فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

لە داوێنی شیعری حەزرەتی مەولاناوە

لە داوێنی شیعری حەزرەتی مەولاناوە

پشکۆ نەجمەدین/ شاعیر/ سوێد

لە ئاسمانی دڵی مندا،
نە مانگ و نە ئەستێرەیەک،
هەر تەنیا تۆ.
لە شەوگاری ڕووحی مندا،
نە گزنگ و نە ڕۆژنەیەک،
هەر تەنیا تۆ!
تۆ شەوەزەنگ و ڕۆشنایی.
تۆ یەکبوون و لێکجودایی.
تۆ هەم پردەکەی ویساڵ و
هەم سەروەختی ماڵاوایی!
تۆ هەم دەرد و
هەم دەرمان و
هەمیش کوفر و
هەم ئیمان و
هەم یەقین و
هەم گومان و
هەم سەرەتا و
هەم کۆتاییەکەی زەمان و
هەم ئەو بانگە ئاشکرایەی
لە “کان”ی هەق هەڵدەپرژێی.
تۆ خۆشاوی عیشقی حەق و
لە خەڵوەتگەی عاشق دەڕژێی.