فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

دەستم بەهەڵپاچینی گوڵ و نەمامەکانی حەوشە کرد

“دەستم بەهەڵپاچینی گوڵ و نەمامەکانی حەوشە کرد”

د. شادان عەلی/ شاعير و نيگارکێش/ سلێمانی

 

لەگەڵ دەنگی پێکدادانی دەرگای دواوەی هەڵڕشتنی لمی گەڵابەکەی کۆڵان، ئیتر خەوم زڕا ،

بەیانیيەکی زووە هێشتا ڕۆژ نەبۆتەوە، بەناچاری هەستام و پەردەی پەنجەرەی ژوورەکەم لادا، پەنجەرەکە تەمێکی سپی زۆری پێوەبوو، لەگەڵ سڕینی تەمەکە هەتا تەماشایەکی دەرەوە بکەم و کورد واتەنی ( دنیا چ خەوەرە ) .

تیشکێکی تەنکم بەسەر گوڵەکانەوە بینی خەیاڵەکانمی دەشکاندەوە، سەر ڕێژبوونی ئاوی بیرەکەی حەوشە دیمەنێکی جوانی هەبوو، چونکە هەفتەی پێشوو بارانێکی باش باری بوو، گوڵدانەکەم لەئاوی ناو بیرەکە پڕکرد و لەپێش هەموویانەوە گوڵە نێرگزەکانم ئاودا، وەرز وەرزی خۆی بوو گوڵەکانی جوان گەشاونتەوە بۆنیشی ناو باخەکەی پڕ کردبوو، چنگاڵێکم هێناو گڵی ژێر نێرگزەکانم شیکردەوە هەتا شێدارتربێت و گوڵەکان جوانتربن.

بۆ لای پەنجەرەکە گەڕامەوە و پارچە پەڕۆیەکی وشکم هێنا و هەموویانم سڕی. کەشوهەواکەی ساردە، ڕەنگی دنیايش بۆتە ڕەنگێکی خۆڵەمێشی.

من کچی ماڵەوەم هێشتا دانەمەزراوم و کارێکی دیاری کراوم نيیە، لەگەڵ ئەوەيشدا ساڵانێک پێش ئێستا خوێندنم تەواو کردووە.

بەدەم سەرقاڵیمەوە جلە شۆراوەکانم بە تەنافە درێژەکەی حەوشەکەدا هەڵخستن و هەتا درەنگانێکی ڕۆژ هەر خەریکی کاری ناوماڵ بووم.

جار جارەيش خەونووچکە دەیبردمەوە، ئەوەندە ماندوو بوو بووم، ئەمڕۆ هەموو کاتەکانم بەئیشکردنی ناوماڵ بەسەر برد، نەگەیشتمە لای عەسر خەوم لێکەوت.

چونکە ئەم بەیانیيە لەگەڵ دەرکەوتنی شەبەقی خۆردا دەنگی پێکدادانی دەرگای گەڵابە و تەقە و زرمە و کوتەکوتی چەکوش کاری و بەستنی تەختەی سەقفی خانووەکەی بەرامبەرمان، کرێکارەکان بە خەبەرییان هێنام.

ئێوارەیە و بارانێکی بەخوڕ دەبارێت، کچەکەی دراوسێشمان هاوڕێیەکی نزیکمە و بەمیوانی هات بۆ لام.

لەدوای سڵاو کردن وتی:

ئەم ئێوارەیە لەلای باخەکەی سەرەوە هاتمەوە، بارانەکە زۆر جوان دەبارییە سەر دارەکان، دڵۆپەکانی باران پێکەوە یەکیان دەگرت و لەسەر دەنکی زەیتونەکان دەچۆڕانە خوارەوە.

وتم دار زەیتونی لێیە؟

وتی بۆ زەیتوونت نەبینیوە؟

سبەی پێکەوە دەچین .

وتم حەزم لەخواردنی زەیتونە بەڵام لەخۆشەکردنی نازانم .

تەنیا لەبازار کڕیومە و خواردوومە.

لەدڵی خۆمدا دەمووت ئەی ئەگەر سبەی بچین بۆ باخەکە زەیتون دەبینم؟

دەمەوێ زەیتوون لێ بکەمەوە بەڵام بەتاڵی چۆن دەخورێت!

