فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

ون بوون لە ئاوێنەدا

(ون بوون لە ئاوێنەدا)

محمد ڕەنجاو/ شاعیر/ سلێمانی

لە پەنای ئەودا گوڵێک
گوڵێک ئەوینی خۆی لە ناو گەروی بلوێرێکا جێهێشتوە
لە پەنای تۆدا ،،،، شمشێریک
شمشێرێک لە ناو پەنجە تەزیوەکانی تۆدا
وەک گەردەلولێک خەوتوە
شمشێرێک لە ناو کالانێکی ژەهراویدا چاوەکانی دەشوا
ئەو لەگەڵ جوانیەکاندا دەتریقێتەوە
وەک مناڵێک پەنجە گەورەی خۆی دەمژێ
ئەو موسافیری بێ ژانتایە ،، بە بانێژەی هیجرەتدا سەردەکەوێ و
لە ناو بازنەکانی مانگدا ،، سەرخەوێ دەشکێنێ
ئەو ئێرە جێدێڵێ
چڕە دوکەڵەکانی گومان جێدێڵێ
لە بازنەکانی مانگەوە تەوقەیەک لەگەڵ ،،تریفە لەگۆچوەکانی
ئەستیرەیەکی زامدار دەکا
تەوقە لەگەل پەنجە ساردەکانی تۆ دەکا،،،، کەوەک ئەستێرە ساردەکانی
سەر شانی ژەنەڕاڵێکی بەزیو تەزیون
،،،،،، ،،،،،،، ،،،،،،،،
ئەو شێتانە سەفەر دەکا
عاقڵانە یاری بە نینۆکە درێژەکانی دەکا
بێ چەتر بە ناو تۆفانەکانا ڕادەکا
کە باران دەبارێ خەونەکانی دەخاتە ناو ژانتا سورمەییەکەی
دوای باران لە ویستگەکانی بێهودەییدا ،، ژانتاکەی دەکاتەوەو
لە ناو پێخەفی باراندا سەر خەوێ دەشکێنێ
ئەو فێرە وەکو مانگ ڕادەکشێ بە تەنیا
غەڵبە غەڵبی شەللاتی و ،،، یەقدانەوەی هێڵنجی
سەرخۆسەکانی نیوە شەو ،، لەخەوی ناکەن
چاوەڕوانی پاسەوانیک ناکا ،،، پاسی مەمکەکانی بکا
مەمکەکانی بیزارن لە چەپەرەکانی ستیان و قۆپچەکانی سەراب
چەند جوانە ئەم ژنە ،،بەو شەوە وەک چنار ڕاکشاوە
بەتەنیا سەرمای دەبێ ،،، بەتەنیا دەمرێ
بۆ ئەوەی سەرمای نەبێ ،،، بۆ ئەوەی نەمرێ
لەگەڵ ئەودا دەچینەوە ئەوێ ، ،،، ( ئەوێ ) یەک لەناو دڵ
مێرغوزارەکانی بەرائەت
لەوێ ئازادی مردن داگیرمان دەکا
لەوێ نە گۆڕستانێک هەیە بەیانیانی جومعان سەردانی بکەین
نەمردویەک هەیە بەدەم پرچ ڕنینەوە بیلاوێنینەوە
نە ئێوارە شێعرێک هەیە گوێ لە جنێو نامەکانی بگرین
لەوێ نە تێکەل بونێک هەیە تاسەر ،،، نە جیا بونەوە
لەوێ نە چاو سورکردنەوەیەک هەیە نە کینە
لەوێی ساکەدەشت ،،، ئاسکەکەی غوربەتیش ڕاکشاوی ئەوینە
،،،،،، ،،،،،،،،، ،،،،،،،،
ئەو ئەوە خانمەکەم
تۆش هەرتۆی
ئەو ئاسکێکی یاخی بوی شاران و
تۆش نێجیرێکی دەستەمۆی
ئەو عەشق لە سەریا گڤەی دێ و
تۆش لە ناو زەلکاوا
ڕوخساری بەزینی خۆت ئەشۆی