فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

سارا

سارا

کەريم دەشتی/ شاعير / هەولێر

 

تۆ فەریکی پڕ شیری

کێڵگە دوور و شینەکانی

کە سپێدان لەگەڵ شنەی

دەشتاییەکانی نیشتمان

پڕ ئەبوو لە بۆن وبەرامەی

چەپکە ڕێحانەی سینەی تۆ

پڕ ئەبوو لە ئاوێنەی

شەرم و شکۆی

هەزاران هەزار ڕەنگی تۆ

دونیا پڕ ئەبوو لە ڕووناکی

لەسای هەیبەتی شەوقناری تۆ

بۆنی خوناوەی سپێدانت لێدێ

بۆنی ئێوارانی

ئاسۆڕێژکراوی کوختە خەمگینەکانت لێدێ

کە بەیەکەوە ڕامان ئەکرد

واماندەزانی سووراوی خودایە

وەک تاڤگە

ئەڕژێتە سەر لێوی خاک

ئەوێ دەمێ

ژیان چەند خۆشبوو سارا

سادە وەک لێوی تۆ

قووڵ وەک خەمگینی من و

ساکار وەک بزەی تۆ

لە دەم گۆماوەکاندا

ئاومان بەرد باران ئەکرد

تا بزانین بەردەکانمان

چەند جار بازنە ئەگروێنن

هەوێردەکان

لەسەر شانت ئەنیشتنەوە

باش پرچی تۆی ئەخستە ناو باوەشمەوە

واماندەزانی ئاسمان

کڵاوێکی شینە بە سەر سەری زەوییەوە

ئەچووین تا دەست

لە شووشەی ئاسمان بدەین

هەر نەگەیشتینە ئاسمان سارا

ئێستێش ڕێ ڕێ

لە توونێلەکانی ژیان ونبووینە

کەباران دەباری زەوی تۆزی لێهەڵئەستا

ڕۆحمان پڕ ئەبوو لە ڤیان

ئێمە بە بۆنی

ئەو خاکەوە گەورە بووین

ئێستاش ئەبینی

چەند بێتام بووە ژیان سارا