کچە دراوسێکەمان قسەم بۆ دەکات، منیش خەیاڵم لای خۆشەکردنی زەیتوونەکەیە،

ئاوڕێکی دواوەم دایەوە مەلیحەخانی ژنی حاجی دوکاندارەکەم بینی دەڕۆیشت بۆلای دوکانی بایەعیيەکەیان هەتا بزانێت بایەعیيەکە چی بۆ هاتووە.

بانگیم کرد و وتم پورێ گیان هەواڵت چۆنە؟

پرسیارێک بکەم؟

وتی ها کچی جوان گوێم لێتە قسە بکە.

کەمێک خۆم سەرقاڵ کرد، شەرمم دەکرد لەپرسیارەکەم بەڵام هەرچۆنێک بوو قسەم کرد.

پورێ گیان تۆ دەزانیت زەیتوون خۆشە بکەیت و تاڵی نەمێنێت؟

وتی جا کچم زەیتوون هەر ئەوەندە پاک بیشۆرەوە و دەنک دەنک بە چەقۆ ئەم لاو لاکەی خەتێکی تێبکە و پاشان بیخەرە سەر ئاگرێک تا ئاوەکەی گەرم دەبێت و کەمێک لیمۆندۆزی و خوێی تێبکە، دوای بیپاڵێوە هەتا سارد دەبێتەوە، بیخە ناو سەتڵێک و ئاوی تێبکە، ڕۆژانە لەهەمان کاتدا ئاوەکەی بگۆڕە تاڵیەکەی لەدوای دوو بۆ سێ هەفتە دەڕوات، ئینجا خوێی زبر و خەل و قاژی لیمۆ و کەمێک ڕۆنی زەیتوون بەسەریدا بکە، دوای چەند ڕۆژێک پێدەگات وئیتر بیخۆ تامی زۆر خۆش دەبێت.

نەمزانی شەو چۆن دەڕوات، دڵم هەر لای دار زەیتونەکەیە، بەڵکوو سبەی زوو بێتەوە بڕۆم، بەدەم خەیاڵەوە شەو خەوم لێکەوت.

خەبەرم بۆوەوە سەیری سەعاتم کرد وا سەعات یانزدەی نیوەڕۆیە.

توانای چاوەڕوانیم نەمابوو

لەگەڵ خوشکەکەم ڕۆیشتین پێش ئەوەی کچی دراوسێکەمان بێت بەشوێنمادا.

کە گەیشتینە باخەکە، بینیم لەدوو شوێنەوە قادرمەی هەیە، قادرمەیەکیان لەڕووکاری سەرەوەی ئەوی تریشیان لەڕووکاری خوارەوەیەتی، هەر قادرمەیەکی چەند پلیکانەیەکی هەیە، ئەم لاو ئەو لای قادرمەکانیش بەدیواری بەردی سپی هەڵچنراوە .

تەنیشتی باخەکەيش نەخۆشخانەیەکی گەورەیە و لەچەند قاتێک پێکهاتووە، پەنجەرەکانی کەوتوو بوونە سەر دیوی باخەکە، هەر قاتێکی چەند ژوورێکە، ژوورەکانیش نەخۆش تێدا دەمێنێتەوە.

دوو باخەوانیشم بینی لەناو باخەکە ڕۆژانە دەوامی ئاسایی خۆیان دەکەن.

دوو دار زەیتونیشم بینی لەسەر ڕێگای قادرمەکان بەرامبەر بەیەک ڕوابوون، یەکێکیان دەنکی زەیتونەکەی بچووکە و ئەوی تریشیان هەر دەنکێکی بەقەد گوێزێکە.

بۆ خۆم شەرمم دەکرد بچم، بۆیە داوام لەخوشکەکەم کرد بچێت و پرس بەباخەوانەکە بکات و کەمێک زەیتون لێ بکاتەوە ،

ڕۆیشت بۆلای باخەوانەکە، باخەوان ڕێگەی پێدا و کەمێکی لێکردەوە و بۆی هێنام.

منیش لەدوورەوە سەیریم دەکردن

بەڵام چی لەزەیتوون بکەم، هیچ شارەزاییەکم لەخۆشەکردنی زەیتووندا نیيە و ڕۆیشتینەوە بۆ ماڵەوە، لەماڵیشەوە هەروا دامان نا.

بۆ ڕۆژی دواتر دوانیوەڕۆکەی کچی دراوسێکەمان هات و وتی:

بابچین بۆ باخ

وتم شتێک بڵێم:

کەمێک بێدەنگ بووم، یارییم بە سەری پەنجەکانی دەستم دەکرد و زمانیشم قورس بوو، لەدڵی خۆمدا بیرمکردەوە با نەیشارمەوە ڕاستی پێبڵێم باشترە.

