فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

بە ئیسماعیل بانگم بکەن

بە ئیسماعیل بانگم بکەن

چيرۆک

ن : ياوز ئێکینجی

و؛ لە تورکييەوە: بەکر شوانی / وەرگێڕ و ڕۆژهەڵاتناس / ئەڵمانيا

 

 

“بۆچی هەموو زیندووەکان بێدەنگبوونی مردووەکانیان دەوێت؟

(هێرمان مێلڤیل)”

 

بە ئیسماعیل بانگم بکەن! لەژێر ئاسمانێکی ڕەنگ شینی کاڵدا ڕاکشاوم. تەنانەت دوو تاشە بەردی سپیش لە ژوور سەرم و لە دامێنی پێیيەکانم دانەنراون تا گۆڕون نەبم. هیچ تەدارەکێک بۆ بەخاکسپاردنم ڕێک نەخرا. نە مەلا چەند ئایەتێکی لە کتێبی پیرۆز خوێندەوە و نە قەشە و دیاقۆنووسەکان سروستی یەزدانییان گوتەوە. تەرمەکەم لەسەر تەختی مردووشۆر نەشۆردرا و لەسەر بەردی موسەڵا دانەنرا. بنەماڵەی قەشە و باوکی ڕوحی بۆ دەربڕینی خەم و پرسە بانگ نەکران. ئەوەیش نەبوو تەرمەکەم بشۆردرێت، بخرێتە دارەبازەوە و بەدەم خوێندنەوەی سرووستی یەزدانییەوە بەرەو کەنیسە ببرێت. پرسەکەم دوور بوو لە ڕێوڕەسم و دابونەریت. لەسەر چیایەک دەستم لێ وەشێندرا و مردم. سەربازێکی وەک من، هەندێک جار لە دۆڵێکدا، بڕێک جار لە دەشتێکی بێ کۆتایی و هەندێک جاریش لە سەنگەری شوێنی خۆشاردنەوەدا دەپێکرێت و ئەگەری ئەوە هەیە تەرمەکەی لە شوێنی پێکانی بمێنێتەوە. مردم. سەرەتا هەستم بە سووتانەوەیەک لە سینگمدا کرد و پاشان هەستم دەکرد خوێنی جەستەم دەردەهێندرێت. پەنجەکانم سست بوون و چەکەکەم کەوتە سەرزەوی. دەنگی بەرکەوتنی چەکەکەم لەگەڵ زەویدا لەپڕ هەموو گەردوونی تژە کرد و نەمتوانی هیچ دەنگێکی تر ببیستم. ئەژنۆکانم سست بوون. لە کاتێکدا هەوڵم دەدا پێيیەکانم لەسەر خاکی سەرکردووی ژێر پێم دابنێم، لە تاو ئازاری گڕگرتووی سینگم دەمەوڕوو کەوتمە سەرزەوی. دڕک و پارچەی بەرد لە ناولەپەکانی دەستم چەقین. دەمەوڕوو بەسەر ئەژنۆدا کەوتم و کڵاوەی ئەژنۆکانم شکان. کاتێک بەدەم ئازارەوە لەسەر زەوی گینگڵم دەدا، گولـلەکان بە گیڤەیەکی ترسناکەوە بەسەر سەرمدا تێدەپەڕین. بەزۆر دەستم برد بۆ سینگم. دەستم بوو بە خوێنەوە. سەیری بەردەکەی چەند هەنگاوێک پشتەوەی خۆمم کرد. گولـلەکان بەر بەردەکان دەکەوتن. هەوڵم دا بە سکەخشکێ خۆم بگەیەنمە بەردەکەی پشتمەوە. هێز لە جەستەمدا نەمابوو. ڕێگەیەکی دوو تا سێ هەنگاوی بوو، بەڵام وەک ئەوە وابوو کۆتایی نەبێت. دوای ئەوەی خۆم گەیاندە پشتی بەردەکە، نوقمی خوێن و ئارەقە ببووم. پشتم دا بە بەردەکەوە و هەوڵم دا هەناسەیەکی قووڵ هەڵبمژم. لەگەڵ هەر هەناسە هەڵمژینێکدا هەستم بە گڕکانێک لە سینگمدا دەکرد… سەرم دەسووڕا. دەستی لەرزۆکم خستە سەر سینگم. بە چاوی نیوە کراوەوە بۆ ئاسمانم ڕوانی. هەتاو… باڵندە گۆشتخۆرەکان بە ئاسماندا دەسووڕانەوە. بیرم لە دایکم کردەوە کە هەمیشە بە ئومێدی ئەوەی ڕۆژێک هەر دەگەڕێمەوە، چاوەڕێمی دەکرد. چەندین ڕۆژ چاوەڕێم دەکات و هەرگیز باوەڕ ناکات مردبم. بیرم کردەوە تەنانەت گۆڕێکیشم نابێت بۆ ئەوەی هەر کاتێک دایکم تاسەم بکات، بەسەریدا بگری. ئازارێکی چەند بەسوێیە بۆ دایک!… هەوڵم دا ئەو بیرانە لە مێشکی خۆم بڕەوێنمەوە، بەڵام ڕووخساری دایکم لەبەر چاوانم ون نەبوو. نیگام بڕییە ئاسمان و لەو دۆخە و لەوێدا ڕوحم سپارد. کاتێک لەسەر ئەو چیایە گیانم دەدا، کەسێک نەبوو خۆی بەسەرمدا لار بکاتەوە و بڵێت: “دەستم بە دامێن، مەمرە!” کەسێکیش نەبوو بێژێت: “دەژیت!” لەو تەنیاییەمدا ئومێدی مان و ژیان لەبەرەوە کەمی کرد تا گەیشت بەوەی بەیەکجاری هەرەسی هێنا. نەبوونی هیچ کەسێک لە دەوروبەرم وای کرد مەرگم ببێت بە ئازارێکی خۆلەبەردا ڕانەگیراو. ترسی مانەوەی تەرمەکەم لەم شوێنەدا وەک پشکۆ کەوتە هەناومەوە.

