وه‌سیه‌تی باوكم
چرۆ زەند/ نووسەر / کەنەدا
گه‌ریده و مێژوو نووسه زرنگه‌كه، نه‌خشه‌ی سیاسی گه‌لێكی ده‌ستنیشان كرد و هێڵی جوگرافیای دانا، ئێستا له ژووره ڕه‌نگینه‌كه‌ی، له‌ناو پێخه‌فه‌كه‌ی ڕاكشاوه، ئەو ژووره‌ی كه چاوه‌ڕوانی مه‌رگ ده‌كات. ئه‌و ژووره‌ی گوزارشت ده‌كات له خه‌باتی حه‌فتا ساڵه‌ی. كلێته‌كه‌ی به بێ نازی له سوچێكی په‌رتووكخانه‌كه‌دا دانراوه چاویلكه‌كه‌ی، پێنووسه كه‌ی، ده‌فته‌ری یاده‌وه‌ری، گشتیان به‌لانراوون، به ده‌سخه‌ته خۆش و خۆش نووسه‌كه‌ی ژیانمانه‌كه‌ی له ته‌نیشته‌وه دانراوه.
زه‌ند له‌گه‌ڵ شار ئاوێزان بوو. هێمای ئه‌و و شاری سلێمانی كه‌م جار له‌یه‌ك جیاده‌كرانه‌وه. كه‌م كه‌س هه‌بوو كه‌ریم زه‌ند نه‌ناسێ، كاتێ به شه‌قامی گۆران‌دا ده‌هاته خوار، هه‌ردوولای شه‌قامه‌كه سڵاو یان بۆ ده‌كرد، ئه‌ویش به زه‌رده‌خه‌نه پڕ هیواكه‌ی به‌هه‌ردوو ده‌ست سڵاوی ده‌كرده‌وه زۆر به گه‌رمی. شار و ئه‌و هاوكێشه‌یه‌كی هاوژیانی دوور و درێژ له‌نێوانیاندا بوو.
له گۆشه نیگای شاردا جوانیيه‌كی به‌دی ده‌كرا، ئه‌و هێمای شار و، شار هێمای ئه‌وی گرتبوو. سته‌مبوو له‌یه‌ك دابڕێن. له كوچه‌یه‌كدا قوتابخانه‌یه‌ك و له شه‌قامی شاردا په‌یكه‌رێك و به‌شێك له مۆزه‌خانه و شه‌قامێك پڕاو پڕ ڕه‌نگاڵه بوون له ناوی كریم زه‌ند.
له دوا ڕۆژه‌كانی ژیانیدایه، من چیرۆكی خۆمی بۆ ده‌خوێنمه‌وه له ته‌نیشتیيه‌وه .
من ڕاستیيه‌كم لا كاكڵه بوو، چیدی من گوێم له وته‌كانی باوكم نابی، نه ده‌توانم پیاسه‌یه‌كی ئێوارانم بێت له‌گه‌ڵی، نه گوێم له ده‌نگه خۆشه‌كه‌ی ده‌بێ، كه ئارامی پێ ده‌به‌خشیم. بۆیه زۆر به په‌رۆشه‌وه كتێبه‌كه‌می بۆ ده‌خوێنمه‌وه كه به‌شێكی گرنگی ژیاننامه‌ی ئه‌وه. من به زمانی ئينگلیزی ده‌یخوێنمه‌وه ئه‌و گوێبیستی چیرۆكه‌كه‌مه له‌و به‌شه‌دا كه په‌یوه‌سته به خۆی. پاش گوێ گرتنی، سه‌رنجی هه‌بوو له نوسینه‌كه‌م، دوو تێبنی دامێ، ئیتر ئه‌وه دوا سه‌رنجی باوكم ده‌بێ. من نه‌م نوسیبووكه باوكم نیشتمان په‌روه‌ر و ساكاره، به خۆشحاڵيیه‌وه ئه‌و دوو وه‌سفه‌م زیاد كرد كه گه‌وره‌ترین پێناسەی باوكم بوو.
