چۆن لەنێوانەکان دەگەین؟
د.مستەفا زەنگنە/ نووسەر و شاعيڕ /هەولێر
ژیان پڕە لەشتی سەیرو سەمەرە،سەیرکە مرۆڤ چەند بێدەربەستانە ساڵانێک لەژیانی خۆی بەفیڕۆ و بەشتی هیچ وپووچەوە بەسەردەبات، لەکاتێکدا نێوانی باش و خراپ شتێکی بچووکە،کەمرۆڤ حیسابی بۆناکات، بەڕاستی چرکەیەک بەهای خۆی هەیە،ژمارە یەک وهەڵوەستەیەکیش بەهەمان جۆر، سەیرکە و ببینە:-
+نێوان ژیان و مەرگ هەناسەیەکە.
+نێوان دۆستایەتی و دوژمنایەتی، بڕیارێکە.
+نێوان ژن و مێردایەتی، ڕستەیەکە.
+ نێوان ئیمان و بێ ئیمان،بڕوایەکە.
+نێوان ساغ وناساغ نەخۆشییەکە.
+نێوان وڵاتێک ووڵاتێک، هێڵێکی سنوورە.
+نێوان تاڵی وترشی تامکردنێکە.
+نێوان عەشق وئارەزوو سووتانێکە.
+نێوان پێکەنین وگریان،دڵۆپە فرمێسکێکە.
+نێوان تاریکی و ڕووناکی، مۆمێکە.
+نێوان مەردو نامەرد،هەڵوێستێکە.
+نێوان خەباتگێڕو جاشێک،کورتانێکە.
+نێوان مەردو حیز،داچەقاندنێکە.
+ نێوان ئازاو ترسنۆک،ئەژنۆ لەرزینێکە.
+نێوان نەخوێنەوارو خوێنەوار،قەڵەمێکە.
+نێوان خوێنەوارو ڕۆشنیر، شارستانێتییەکە.
+نێوان ئەرزو ئاسمان.مەودایەکە.
+نێوان من هەموو منەکان،کەسایەتییەکە.
+نێوان فەیلەسووفێک و فەیلەسووفێک،بۆچوونێکە.
+نێوان مرۆڤێک و مرۆڤێک، ویژانێکە.
+نێوان جاشێک وجاشێک،یەک ئاڕ ئێچە
+نێوان دەسپاکی و دەس پیسی،دزییەکە.
+نێوان بەوەفاو بێ وەفا،هەڵوێستێکە.
+نێوان شەڕو ئاشتی،دەستەمۆچانێکە.
ئەم نموونانە و، دەیان نموونەی زیندووی کەيش، ئەوەمان بۆ ڕوون دەکەنەوە،کەچرکە و ژمارەکانی ژیان بایەخی خۆیان هەیە،بۆیە نابێ بەچاوێکی کەم سەیریان بکەین و پێویستە پێوەر و تێڕوانینەکانمان، هەرئاوا کرچ وکاڵ نەبن و بەچاوی ڕێز و پڕ بەهاوە، لەشتەکان بڕوانین، ئەگینا زۆرشت دەدۆڕێنین و بەهەڵەيش لەشتەکان دەگەین. کۆی ئەمانەيش و بێ ئاگایی لێیان ژیان کاڵدەکەنەوە و بۆیان هەیە، ببنە پەڵەیەکی ڕەش وناشیرین و بۆپشتاو پشت ناووناتۆرەی بمێنێ.چون ژیان بڕینی مەودایەک و ساڵانێک نییە، بەقەی ئەوەی، هەڵوێست و کردارو بەخششە.