هه‌موو كه‌س ئه‌وه ده‌زانێ
زانا خەلیل/ شاعیر/ ئەلمانیا
به‌وه رابێى (4)ى به‌یانى بچییە مه‌تبه‌خ،
جگه‌ره بكێشیت و حه‌ز به رۆیشتن بكه‌یت،
به‌ڵام نه‌زانى به‌ره‌و كوێ.
له‌گه‌ڵت قسه بكات و
هێشتا غه‌ریبى ده‌نگى بكه‌یت.
له خۆته‌وه بگریت و
به‌ده‌م گریانه‌وه پێبكه‌نیت.
له خۆته‌وه پێبكه‌نیت و
به ده‌م پێكه‌نینه‌وه بگریت.
له خۆته‌وه ته‌مه‌نى زیاتر بده‌یته ژیان.
له خۆته‌وه پرسه بۆ مردن دانێیت.
له خۆته‌وه هه‌موو خوارێك راست ببینى و
هه‌موو راستێكیش راستتر.
له خۆته‌وه هه‌ست بكه‌یت
شتێكی دیکە هه‌یه له سه‌رووى خێر و شه‌ڕ.
له خۆته‌وه به دواى
كه‌مته‌رخه‌مییه‌كانى خۆتدا بگه‌ڕێیت.
له خۆته‌وه وا بزانى
“زه‌مین بێ تۆ ناسوڕێـته‌وه”
له خۆته‌وه هه‌موو چركه‌یێ جارێ
ته‌ماشاى مۆبایله‌كه‌ت بكه‌یت.
له خۆته‌وه هه‌ست به ژانێكى سووك بكه‌ى
كه به‌ناو ده‌ماره‌كانتا پیاسه بكات و
وه‌ك بزه وابێ.
براده‌رێكم ده‌ڵێ:
ئه‌وانه نیشانه‌ى عاشق بوونن.
خۆم ده‌بینم..
هه‌ست به ژانێكى سووك ده‌كه‌م
كه به‌ناو ده‌ماره‌كانمدا پیاسه ده‌كات و
وه‌ك بزه وایه..
هه‌موو چركه‌یێ جارێ
ته‌ماشاى مۆبایله‌كه‌م ده‌كه‌م..
وا ده‌زانم زه‌مین بێ من ناسوڕێته‌وه..
به دواى كه‌مته‌رخه‌مییه‌كانمدا ده‌گه‌ڕێم..
ده‌زانم شتێ هه‌یه له سه‌رووى خێر و شه‌ڕ..
هه‌موو خوارێك، راست ده‌بینم..
مردن ده‌مرێنم..
پێده‌كه‌نم و به‌ده‌م پێكه‌نینه‌وه ده‌گریم..
ده‌گریم و به‌ده‌م گریانه‌وه پێده‌كه‌نم..
له‌گه‌ڵت قسه ده‌كه‌م و بیرى ده‌نگت ده‌كه‌م..
به‌وه راهاتووم (4)ى به‌یانى بچمه مه‌تبه‌خ و
جگه‌ره بكێشم و بمه‌وێ بڕۆم،
به‌ڵام خۆشم نه‌زانم به‌ره‌و كوێ..
جا توخوا كه‌ریش نازانێ كه من عاشقم؟