وه‌سیه‌تی باوكم چی بێت بۆ من؟
من گوێبیستی وه‌سیه‌ت بووم،
گشت هه‌سته‌كانم كۆكردبۆوه له گوێ‌گرتن‌دا..
من به هیوا بووم شثێكی نوێ ببیستم،
باوكم باسی خانوه‌كه‌مانی كرد.
ماڵه‌كه‌مان له ناوه‌ندی شاری سلێمانی نزیك سه‌را،
باپیره‌م لێره ژیاوه، گه‌ڕه‌ك ته‌مه‌نی زه‌ێده تره له ته‌مه‌نی شار. سێ ساڵ پێش دروست بوونی شاری سلێمانی گه‌ڕه‌كی مه‌ڵكه‌ندی دروست بووه. به ڕه‌سەنی ناسراوه، ماڵمان له‌و گه‌ڕه‌كه‌یه، باوكم خه‌ونه‌كانی منداڵی له‌و ماڵه‌دا به‌دی كردووه. له كۆتایی په‌نجاكاندا، له سه‌رده‌می حوكمی عەبدولكریم قاسم سیاسیيه‌كان ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ وڵات به بڕیارێك، زه‌ند یه‌كێك ده‌بێ له‌و سیاسیانه، له پاش ڕووخاندنی كۆماری كوردستان له مهاباد، پاش سێداره‌دانی قازی كلێته‌كه‌ی یاد و به‌رپرسیاری گه‌له‌كه‌ی ده‌خاته كۆڵه پشته‌كه‌ی به پێ ده‌ڕوا به‌ره‌و ڕووسیا. له ئاوی ئاراس ده‌په‌ڕێته‌وه. هه‌میشه خه‌ونی دیوه به‌گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ وڵات. دوو ئامانجی گرنگی هه‌بووه پاش خه‌باتی گه‌له‌كه‌ی بۆ ئازادی. یه‌كه‌م بگه‌ڕێته‌وه بۆ نیشتمان بۆ ماڵی باو باپیران، دووه‌م ژنێكی كوردی نه‌خوێنده‌وار بهێنێ. باوكم هه‌ردوو ئاواته‌كه‌ی به‌دی هێنا. یه‌ك له جوانترین ژنی كوردی كرده دایكم، ماڵه دێرینه‌كه‌ی كڕیه‌وه به نرخێكی گرانتر له نرخی خۆی. مێژووی گه‌لێكیشی تۆماركرد بووه سه‌روه‌ری.
ده‌گه‌ڕێمه‌وه بۆ لای باوكم، توانای گفتی كه‌م بوو، تینوو ده‌بوو، هه‌ندێ ئاوم ده‌دایه تا ده‌می ته‌ڕكات. لێی ده‌گه‌ڕام بۆ ڕۆژی دوایی بۆم ته‌واو كات. ئه‌و گه‌لێ جار باسی ماڵه‌كه‌مانی بۆ ده‌كردین، به‌ڵام ئه‌م جاره به په‌رۆشه‌وه باسی ده‌كرد.
باوكم ده‌یگێڕایه‌وه، كه هاتمه‌وه له هه‌نده‌ران، هه‌ستێكی نامۆم بوو. پاش پانزه ساڵ ژیان له‌هه‌نده‌ران ، كه‌سێ ده‌رگای لێ كردمه‌وه نامۆ بوو بۆم.
