فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

پەخشانە شیعر بۆ گیانی پاکی (شێرکۆ بێکەس)

پەخشانە شیعر

بۆ گیانی پاکی (شێرکۆ بێکەس)

عیسا حوسێن/ شاعیر/ هەولێر

شێرکۆ بێکەس هەر بەتەنها خۆی و

ملپێچە سوورەکەی ملی و
جگەرە داگیرساوەکەی دەستی و
جانتایەك پڕ لەهەست و
پڕ لەوشەو
پڕ لەشیعری تازەوە
بەلاما تێئەپەڕێ و
پیاسەیەك لەگەڵ ( با )یەکی بێتاقەت ئەکا
دەستلەملانێی شنەیەکی بەیانیان ئەبێ
کە ون ئەبێ …
ئەڵێن سەردانی چایخانەی (شەعب) ئەکا
هەندیکیش ئەڵێن …
لەهەڵەبجە لای عومەری خاوەرو کۆرپەکەی باوەشی بینیوویانە
لە( کانی عاشقان)یش مژێکی قووڵی
بەقەد قووڵی خەمی کورد لەجگەرەکەی داوە
لەناو باخەکانی (عەنەب)یش تفێکی مزری
لە(سێو)و لە(شازدەی سێ) کردووە
کە ون ئەبێ …
جاری وا هەیە لەخانەقین بینیوویانە ..
لەکەناری ئاوی (ئەڵوەن)
لەگەڵ (خودادا عەلی)بەیەکەوە گۆرانیان چڕیوە
جارێکیش چەند شایەدحاڵێك
لەدەروازەی ئامێدی بینیوویانە
لەگەڵ (عیزەت عەبدولعەزیز) هەناسەیەکی ساردی هەڵکێشاوەو
باسی پێشەوا قازی و کۆمارە سەربڕاوەکەیان لەمەهاباد کردووەو
هەر لەوێش گۆرانی (دایێ وەلات شیرینە … بابۆ وەلات شیرینە)ی تەحسین تەهایان
بەیەکەوە وتۆتەوە
جارێکیش چۆتەوە کەرکوك و
لەچایخانەی (مەجیدیە)لەگەڵ (عەلی مەردان) دانیشتووەو
بەدەم گوێگرتن لەقەتارو ئەڵلاوەیسی
بەتامی پێکێك چایەکی خەستی هەڵداوە
هەر بەیەکەوە لە(لەیلان)یش یادی
(بارام خدر چاوەش)یان کردۆتەوە
ئەڵێن جارێکیش لەهەولێر
سەردانی (عەبدولخاڵق مەعرووف)ی هاوڕێی کردووە
شەو لە(یانەی نووسەران)یش هەر بەمەستی
تازەترین قەسیدەی درێژی خۆی
بۆ مەحموود زامدارو سەعدوڵلا پەرۆش خوێندۆتەوە
لەبەغداش … لەحەیدەرخانە
لای (بەشیر موشیر)بینیوویانەو
شیعرێکی تازەی هەر بەناوی (ئوستاد)ەوە
بۆ نووسیوە
کەلەئارامگەکەی خۆی نامێنێ و ون ئەبێ …
لەکۆیەو لەفلکەو ژێر پەیکەرەکەی (حاجی ) یش بینیوویانە …
هەر لەوێ و
هەرلەوکاتەشدا
بەژنێکی شۆخی وتووە :-
(هێندە جوانی …
گەر لەشاران شار بوویتایە
من دڵنیام کۆیە دەبوویت … !!! )
من خۆم دیوومە کە لێرەبێ
شیعرو وشە قافڵە قافڵە دێن بۆ لای و
هەواڵی ئەسحابەسپی و دارەسووتاوەو برایم پاشاو زەرگەتەو کانێسکان و عەقاری و
تووی مەلیك و مەڵکەندی و سابوونکەران و مەجیدبەگ و
هەواڵی رزگاری و ژێرپردەکەو حاجی حان و
باغی بەختیاری و چوارباغ و سەرشەقام و
باغی سەعیدبەگ و ..
سەرتاپای سلێمانی بۆ دەهێنن … !!!
هەموو ئەمانە …
ئەمڕۆ لەناو گوڵزارەکانی (پارکی ئازادی)
پەپوولەیەك کە رەشەبایەکی بێویژدان باڵەکانی شکاندبوو
بەچەند خوولەکێك بەرلەوەی گیانی دەرچێ
بۆی گێڕامەوە … !!!
عیسا حوسێن
سلێمانی
تێبینی :- دوو بەیانی(11)ساڵ بەسەر کۆچی دوایی شاعیری گەورەو نەمری گەلەکەمان
(شێرکۆ بێکەس 1940-4/8/2013 )تێدەپەڕێ