بە ئیسماعیل بانگم بکەن! دوور لە هەمووان و لەسەر ترۆکی ئەو چیایە پێکرام. تەرمەکەم لەوێ مایەوە. دایکم بەردەوام هەواڵی نەمردنی منی پاتە دەکردەوە. لێ لە ڕاستیدا من لەوێ مردبووم. جلوبەرگی بەرم کۆن بوون. جەستەم لەبەرەوە پووکایەوە. با بۆنی گۆشتی گەنیوی جەستەمی برد بۆ دامێنی چیا و دۆڵەکان، ئاژەڵان بۆنیان پێوە کرد و لەسەر تەرمم کۆ بوونەوە. داڵە گۆشتخۆرە، ڕێوی، چەقەڵ، گورگ… کرمی سپی سەرتاپای جەستەمی تەنی. کرمەکان هەر ڕۆژەی بەشێکی جەستەمیان دەخوارد و بێ وچان ژمارەیان زیادی دەکرد. لێرە تەنانەت تاریکایی گۆڕیش لە ئارادا نەبوو. هەموو ڕووداوەکانم وەک خۆیان دەبینی. ڕەشایی گلێنەی چاوەکانم تا ئێوارە گەورە بوونەوە و لە کۆتاییدا مەیین. مێش و مەگەزی ترسناک و باڵ ڕەشی قەترانی و چاوتیژ. هەورێکی مێش و مەگەز جارێک بەسەر جەستەمەوە دەنیشتەوە و جارێک هەڵدەسا. ئاخ باڵندەکان… ئەوانیش لەوێدا هەریەکەیان ببوو بە بوونەوەرێکی هۆڤ. پەڕەکانیان بە خوێنی چۆڕاوە لە دەندووکیان قرێژ دەبوو. کاتێک بە دەندووک پارچەی گۆشتیان لە بەستەم دەپچڕی، دەمتوانی چاوچنۆکی لە چاوانیاندا ببینم. بە باڵەکانیان خوێنی سەر دەندووکیان دەسڕی. بە چڕنووک پارچە پارچە گۆشتیان لە جەستەم دەپچڕی. هەموو بوونەوەرانی سەر ئەو شاخە بۆ من ببوون بە جانەوەری دڕندە. دوای ئەوەی باڵندەکان گەدەی خۆیان پڕ دەکرد و بۆ هێلانەکانیان دەگەڕانەوە، هێرشی ڕاوچییانی شەو بۆ سەر جەستەم دەستی پێ دەکرد.