سەیرێکی چاوەکانیم کردو وتم:

دوێنێ لەگەڵ خوشکەکەمدا ڕۆیشتم، باخەوانەکەی لێ بوو، کەمێکی بۆهێنام، زەیتوونەکەيشم جوان شۆردبووە هێنام و پیشانمدا.

کەبینی پێکەنیی و وتی:

ئەمە چيیە ؟

ئەو زەیتوونەی من دەیڵێم دەنکی گەورەیە.

بابچین دوا نیوەڕۆیە و باخەوانەکانیش دەڕۆنەوە.

زەیتوونەکانیش زۆربەی کەوتوونتە سەر زەوی و کەس نایەوێن، منیش بانگی خوشکەکەم کرد و وتم:

وەرە بابچین بەڵام دارەکانیش بەرزن باشە چۆن دەستمان بیانگاتێ،

لەقسەکردندابووم چاوم بەماسیحەیەکەی حەوشە کەوت، کلکی ماسیحەکە داربوو، کلکەکەیمان لێکردەوە و بردمان.

پێش ئەوەی بگەینە باخەکە، سێ چوار ژن پێکەوە وەستابوون و قسەیان دەکرد، دیاربوو کە ماڵیان لەم نزیکانەیە و جلی ماڵەوەیان لەبەردایە و باسی ئەم ڕۆژەگاریان بۆ یەکتر دەکرد.

بەپلیکانەی باخەکەدا سەرکەوتم و تەماشامکرد هەردوو لام دار زەیتوونە، فریا نەدەکەوتم سەیری کام لایان بکەم .

ژنەکانیش دەهاتن بۆ ناو باخەکە، کاتێک گوێیان لەدەنگی ئێمە بوو، من هەر تەماشام دەکرد و هێشتا هیچم لێ نەکردبووەوە، ژنێکیان هاتە سەر قەراخی بەرزایی ناو باخەکە بەرامبەر بەئێمە دانیشت، گوێم لەدەنگی بوو ، دیاربوو پرسیاری دەکرد .

ئاوڕێکم دایەوە سەیرێکیم کرد هیچم نەوت.

ژنەکە تەمەنی هەبوو، ڕووخسارێکی هێمن و زەردەخەنەیەکی نەرمی لەسەر لێوانی بوو، جلێکی کوردی ڕەشێکی کاڵەوە بووی لەبەردابوو، سەرپۆشێکی ڕەشی کردبوو، ئەگریجە و زوڵفە سپیەکانی لەژێر سەرپۆشەکەیەوە هاتبوونە دەرەوە، نمە بارانیش دەباری کەشوهەوا تەڕو سارد بوو.

سەیرێکی پێکانیم کرد جووتێک سەر پێی لەپێدا بوو.

پەنجەکانی هاتبوونە دەرەوە، باران پێکانی خوساندبوو.

لەپڕ دەنگ لەو لامەوە بەرزبووەوە وتی:

چاوی ئەوەندە پیسە هەتا وای لێهات

وتم چیبووە ؟

وتی ئەو ژنە هاتۆتە بەرامبەرمان دانیشتووە و هەر سەیرمان دەکات، دیارە کە چاوی لەزەیتوونەکەیە، ئەی بۆ پێش ئێمە نەهاتۆتە ئێرە، هەتا ئێستا کەسم نەبینیووە لەم باخە زەیتوون لێ بکاتەوە، لاسایی من دەکاتەوە بابڕوات.

وتم جا با دابنیشێت چی تێدایە؟

گوناحە ژنێکی بەتەمەنە.

وتی نا دار ماسیحەکەم هەڵدا بۆ زەیتوونی سەر چڵەکان کەدەسمان نایگاتێ، دارەکە کەوتە خوارەوە بەرپشتی خوشکەکەت کەوت .

بەخوشکەکەمم وت:

ئازاری هەبوو؟

وتی نەخێر کەمێک ئازاری هەیە.

جارێکی تر ژنەکە بانگی کردمەوە وتی:

ئەو زەیتوونەت بۆچیيە و چۆن خۆشەی دەکەیت؟

هەستم کرد ژنەکەيش وەکوو من پەرۆشی زەیتوونە. بەڵام نەمتوانی درۆی لەگەڵ بکەم، ڕووخساری زۆر سادەو شیرین بوو.

