فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

دەستی قەدەر

دەستی قەدەر

ئەيوب ئەحمەدی تينووکۆکەیی/ شاعير / بۆکان

 

لە وێرانەی دڵی شەیدا منی غەرقی کەسەر چبکەم

منی ئاشق بە خۆشویستن لە دڵداری بەدەر چبکەم؟

منم زادەی وڵاتێکم چرۆی هەستم لەوێ پشکووت

کە ڕووگەم نیشتمانم بێ لەنێو قەومی قەجەر چبکەم؟

گەمارۆی دڵ دەدا هەر شەو وشەی بێنازی هەڵبەستم

شکا لێم دەستی پێنووسم بەبێ شێعر و ئەسەر چبکەم؟

ملی ڕێگەی سەفەر دەگرێ بەبێ من یاری ئازیزم

له گۆشەی ژووری خەمناکی له حاڵی بێخەبەر چبکەم؟

بەبێ ئەو لێره ڕووناکی بەدی ناکەم شەوی هیجرە

بەبێ ئەو ماڵی وێرانم له لەند و دەشت و دەر چبکەم؟

دەڵێن بۆچی وەکوو جاران کەوی شێعرت غوڕەی نایه

که دڵ خەمناک و بێ هەست بێ لەگەڵ شین و چەمەر چبکەم؟

بە بارمتەی دەوێ دڵبەر دڵم دیلی ئەوینی بوو

کە دڵ وەیلانی دڵبەر بێ منی  “تینووی” نەزەر چبکەم؟

قەدەر کردی له دووری ئەو بناڵێنم منی شەیدا

دەپێم بێژن ئەرێ یاران لە گەڵ دەستی قەدەر چبکەم؟