بە ئیسماعیل بانگم بکەن! هەموو شتێکم دی. بەلای منەوە، تاریکایی ئەنگوستەچاوی ناو گۆڕ، بە بەراورد بەو شتانەی من بینم، بە ئەندازەی بەهەشتی چاوەڕوانکراو خۆش دەبوو. کاتێک دەمبینی وا جەستەم لەژێر تیشکی هەتاودا دەتوێتەوە، ئیرەییم بە مردووانی نێژراوی ژێر چیمەنی سەوز دەبرد. ئاخر ئەوان کەسوکاریان دەیانتوانی بچنە سەر گۆڕی بە گوڵ و درەخت ڕازاوەیان و بڵێن: “خۆشەویستم، کوڕم، دایەم، بابەم…” زۆر خەفەتم بۆ دایکم دەخوارد. لە جەستەی لاواز و زارم تەنیا ئێسک و پرووسک مایەوە و ئەویش کەوتە بەر هێرشی مێروولە برسییەکان. گژوگیا پاشماوەی جەستەمیان داپۆشی و وەرزی باران هات. بۆگەنی دەوروبەر نەما. بەدەم بیرکردنەوەمەوە لە مردن، بەخێرایی پایز هات. پەڵەهەوری ڕەش بەری ئاسمانیان گرت. بایەکی توند باڵندەکانی ڕاچەڵەکاند، دوایین گەڵای دارەکانی دایە پێش خۆی بەرەو شوێنە دوورەکان. ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بیرەوەرییەکانی ماڵ و خۆشەویستەکەم و منداڵیم وەک گەڵاکانی پایز تێکەڵ بە با بوون و بە ئاسماندا ڕوویان لە شوێنە دوورەکان کرد. ئەوەی مایەوە، ئێسک و پرووسکی بێ گۆشت و بێ ماسوولکە بوو. ئێسک و پرووسکێک کە باران دەیشۆردەوە و ئەمجار لەژێر تیشکی هەتاودا دەدرەوشایەوە… تۆپەڵێک ئێسک و پرووسکی وشکهەڵهاتوو کە هەستی هیچبوونیان بە مرۆڤ دەبەخشی…

بە ئیسماعیل بانگم بکەن! ئەم ناوە لەلایەن بنەماڵەکەمەوە لە من نەنراوە. هیچ کەسێک بەم ناوە بانگی منی نەکردووە. لە تۆمارەکانی ئەو دەوڵەتەیشدا کە من یەکێک لە هاووڵاتیانیم، بەو ناوەوە تۆمار نەکراوم. بە ئەگەری زۆر، پەڕاوەکەم کە پێشتر لە ئەرشیڤی گشتیی بەرێوەبەرایەتیی باری کەسایەتی لە ڕەفەی زیندوواندا بووە، گوازراوەتەوە بۆ ڕەفە تەرککراوەکانی بەشی مردووان بۆ ئەوەی لەوێ بڕزێت. کاتێک لەژێر ئاسمانی ڕەنگ کاڵەوەبوودا تەماشای هێدی هێدی بە خاکبوونی پاشماوەکانی جەستەی خۆمم دەکرد، لەپڕ پەروەردگار خۆی بۆم نواند. تا ئەو ساتە دنیا بیابانێکی قاتوقڕ بوو لە چاوی مندا. تەنیا دەمتوانی جاروبار گوێم لە خشپەی ڕۆیشتنی مێروولەکان بێت بەسەر ئێسک و پرووسکمەوە. لەگەڵ ڕوونبوونەوە و بەدەرکەوتنی دیمەنی پەروەردگاردا، وەک ئەوەی لە هەر چوار لاوە دیوارەکان ڕووخابن، ڕەشەبایەکی بێ ئامان هەڵی کرد. دەنگی خشپەی ڕۆیشتنی مێروولەکان بێ ئەندازە بەرز بووەوە و ئاسمان و زەمینی هێنایە لەرزە. دەنگێکی ئێجگار ترسناکی هاوشێوەی دەنگی شەپۆلەکانی زەمین لەرزەی ژێر زەوی بەرز بووەوە. پاشماوەکانی جەستەم کەوتنە لەرزین. نەمدەتوانی پێشهاتەکان بپۆڵێنم. دەووروبەرم تاریکێکی ئەنگوستەچاو بوو. بە دەنگێکی بەرز و ڕەوان گوتی: “بدوێ، بەناوی هەموو ئەو کەسانەوە کە هاوشێوەی خۆت کراون بە قوربانی، بدوێ!” ئاسمانی تاریک بە ئەندازەی دڵی مرۆڤێک بەسەرمدا ڕووخا. پارچەکانی ئێسکم کە کەوتبوونە بەر قامچیی زریان و باهۆز و لەژێر هەتاودا سوتابوون و بە باران شۆردرابوونەوە و بە دەوروبەردا بڵاو ببوونەوە، هەموویان کەوتنە لەرزین. هزرم کە بە دەست برسێتی و ماندوویی و چاوەڕووانییەوە شەکەت و ماندوو ببوو، کەوتە خەوێکی پڕ لە دێوەزمەوە. کاتێک لە زیندەخەو شیار بوومەوە و بەگرانی چاوم کردەوە، ئاسمان لەبەرەوە ڕووناک دەبووەوە. تاریکایی ئاسمان بەدوای تیشکی لاوازی هەتاوی بەیاندا دەکشا و ختووکەی ئێسکەکانمی دەدا. چاوەکانم نوقاند و کەوتمە بیرکردنەوەیەکی تاریکەوە.

