فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

ژنێک شوورەییەکانی شۆردبێ

“ژنێک شوورەییەکانی شۆردبێ”

سوهەيلا مێهەمی/ شاعير / سنە

 

جادەیەک جێماوم

پڕ لە بەرامەی یاس و

سنەوبەرێک بە قەراخی دڵتەنگی

جانتایەک چێو کوت لە با

لە بۆنی نیشتمان

کۆمەڵێک خۆزگەی چاڵ کراو

ناگەڕێمەوە بۆ باکووری سڕینەوە

با بزمار ڕێژیش بێ یا گیژەبا

پێخواس یا پێڵاوێک لەتر بم

هەڵدەگرم چاو لە سەر ڕۆژژمێرەکە

ئیمان دەهێنم بە هەنگاو و پوولێک وشە

سەگ بوەڕێ لە تەنیاییم

بە دەم زەردی ڕۆژئاوادا

تا ڕۆژانێک ڕووەو

سەرەتای من

لەم دێڕەدا ، نا خۆزگە مابێ

نا گریابێتم بۆ منداڵییم

نا قەڵای بەرد باران

بە نێوان نیگامەوە

نا منارەیەک بمخاتە گیومەی”نسا”

خەونێک لە گرێ ڕووسەریێکدا

گرەوی گەرووی نەکرا بێ!

ژنێک شوورەییەکانی شۆردبێ

عەیب نەبێ بە تەنافەوە!

لە کێشەکانی جیهان

پرچە و گرینگترین هەواڵ،

لا دەکەمەوە بە هەر لادا

بەرەو ڕووم

زەردەخەنەیەتی

دەمانچە،

چەقۆ،

گڕ،

خنکان

هێشتا باوەشێکە چۆڵ لە خولیا

لە جەستەیەکی بێ سەردا

بە هەر بارا دەمرێ

لە قەراخی بزە هەڵوەریوەکانیدا

ئەوەندە پاییزە

لە گۆشەی هیچ وێنەیەکدا

ناشاردرێتەوە….