فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

 ڕازی سەر بەمۆر

 ڕازی سەر بەمۆر

کاوە فاتيحی/ شاعير / سکۆتلاند

 

 

ئەو دڵەی من بێ قەرارە، بێ تۆ ساتێ ناسرەوێ

لادە ئەگریجەت لەسەر ڕوو، مانگی چواردە دەركەوێ

ئەو دڵەم بێزار و تەنگە، چۆن لە سینەم بێتەدەر؟

گەر بە ماچی لێوی ئاڵت، ئەو خەمەی من داكەوێ

من خەیاڵم خەم ڕەوێنە، تۆ دەكاتە هاودەمم

چۆن نەڵێم ڕۆژێ هەزار جار سەد بەڵای تۆم وێكەوێ

من بە یادی زوڵفی تۆوە، مەستی عیشق و بادەتم

چیت دەوێ بێجگە لە ڕوحم. خۆ ئەمن هەر نامەوێ

لادە لەچكی تەسك و تارت، دەركەوێ شێوەت پەری

هەركەسێ وەك من بیبینێ، شەو خەوی لێ ناكەوێ

تەیری بەختی من خودایە، چاوەڕێمە بێتەوە

چون بەبێ تۆ ژین مەحاڵە، قەت خەمم لێ ناڕەوێ

ڕازی عیشقت سەربەمۆرە ڕەمزو کۆدی خۆی هەیە

گەر بە مەرگیشم تەواو بێ، هیچ کەس دەستی ناکەوێ.