فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

نیگەران مەبە..!

نیگەران مەبە..!

قادر مینە / شاعیر/ ئەڵمانیا

 

بەر لەوەی ئەکاونتەکانت داخەیت،

پێش ئەوەی جلەکانت ببەخشیت،

بەر لەوەی مێزێک لە بەر دەرگا دابنێیت و

ھەموو کتێبەکانتی بخەیتە سەرو لێی بنووسیت:

کامیانت بە دڵە بیبە بە خۆڕایی !

بەر لەوەی ھەموو تابلۆکان لە حەوشی پشتەوە بسوتێنیت،

بەر لەوەی ئەلبوومی ئەو ھەموو رۆژانە بسڕیتەوە،

نیوەشەوێکی درەنگ پۆستێکت کردبوو،

دەڵێن ئەمە دوا چرپەی تۆ بوو، تیایدا دەڵێیت:

بەرەبەیانێک گەر بە دەنگی فیشەکێک خەبەرت بۆوە،

نیگەران مەبە،

چاوانت بخەوە سەر یەک ھیچ نیە

ئەوە باڵندەیەکە ھێلانە جێ دێڵێ

ئەوە شەمەندەفەرێکە بۆ دواسەفەر دەچێ،

ئەوە باڵەخانەیەکی عەشقە دەڕوخێ،

ئەوە ماچێکە لە یەکێک لە کەنارەکانی چاوەڕوانیدا;

بە نامورادی رەق دەبێتەوە،

ئەوە ئینجانەیەکە وردوخاش دەبێ،

دڵت تەنگ نەبێ;

ھیچ نیە;

ئەوە منم

نامەوێ چیتر زستان دەنووک لە رۆحم بدا ئەوە منم،

بێ جانتا،

بێ ھیچ دۆکۆمێنتێک،

شەقێک لە دونیا ھەڵئەدەم و دەڕۆم..

نیگەران مەبە،

چاوانت بخەوە سەر یەک ، ھیچ نیە!