فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

دەقێکی شيعری

 

دەقێکی شيعری

 مریەم ئاباریان(تەنیا)/ شاعير / مەهاباد

 

بێزارەکان؟

بڕژێنە سەر شەقامەکان

ڕۆژنامەکان ؟

بە سەردێڕ و

دووا دێڕەوە تەنیا

لە سەر شەقامەکان

من و ئەو هەمۆ دڵتەنگی ؟

تریشقەی هەور

ئاوسبوونی ئاسمان

نمەنمەی باران

تەنیایی ،شەقاااااامەکان

گەر خوداش پەردەکان بکێشێ

واز لە کێشکچی کردنم بێنێ

لە مێژە لە گەڵت دەدوێم

تۆ نی، تۆ نی!

وێنەکانت هەزار جار و چەندیش شایەتمن

من دوو جار قاوە تێدەکەم

دوو جار ئاوڕ دەدەمەوە

دوو جار نێوت دێنم

جارێک بۆخۆم ،

جارێک بۆ وێنەکانت

وێنەکانت هەزار و چەند جار شایەتمن

ئێواران، پڕی کووچەیەک

چاوەڕوانی دەخوسێنم!

ئێواران،دەنگی گۆرانێکی ئارام

و بۆنی عەترێکی ژنانە

ژوورێکی کپی ،پێ دەڕازێنمەوە!

ئێواران، هەستی زەوی ڕادەگرم

دەنگەکان، جووڵەی کاتی

هاتنت دەناسمەوە!

زەوی شەق دەبێ

کووچە قرچەی لە هەناوان دێ

ئێواران؟

خوایە پەردەکانت بکێشە

پەنجەرەکەت داخە

باران بەڕێوەیە تۆ تەڕ مەبە!

من ئەوجار ناگریم

دەلوورێنم!

پاشایەتی تەواوی گورگەکانی

پشت منارەکان دەکەم

قاڵیچەکەی سوولەیمان کوا؟

من هەڵگرێ بۆ شاری مێرولەکان

لەوێڕا بۆ ئەشکەوتی ورچە خەواڵۆکان

یا بەردەم هێلانەی

ئەو کۆترانەی گمی نابن!

واز لە دەستەمۆ کردن نایە

حەوت زمانی زیندووم

بۆ گریان پێ ناوێ!

نایلۆنێکی بەتاڵ، بێ گیان

پڕ لە‌ هیچ بەرانبەرم وێستاوە

ئەو زوڵمەشم لێ جوانە…!!!