هیچ شارەزاییەکم لەکاری خۆشەکردنی زەیتوون نەبوو، ناچاربووم شتێکی پێبڵێم باشترە، هەتا دڵی نەشکێنم.

وتم پورێ گیان زەیتوونەکە تاڵە، بۆ خواردن نابێت بۆ کەسێک باشە بیخوات کە نەخۆشی شەکرەی هەبێت.

ئەوەندەم نەزانی هەستا و ڕۆیشتە لای ژنەکان، خێرا بۆی گێڕانەوە،

لەو لای ئێمەوە ئەوانیش دەستیان کرد بە زەیتوون لێکردنەوە، یەکێک فەقیانەی کراسەکەی پڕ دەکرد و یەکێکی تر چمکی کراسەکەی و ئەوی تریشیان نیوەی سەرپۆشەکەی هێنابووە خوارەوە هەتا پڕی بکات. پاش کەمێک هەریەکەیان بەرەو ماڵی خۆیان گەڕانەوە.

منیش واقم وڕماوە و سەرم دەسوڕمێت لەجوانی ئەم درەختانە، نەمدەزانی چۆن و لەچیيەوە لەکام لق و چڵەوە دەست بەلێکردنەوەیان بکەم، کە وەکوو هێشووی ترێ زەیتوونی گرتووە و بەسەرچڵەکانیيەوە شۆڕبۆتەوە، چەند زیتوونێکیشم بینی بەناوەراستی پەلکی سەروو و قەدەکەیەوە بەبێ گەڵا زەیتوونی گرتووە.

وەک چۆن پشیلەیەک خۆی مت دەکات بۆ ڕاوی چۆلەکە لەسەر چلی درەختێک، منیش ئاوا مت بووم و چاوێکم نوقاند و بە چاوەکەی تریشم سەیری زەیتوونەکانم دەکرد و دەستیشم پێنەدەگەیشت.

بیرمکردەوە چۆن بتوانم دەستم پێیان بگات و لێیان بکەمەوە، دڵم لەلای پەیژێکەی ماڵەوەمان بوو.

وتم کچینە پەیژەمان هەیە لەماڵەوە ،

پێکەنین و وتیان بەڕاستە؟

پەیژەی چی؟

پەیژە ئاسنەکەی ماڵەوە دەهێنیت بۆ ئێرە، خەڵکیش بتبینێت بەسەر پەیژەوە ئاوا زەیتوون لێبکەیتەوە، پێت دەڵێن چی؟

زۆرمان لێکردۆتەوە عەلاگەمان پڕکردووە خەمت نەبێت، با بڕۆینەوە کات درەنگی کرد.

لەکۆتایدا زۆر ماندوو بووین هەرچی کەوتبووە سەر زەوییەکە لەدوای وەراندن هەموویمان کۆکردەوە، زەوییەکە پاکبوو، هەفتەیەکە باران دەبارێت و دار و بەردی شتۆتەوە.

لەکاتی زەیتوون لێکردنەوەکەماندا گەڵایەکی زۆریشمان بەداری ماسیحەکە وەراندبوو.

دەبێت سبەی باخەوانەکە بێت و ئەمە ببینێت چێ بڵێت؟

سەرەتای مانگی ڕەشەمێ بوو، سەیرێکی ئاسمانم کرد، هەورێکی خۆڵەمێشی و ڕەش دەست لەملانی یەک بوو بوون.

لەگەڵ گرمە و تریشقە، ترسی بارینی بەخوڕ و تەرزە و بۆران هەر زوو بۆ ماڵ گەڕاینەوە.

خوشکم زەیتوونەکەی لەناو تەشتێکی گەورە هەڵڕشت و پاک شۆردییەوە

ئەنجا بەچەقۆ خەتمان تێکرد

بەپێی ڕێنمایی ژنەکەی مام حاجی دوکاندار خۆشەمانکرد.

تووشی ژانە سەرێکی زۆر توند بووم هەتا دوو ڕۆژ، هەم باران و سارد و سەرماکەی هەمیش قورسی کارەکە، کەیەکەم جارمە ئەم کارە بکەم بۆیە نەخۆش کەوتم.

کات بەسەرچوو لەدوای سێ هەفتە زەیتوون تەواو ئامادەبوو بۆ خواردن.

