەرەو مانگە شەوی دڵڕفێن
ڕاکەین و
ملمان بلکێنینە ملی یەکترەوە و بلوورێنین
لە دونیای قوڵپەی کانیاوی لای خواروی لادێ
ئۆقرە بگرین و گورگانە هەڵپەڕین تا سەر ئێسقان
بە عەشقەوە عەشق بکەین ئازیزەکەم
وەرە با ببین بە گورگ
هەرچەند ئەگەر
پێشمان بڵێن
ئەی گورگی مەست
قوڕمساقی بکوژ
مەلوورێنە….. مەلوورێنە…..