فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

چەند پارچە شیعرێکی ڤاسکۆ*

چەند پارچە شیعرێکی ڤاسکۆ*

 

وەرگێڕانی: نووری بێخاڵی/ شاعیر/ ڕواندز

ئەو
هەندێکیان گاز لەوانی تر دەگرن
قۆڵ یان قاچ یان هەر شتێکی دیکەی دەبڕن
دەیخاتە نێوان ددانەکانیەوە
بە خێراترین شێوە ڕادەکات
لە زەویدا دەیشارێتەوە
ئەگەر بەخت یاوەری یەکێکیان بێت و
قۆڵی یان قاچی،
یان هەر شتێکی بدۆزێتەوە
نۆرەی ئەو دێت بۆ گازگرتن
هەتا قۆڵ هەبن
هەتا قاچ هەبن
هەتا هەر شتێک هەبێت
یارییەکە بە گەرموگوڕی بەردەوام دەبێت
*****
یاریی بازدان
یەکێکیان دەبێتە بەردێک لەسەر دڵی یەکێکیان
بەردێک بە قورسایی خانوویەک
کەس ناتوانێت لەژێر بەردەکەدا بجووڵێت
هەردووکیان تێدەکۆشن
لانیکەم تا پەنجەیەک بەرز بکاتەوە
لانیکەم تا زمانی بگەڕێت
لانیکەم تا گوێیەکانی بجوڵێنێت
لانیکەم تا چاو بترووکێنێت
کەس ناتوانێت لەژێر بەردەکەدا بجووڵێت
هەردووکیان کۆشش دەکەن
هەردووکیان خۆیان ماندوو دەکەن و
لە ماندووێتییان خەویان لێ دەکەوێت
تەنها کە دەخەون قژیان ڕادەوەستێت
(ئەم یارییە درێژە دەکێشێت)
*****
گوڵدزەکان
هەندێکیان دەبنە دار گوڵ
هەندێکیان کچانی با
هەندێکیان گوڵدز
گوڵدزەکان بەسەر داری گوڵدا هەڵدەگەڕێن
یەکێکیان گوڵێک دەدزێت
لە دڵیدا دەیشارێتەوە
کچانی با دەردەکەون
دارەکە دەبینن لە جوانی بێبەش کراوە
گوڵدزەکان ڕاودەنێن
سنگیان یەک بەیەک دەکەنەوە
لە هەندێکیاندا دڵێک دەدۆزنەوە
لە هەندێکی تریاندا – ئای خودایە – هیچ نادۆزنەوە
لە کردنەوەی سنگیان بەردەوام دەبن
تا یەکێک لە دڵەکان دەدۆزنەوە
لەو دڵەدا گوڵەکە دەدۆزنەوە
*****
پێش یاریکردن
یەکێکیان چاوێکی دادەخات
لە قووڵایی خۆیدا دەڕوانێت
لە هەموو گۆشەیەک سەیری خۆی دەکات
بۆ ئەوەی دڵنیا بێت کە لەو نێوەدا،
هیچ گرێیەکی تیژ،
یان دزگەل،
یان هێلکەی باڵندەی کووکوو نییە
یەکێکیان چاوەکەی تریشی دادەخات
دەچەمێتەوە و باز دەدات
بەرز، بەرز، بەرز باز دەدات
بۆ لووتکەی خۆی
لەوێوە بەهۆی قورساییەکەیەوە دەکەوێتە خوار و
بۆ چەندین ڕۆژ لە کەوتن بەردەوام دەبێت
خوارتر، خوارتر و خوارتر
بۆ بنی هەڵدێرەکەی
ئەوەی کە پارچە پارچە و پەرش نابێتەوە
ئەوەی کە بە تەواوی دەمێنێتەوە و
بە تەواوی هەڵدەستێتەوە و
یاری دەکات
*****
بزمار
یەکێکیان دەبێتە بزمار و ئەوی تر گاز
ئەوانی دیکە کرێکارەکانن
گازەکە سەری بزمارەکە دەگرێت
بە ددان و باسکەکانی دەیگرێت و
ڕایدەکێشێت و ڕایدەکێشێت
تا لە زەوی دەریبهێنێت
زۆربەی کات تەنیا سەرەکەی دەشکێنێت
زەحمەتە بزمارێک لە زەوی دەربهێنرێت
ئەوسا کرێکارەکان دەڵێن
گازەکە خراپە
شەویلاگەکانی وردوخاش دەکەن،
باسکەکانی دەشکێنن و
لە پەنجەرەوە فڕێی دەدەن