بە ئیسماعیل بانگم بکەن! من خۆم ئەم ناوەم بۆ خۆم هەڵبژارد. بەسەرهاتەکەم بە ناوی هەموو کەسانی هاوچارەنووسی خۆمەوە گێڕایەوە. هەموو ئەوانەی کە وەک من مەرگ لە چارەمان نووسراوە، بەسەرهاتەکانمان هاوشێوەن. من لەسەر ئەم چیایە گولـلە پێکامی. ئەوی تر لە ئەشکەوتێکدا… ئەوی تریش لە بێشەڵانێکدا بەرکەوت… لە ئەنجامیشدا یان کوژراین یان بووین بە بکوژ. ئەمە ژیانی ئێمەیە. من چەندین ڕۆژ مەشقی مردن و کوشتنم پێ کرابوو. کاتێک میلم هێنایەوە، جگە لە ئامانجەکەی بەردەمم بیرم، لە هیچی تر نەکردەوە. تەنانەت بیرم لە خۆشەویست و دایک و باوک و منداڵان و هاوڕێیانی ئەو کەسەیش نەکردەوە کە دەبوایە بیکوژم. دڵنیام بکوژی منیش لە کاتی ڕاکێشانی میلی چەکدا جگە لە کوشتنی من، بیری لە هیچی تر نەکردووەتەوە. نیشانەی لەسەر سینگم گرتەوە و تەقاندی. هەر ئەوەندە و بەس. کاتێک من بەدەم ئازارەوە هاوارم کرد: “پێ کرام”، گوێم لێ بوو بکوژەکەم بە شادمانی هاواری دەکرد: “پێکام! پێکام!” چیایەکە بە دەورمدا دەخوولایەوە. بە دژواری هەناسەم پێ دەدرا. چەکەکەم لە دەستم خزا و کەوتە سەرزەوی. لەسەر زەوی گرمۆڵە بووم. گولـلەکان لەسەر تاوێرەکانی دەوروبەرم بڵاچەیان دەکرد و هەڵدەبەزینەوە. خۆم بە زەوییەوە نووساند و بۆ پشت بەردیك کشام. دەوروبەرم تژە بوو لە دەنگی چەک و بۆنی بارووت و خوێن… تفێکم کردە زەوی. تفەکەم خوێناوی بوو. جوزدانەکەم دەرهێنا و بە دلێکی پڕ لە خەم و ئازارەوە سەیری وێنەکانی ناویم کرد. بیرم کردەوە هەرگیز نایانبینمەوە. ترسی مردن لەبەرەوە بە سەرتاپای جەستەمدا بڵاو بووەوە. بیرم لەو ڕۆژە کردەوە کە بۆ یەکەمجار چەکم بە دەستەوە گرت. وتەکانی کابرای برۆپڕ و باڵا مامناوەندیم بیر کەوتەوە: “ئەم کارە مردنی تێدایە. سەرباز لە چاوتروکاندنێکدا و بێ ئەوەی کاتی پرسینی ئەوەی هەبێت کە چی قەوما، دەگاتە دنیای ئەودیو. بچووکترین هەڵە بە نرخی ژیان لەسەرتان دەکەوێت.” مردم… تازە مووی زەردی وەک ڕەنگی بەهێ لە ڕووم هاتبوو. ڕیزێک پلانم بۆ داهاتوو هەبوو. تەنانەت بیرم کردبووەوە لە چل ساڵیمدا چی بکەم. شەوی پێش دەرچوونم لە ماڵ چوومە ژوورەکەم. دەرگام کلیل دا. بەمەبەستی بەڕێکردنی کات تا لە دەستم هات لەسەرخۆ جلوبەرگەکانم داکەند. ئاخێکی بەئازارم هەڵکێشا و چوومە جێگەوە و ڕاکشام. چەندین سەعات هەوڵم دا بنووم. بەڵام چەند کردم و کۆشام خەو نەچووە چاوم. بەیانیی کاتێک لە ماڵ دەرچووم، هەوا گۆڕابوو. ئاسمانی ڕوون و هەوای بە تیشکی هەتاو گەرم داهاتوو جێگەی بۆ هەوایەکی سارد و بەفر و تەم چۆڵ کردبوو. هەموو قسە و باسەکان بەلامەوە ئاسایی بوون و نەمدەویست گوێم لە هیچیان بێت؛ ئامۆژگاریکاران، ڕێنیشاندەران، ئەوانەی شانازی بە مردن و کوشتنەوە دەکەن… بێ ئەوەی ئاوڕ بۆ دواوە بدەمەوە، لە دەرگای باخچەی ماڵەوە کە چەندین ساڵ بوو با دەیهێنا و دەیبرد، هاتمە دەرەوە. بە کۆڵان و شەقامەکانی شاردا ڕۆیشتم. جانتاکەی کۆڵم یەک دوو دانە کراس، چەند دەرپێ و فانیلەیەک، تاقمی تەراش و گۆرەوییەکانمی تێدا بوون. لەپڕ بەفر لێی کردەوە و تەمەکە بەخێرایی ڕەوییەوە. زۆری پێ نەچوو ڕووی ئاسمان ڕوون بووەوە و تیشکی خۆر دیسان پلیکانە تەڕەکانی ڕووناک کردەوە. جادە و کۆڵانە بێدەنگەکان پڕبوونەوە لە مرۆڤ. لەژێر تیشکی درەوشاوەی هەتاودا تاک و تەرا ئۆتۆمبیل بە شەقامەکاندا دەڕۆیشتن و دەنگی مرۆگەلێک دەهات کە بە شادمانی بە ڕێگەدا دەڕۆیشتن یان لە بەردەم پەنجەرەی ماڵەکانیاندا پێدەکەنین. پەرێشان بووم. سواری ئۆتۆمبیل بووم و گەیشتمە گەراج. سواری پاس بووم.