نیوەڕۆیەک خواردنم ئامادەکرد و براکەم لەتەنیشمەوە دانیشت و وتم:

کاکە دار زەیتوونت بینیووە چەند جوانە کەوتمە پیاهەڵدانی جوانیيەکەی و براکەيشم وتی :

ئەی چۆن بۆ یەکەم جارتە بیبینیت؟

بەڵێ یەکەمجارمە لەنزیکەوە بیبنم و بەدەستی خۆم لێبکەمەوە.

منیش هەموو ژەمێکی نیوەڕوان و ئێواران خواردنم بێ زەیتوون نەدەخوارد

دەمەو ئێوارەییەک ڕۆیشتینە پارکێکی گشتی ناوشار بۆ پیاسەکردن، دانیشتین لەپڕ چاوم بەدار زەیتوون کەوت.

پیاوێکی بەتەمەنیش بەڕێگاکەدا بەرە و لای ئێمەوە بەو ڕێگایەدا دەهات.

هەستام و ڕۆیشتمە بەردەم ڕێگاکەی.

وتم خاڵە باخەوانیت لێرە؟

وتی ناکچم بۆ ؟

وتم ئەو زەیتونە کەمێک لێبکەمەوە؟

وتی جا کچم زەیتوونەکە نیوەی کەوتۆتە خوارەوە کەڵکی نەماوە بۆخۆت لێيبکەرەوە، هەر کەسێکیش قسەی کرد بڵێ پرسم بە شێخە کردووە و وتوویەتی لێبکەرەوە، خەمیشت نەبێت ئەوانەی لێرەن ئیش دەکەن هەموویان من دەناسن، دەستی بۆ دار زەیتوونەکە ڕاکێشاو وتی: سەرپەرشتی ئێرە دەکەم.

زەیتوونەکەيشی زۆر بچووک بوو بەڵام هەر هەندێکم لێ کردەوە.

شەو پێش خەوتن بیرم کردەوە، ئەو پیاوە بەتەمەنە باخەوان نەبوو تەنیا بەلاماندا تێپەڕی، ئەی ئەگەر کەسێک پرسیاری لێم بکردایە!

بڵێم شێخە ڕێگەی پێداوم، کامە شێخە!ناڵێت شێخە کێیە؟

دیارە هەر ڕێبوارێک بووە و زانیوویەتی حەزم لەسەر زەیتوونەکە بووە بەو شێوە قسەی لەگەڵکردووم هەتا دڵم نەشکێ و بەشی خۆمی لێبکەمەوە.

باشە ئەی ئەو ژنانەی لەگەڵ ئێمە زەیتوونەکەیان لێدەکردەوە، دەبێت چۆن بەکارییان هێنابێت، تۆ بڵێیت بەتاڵی خواردبێتیان، کەپێمووتن بۆ کەسێک شەکرەی هەبێت باشە بیخوات،

دەبێت چیان بەسەر هاتبێت و چیان لەو زەیتوونە کردبێت؟

بەهەرحاڵ خەوم لێکەوت.

چەند مانگێک بەسەر چوو لەڕێگە بووین بۆ ماڵەوە دەگەڕاینەوە، وتم پێش ئەوەی بگەڕینەوە با لەڕێگە لابدەین و سەرێکی باخەکە بدەین ، زەیتوونەکەم کەم بۆتەوە و وانامێنێت.

لامانداو چیمان بینی، لەبەشی خوارەوەی هەموو دار زەیتونەکان لق و چڵەکانیان هەڵپاچی بوو ئەوەندەی تریش بەرزکرابوونەوە بەردەوام بارانێکی بەخوڕیش دەباری، دەست و پێڵا و قاپووت و جانتا و تەنانەت دەموو چاویشمان هەمووی لەقوڕ هەڵکێشرا، هەر بەو حاڵە گەڕاینەوە.

دیار بوو لەم وەرزەدا دارەکان پێویستیان بەهەڵپاچینە، هەر بۆیە باخەکەيشیان پاککردبۆوە، منیش وازم لە لێکردنەوەی زەیتوون هێنا و خەریکی کارەکانی ماڵەوە بووم، دەستمکرد بە پاکردنەوە و هەڵپاچینی گوڵ و نەمامەکانی حەوشە.

ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

باڵوێزی ئاشتی جيهانی مافی مرۆڤ لە رێکخراورەکانی جيهانی و رێکخراوی نەتەوە يەکگرتووەکان *