فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

بێ هاوڕێم بە

بێ هاوڕێم بە

شیعری: سوعاد ئەلسەباح

و. حەمەسەعید حەسەن/ نووسەر و ڕەخنەگر/ هەولێر

بێ هاوڕێم بە
ئای چەند جوانە
وەک هاوڕێ بمێنینەوە
هەموو ژنێ ناوە ناوە
حەوجەی بە دەستی دۆستێک و
قسەی خۆش و
چادرێکی گەرم هەیە
کە بە وشە ڕۆ نرابێ
نەک بە گەردەلوولێ لە ماچ
هاوڕێ بۆچی
بایەخ بەو شتانە نادەی
کە دڵی ئافرەت ڕادەگرن
ئەو شتگەلە بچووکانەی
بە لای ژنەوە گرنگن
*
بێ هاوڕێم بە
ناوە ناوە
حەوجەم بەوەیە پێکەوە
لە مێرگێکدا پیاسە بکەین
ناوە ناوە
حەوجەم بەوەیە پێکەوە
کۆشیعرێ بخوێنینەوە
وەکوو ژنێ
پێویستم بەوە هەیە گوێت
بۆ ڕادێرم
هۆ ئەی پیاوی خۆرهەڵاتی
بۆچی تەنیا
هەر بایەخ بە شێوەم دەدەی
بۆچی کلی چاوەکانم
دەبینی و عەقڵم نابینی
وەکوو زەوی
منیش پێویستم بە ئاوی وتووێژە
لەبەرچی تەنیا هەر بازنگ
لە مەچەکمدا دەبینی
بۆچی هێشتا
شوێنەواری شەهرەیارت
پێوە دیارە
*
بێ هاوڕێم بە
بەوە هیچ کەم نابێتەوە
لە پیاوەتی
سەیرە پیاوی خۆرهەڵاتی
بێجگە لە ڕۆڵی قارەمان
بە دەوری تر قایل نابێ
بۆچی گێلانە شتەکان
تێکەڵ دەکەی
کە عاشق نیت
بۆچی باسی عیشق دەکەی
هەموو ژنێکی گۆی زەوی
پێویستی بە دەنگێ هەیە
دەنگێ هەم ژیر بێت و هەم قووڵ
پێویستی بە ئەوە هەیە
لەسەر سینگی
پیانۆ یان کتێبێ بنوێ
لەبەرچی لایەنی گەشی ڕۆشنبیری
فەرامۆش دەکەیت و بایەخ
بە وردەکاریی جل دەدەی
*
بێ هاوڕێم بە
من داوای ئەوەت لێ ناکەم
ئەوینی مەزنی تۆبم
نە داوای کەشتیت لێ دەکەم
نە بە هیوای تەلاری تۆم
نە دەخوازم
بمدەیتە بەر
ڕێژنەی عەتری فەرەنسایی
نە کلیلی
دەرگای مانگیشم لێت دەوێ
ئەوانە دڵخۆشم ناکەن
من شەیدای شتی بچووکم
خەو بە ئەوەوە دەبینم
بە دووقۆڵی
لەژێر موزیکی باراندا
بێین و بچین
خەو بە ئەوەوە دەبینم
کە خێڵی خەم
ناخم دەکا بە هەوار و
کەڵەپشکۆی
بێزاری دڵم داخ دەکا
لە تەلەفۆنەوە گوێ بۆ
دەنگت شل کەم
*
بێ هاوڕێم بە
من پێویستم
بە کەنارێکی ئارامە
من بێزارم لە چیرۆکی خۆشەویستی
بە دەست ئەم چەرخەوە ماندووم
کە ئافرەتی
پێ پەیکەرێکە لە مەڕمەڕ
کە پێم دەگەی
هەر چی قسەت هەیە بیکە
بۆچی پیاوی خۆرهەڵاتی
کە ژنی دی
قسەی لەبیر دەچێتەوە
بۆچی ژنی
وەکوو پارچەیە شیرینی و
بێچووەکۆتر
دێتە بەر چاو
بۆچی هەر کە سێوەکانی
ژنی ڕنی
ئیدی دەنوێ
*
(*) سوعاد ئەلسەباح، خاتوونەشاعیری کوەیتی، لە ٢٢ی ئایاری ١٩٤٢ لە دایک بووە، هۆنراوەی (کن صدیقي! بێ هاوڕێم بە!)ی لە ١٩٨٦ دا لە کۆشیعری (فتاتیت إمرأة)دا بڵاو کردووەتەوە، چونکە ژنەدەنگبێژی لوبنان، (ماجیدە ئەلڕوومی)یش بە گۆرانی گوتوویەتی، ڕەنگە ناودارترین شیعری ئەو بێت. شیاوی گوتنە ئەو خانمە گۆرانبێژە، بە هەندێک سووکە گۆڕانگارییەوە، چەند بڕگەیەکی لە شیعرەکە چڕیوە. (شیعرێکی ئەوینداری بۆ شمشێرێکی عێراق) کە ساڵانی هەشتا، سەروەختی شەڕی نێوان عێراق و ئێران لە ستایشی عێراقدا گوتوویەتی، یەکێکی دیکەیە لەو شیعرانەی سوعاد ئەلسەباح کە دەنگدانەوەیەکی زۆری هەبوو. سەددام حوسەین تا کورد و خەڵکی دیکەی عێراقی قەلاچۆ دەکرد، عەرەب بە قەڵغانی عورووبەیان دەزانی، کە پەلاماری کوەیتی دا، ئینجا دەرکیان بەوە کرد، بە هەڵەدا چووبوون. سوعاد ئەلسەباح هەرچەندە هەوڵی بۆ ئەوەبووە، ژنانە بنووسێت، وەلێ نزیکەی هەمیشە، وەک زمانی شیعر و شێوازی نووسین، شوێنپێی نیزار قەبانیی هەڵگرتووە و ئەو پیاوە نموونەی باڵای بووگە.