سەیری ئاپۆرەیەکم کرد گەنجێکیان خستبووە سەرشان کە بۆ سەربازی دەچوو. بیرم کردەوە لەوانەیە ماوەیەکی تر هەمان ئەو مرۆڤانە تەرمی گەنجەکە بخەنە سەرشان و بیبەن بۆ گۆڕستان. خەڵکی ناو ئاپۆرەکە دەستیان بەرز دەکردەوە، فیکەیان لێ دەدا و ماچیان دەنارد… پاسەکە چەندین چیا و دۆڵ و شار و گوندی لە دوای خۆی بەجێ هیشت.

دوای گەیشتن، لە قەرەباڵەغیی گەراج هاتمە دەرەوە و کەوتمە گەڕان بەدوای ئەو شوێنەدا کە پێویست بوو بۆی بچم. لەبەردەم دەرگای باڵەخانەیەکی پشتکوڕدا ڕەوەستام. دوای پشکنینی بەڵگەنامەکانم، برامە ژوورەوە. بە ژوورێکی تاریکدا ڕەت بووین. پێنج یان شەش دەموچاوی دەوروبەری مێزێک ئاوڕیان دایەوە و بۆ منیان ڕوانی. دەتگوت ئەنجوومەنی نەفرەت لێکراوانی دۆزەخ لە دەوری مێزەکە کۆ بوونەتەوە! سەرم شۆڕ کرد و گوێم بۆ قسەکانیان ڕاگرت. سەربازی بەو جۆرە دەستی پێ کرد.

