پرسیارێکی شێتانە
خالید کۆچەر/ شاعیر/ هەولێر
ئێستا بمبیینت دەمناسیتەوە ، یا نامناسیتەوە
وەکو جاران تەوقەیەکی گەرمم لە گەل دەکەییت
هەردوو دەستت دەخەیتە سەر شانم
وەکو جاران بە شێتانە ماچم دەکەییت
لێو هەڵناگرییت تا هەناسەم پر دەکەییت
لە خۆشەویستی خۆت
پێمدەلێیت : ئێستاش لێوی من برسیترە لە لێوی تۆ
بە یادی جاران لە باوەشم دەگرییت
بە شێتانە بۆم دەگرییت
بیرت نەچێت : هەر کورە کۆچەرەکەی جارانتم
ئێستاش هەر مەست و حەیران و عاشق و
بەدبەخت و دڵدارەکەی جارانتم
هێشتا تۆزقاڵێک مەیلی شێتانەی تۆم لە یاد نەکردووە
هەر خۆشمدەوێیت و خۆشمدەوێیت
ناشزانم تۆش ، هەر خۆشتدەوێم ، یا منت بیرچۆتەوە !