فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

پێشبینی کۆترت هەبێت

پێشبینی کۆترت هەبێت

گۆران ساڵح/ شاعیر/ کەرکووک

 

 پێشبینی کۆترت هەبێت

ڕەنگە بەیانی

کە خۆر هەڵهات ئاسمان شین ،

شین بێت بۆ فڕین

کۆلارە هەڵدە لەسەبری ئەیوبدا

قایم خۆت بگرە بە ئەستێرەیەکەوە

پاکی ئاو فەرامۆش مەکە

بۆ زەین گوێ لەدەنگی دڵ بگرە ،

دڵ دەڵێت : ڕۆژێ سڵاوێک دێت

ڕووناکی پێیە

بۆنی یەکسانە بەبۆنی باغاتی بەهەشت …

ڕۆژێک دێت

خۆر لە درزێکەوە

هەر دێتە ژوورەوە ،

هەوا بگۆڕێت

بەقسەی شیعر بکە

تا برینەکانت دەبن بە ئینجانەی گوڵ

تا دووعاکانی دایکت

لەناو خەونەکاندا دەتکەن بە چۆلەکە