بە ئیسماعیل بانگم بکەن! ئەی ئەو مرۆڤانەی کە لە ناو جێگەدا نووستوون و ئێمە لە پێناوتاندا کوژراین! یەکسەر کوژرانی ئێمەتان قەبوڵ کرد، وا نییە؟ بەردەوام لە مەیدانەکان ئێمە بە نەمر ناو دەبەن، وا نییە؟ بەڵام ئەوەتا من مردووم، لەسەر چیایەک و دوور لە هەموو شتێک… منتان لە بیر کردووە، هەر وەک ئەوەی هەرگیز نەژیابم. ناومان نییە. سەرتاپای ژیانمان بوو بە ژمارەیەکی پەتی. پێش ئەوەی گیانم دەربچێت، وێنەی ئاسمان لە چاوانمدا دەقی بەست. بە درێژایی ئەو ڕۆژە بیرم لەوە کردەوە کە لەوێ دەمێنمەوە و جەستەم لەبەرەوە شی دەبێتەوە و دەکەومە خانەی نەبووانەوە. گریام. سەرەتا بە دەنگێکی نەرم و لەسەرخۆ و بە هۆی سەرکردنی سۆزەکانمەوە گریام. بەڵام هێندەی پێ نەچوو لە قوڵایی هەناوەوە و بە دەنگێکی زۆر بەرز و بەدەم هەنسکەوە گریام. چارەم گرژ و مۆن ببوو. خوێنم لەسەر زەوی جۆگەلەی بەستبوو. لە بیرتانە دەتانگوت پێویستە خاک بە خوێن ئاو بدرێت! هەر وایش دەرچوو. ئاخ لە دەست ئەم خاکە! بۆ کێ نەبوو بە گۆڕ! چەند خاوەنی خۆی بۆ هەتاهەتايە لە هەناوی خۆیدا تواندەوە! جەستەم پارچە پارچە توایەوە.

لە بیرم مەکەن.

بە ئیسماعیل بانگم بکەن!

***

 

سەرچاوە:

Bana Ismail deyin, Yavuz Ekinci, Doğan Kitap, Istanbul, 2008, ISBN: 978-975-991-937-5

یاوز ئێکینجی

ساڵی 1979 لە شاری باتمان لە دایک بووە. ساڵی 2001 کۆلێژی پەروەردەی زانکۆی دیجلەی دیاربەکری تەواو کردووە. ئێستا لە یەکێک لە قوتابخانەکانی ئیستانبوڵ کاری مامۆستایی دەکات و هاوکات فێرخوازی خوێندنی ماستەرە لە زانکۆی یوزونجویلی وان لە بەشی زمان و ئەدەبیاتی تورکی.

یاوز ئێکینجی یەکێک لەو نووسەرانەی کوردە کە بە زمانی تورکی دەنووسێت و شێوازێکی تایبەت بە خۆی هەیە لە نووسیندا. ئێکینجی بە نووسینی چیرۆک پێی ناوەتە دنیای ئەدەبیاتەوە و یەکەمی کورتەچیرۆکی خۆی بە ناوی “فڕینی مەیاسەر”ی لە ساڵی 2004 بڵاو کردووەتەوە. دوای بڵاوکردنەوەی سێ کتێبی کورتەچیرۆک بە ناوەکانی “فڕینی مەیاسەر، 2004″، “مردووەکانی سەرپشتم، 2007” و “بە ئیسماعیل بانگم بکەن، 2008″، ساڵی 2010 یەکەم ڕۆمانی خۆی بە ناوی “ئایەتە نووسراوەکانی سەر پێست” بڵاو کردەوە.

نووسەر بە دوای ئەو بەرهەمەدا، ئەم ڕۆمانانەیشی خستە بەردەستی خوێنەران:

  • بەسەرهاتێکی دەرسیم، 2012
  • زەوییە ونبووەکانی بەهەشت، 2012
  • کەسانی خاوەن خەونی پارچەبوو، 2014
  • ڕۆژێک لە ڕۆژان، 2016
  • ئەمار و سارا، 2016
  • خەونی پەیامبەر، 2018
  • راڤان، بەسەرهاتی ئەسپێک، 2019