دوای ئەوە، کەسێکی تر دەبێتە گاز و
یەکێکی تر دەبێتە بزمار و
ئەوانی دیکە کرێکارەکانن
*****
خۆڵەمێش
هەندێکیان شەون و هەندێکیان ئەستێرە
هەر شەوێک ئەستێرەکەی خۆی دادەگیرسێنێت و
هەتا ئەستێرەکە دەسووتێت،
سەمایەکی ڕەش بە دەوریدا دەکات
دواتر شەوەکان دابەش دەبن
هەندێکیان دەبنە ئەستێرە
هەندێکیان وەک شەو دەمێننەوە و
دیسان هەر شەوێک ئەستێرەکەی خۆی دادەگیرسێنێتەوە و
هەتا ئەستێرەکە دەسووتێت،
سەمایەکی ڕەش بە دەوریدا دەکات
دواشەو، لە یەک کاتدا دەبێتە ئەستێرە و شەو
پاشان خۆی دادەگیرسێنێت و
سەمایەکی ڕەش بە دەوری خۆیدا دەکات
*****
چاوبەستەک
یەکێکیان خۆی لەوی تر دەشارێتەوە
خۆی لەژێر زمانیدا دەشارێتەوە،
ئەو لەژێر زەویدا بۆی دەگەڕێت
خۆی لە ناوچەوانیدا دەشارێتەوە،
ئەو لە ئاسماندا بۆی دەگەڕێت
خۆی لە لەبیرچوونەوەیدا دەشارێتەوە،
ئەو لەناو گژوگیادا بۆی دەگەڕێت
بۆی دەگەڕێت و دەگەڕێت
چ شوێنێک نەماوە تێیدا بۆی نەگەڕابێت و
لە کاتی گەڕاندا خۆی ون دەکات
*****
فریودەر
یەکێکیان قاچی کورسییەک دەلاوێنێتەوە
تا کورسییەکە بسووڕێتەوە و
بە خۆشحاڵییەوە قاچەکەی بداتێ
یەکێکی تر کونی کلیلێک ماچ دەکات
ماچی دەکات، وا نییە، ماچی دەکات
تا کونی کلیلەکە ماچی دەکاتەوە
سێیەم کەس لەو لاوە ڕادەوەستێت
بە دەمێکی کراوەوە چاودێریی ئەو دووانە دەکات و
سەری دەلەقێنێت و دەلەقێنێت
تا سەرەکە دەکەوێت
*****
ڕاوچی
یەکێکیان بێ ئەوەی لە دەرگا بدات دێتە ژوورەوە
دەچێتە گوێی یەکێکیانەوە و
لە گوێیەکەی ترەوە دەردەچێت
بە هەنگاوی دەنکە شقارتەیەک دێتە ژوورەوە
هەنگاوی دەنکە شقارتەیەکی داگیرساو و
لەناو سەردا سەما دەکات
کارەکەی کرد
یەکێکیان بێ ئەوەی لە دەرگا بدات دێتە ژوورەوە
دەچێتە گوێی یەکێکیانەوە و
لە گوێیەکەی ترەوە دەرناچێت
کارەکەی تەواو بووە
*****
زەماوەند
هەموو کەس پێستی خۆی دادەکەنێت
هەموو کەس ئەو ئەستێرانەی خۆی دەردەخات،
کە هەرگیز شەویان نەدیوە
هەموو کەس پێستی خۆی پڕ دەکات لە ورەبەرد
هەموو کەس لەژێر ڕووناکیی هەمان ئەستێرەکانیدا،
لەگەڵ پێستی خۆی سەما دەکات
ئەوەی تا بەیانی ڕاناوەستێت
ئەوەی چاو ناترووکێنێت و
ئەوەی ناکەوێت
پێستی خۆی دەباتەوە
(ئەم یارییە بە دەگمەن دەکرێت)
*****
تۆو
یەکێکیان یەکێکیان دەچێنێت
لە سەری خۆیدا دەیچێنێت و
خۆڵەکە باش دەپەستێتەوە
پاشان چاوەڕێ دەکات تا تۆوەکە گەشە دەکات
تۆوەکە سەری خۆی کون دەکات و
و دەیکاتە کونی مشک
مشکەکان تۆوەکە دەخۆن
مشکەکان دەمرن
با دێت تا لە سەرە بەتاڵەکەدا نیشتەجێ دەبێت
بایەکە بە شنەی خاڵدار ئاوسە​​​​​​​​​​​​​​​​
…………………………….
�ڤاسیلی پۆپا، ناسراو بە ڤاسکۆ (1922 – 1991) شاعیرێکی سڕبیی بە ڕەچەڵەک ڕۆمانییە.