باوكم له سه‌ربانی ماڵ جێگایه‌كی سه‌رپێی داده‌خا. شه‌وانه له سه‌ربان ده‌نوێ. ڕۆژ ده‌چێته لای دادوه‌رێك كه هاوڕێی دێرینی بووه له سلێمانی. داوای كڕینه‌وه‌ی ماڵ ده‌كات. دادوه‌ری په‌روه‌ردگار هاوكاری ده‌كات. كڕیار نایه‌وی ماڵه‌كه بفرۆشێته‌وه به خاوه‌ن ماڵ. ئه‌و بێئاگایه له نرخاندنی ماڵ بۆ كه‌سێكی كه مێژووی هه‌یه له‌و ماڵه‌دا. سه‌لمه‌خانی نه‌نكم، پاش ئه‌وه‌ی باپیره‌م كۆچ ده‌كات، له‌و ماڵه‌دا ژیان به‌سه‌ر ده‌بات. ژیانی خۆی ته‌رخان ده‌كات بۆ به‌خێوكردنی منداڵه‌كانی چیدی هاوسه‌رگیری ناكات. سێ منداڵ به‌خێو ده‌كات، سه‌بری، له‌تیف، پاشان كریم. خوشك و برا و كه‌س و كاری نا‌ئومێد بوون له‌گه‌ڕانه‌وه‌ی كه‌ریم زه‌ند، پێیان وابوو له ژیاندا نه‌ماوه ئیدی ناگه‌ڕێته‌وه. ماڵ فرۆشراوه.
ئه‌و ماڵه گه‌لی كه‌س تیا ژیا كوردی هه‌ر چوار پارچه داگیركراوه‌كه، نه‌دار، ده‌وڵه‌مه‌ند، پیاو ماقوڵی شار، پیرو منداڵ. من له هێمن موكریانی ناوداره‌وه ده‌سپێده‌كم، تا خزم و دۆست. برازا، خاڵوان، لالۆ، برای گەوره ته‌نانه‌ت خۆيشم تێدا ژیام پاش هاوسه‌رگیریم. پارتی دیمۆكراتی كوردستان، پێگه‌ی پارتی كۆمۆنیستی كارگه‌ران. پاشان ده‌گه‌ڕێمه‌وه بۆ سه‌ركرده كورده‌كان كه بارزانی، شێخ محمود، په‌یامنێرانی جیهانی، له بیروت، له‌ندن، خاتوو سۆزان له وڵاته یه‌گرتووه‌كانی ئه‌مریكا سه‌ردانی ئه‌و ماڵه‌یان كردووه.
خه‌ڵكی گه‌ڕه‌ك ڕۆژانه نانیان له سه‌رته‌نووری داڵان ده‌كرد، منداڵانی گه‌ڕه‌ك یاری. دوو ده‌رگای بوو بۆ كورتكردنه‌وه‌ی ڕێگا، قه‌د بڕ بوو بۆ ژن و منداڵ كه به‌ویدا ڕاده‌بوردن وه‌ك تۆنێلێك بۆ كورت كردنه‌وه‌ی ڕێگا. زۆری تر ده‌هاتن بۆ داری توو و میوه‌ی به‌ردار، سه‌رڕێی زۆر كه‌س بوو بۆ چوون بۆ واده‌ی پزیشك و سه‌ردانی نریك سه‌را، بۆ مانه‌وه وه‌ك هۆتێل، بۆ چون بۆ پشووی هاوین بۆ سه‌ردان. له هاویندا له‌سه‌ر سه‌كۆ له گۆێسه‌وان جێگامان داده‌خست به ڕیز كه‌م شوێن بوو له چیمه‌ن له حه‌وش و بان خاڵی بێ له میوان.
ئه‌و ده‌مه‌ی یه‌ك ته‌له‌فزیۆن له گه‌ڕه‌ك هه‌بوو، پێكه‌وه ته‌ماشامان ده‌كرد له‌گه‌ڵ دراوسێكان.
ئه‌و ده‌مه‌ی ته‌له‌فۆنی له گه‌ڕه‌ك هه‌بوو، ده‌چوینه دوای دراوسێكان بۆ داواكانیان.
ئه‌و ده‌مه‌ی یه‌ك ته‌نوور هه‌بوو له داڵان، هه‌میشه نانی گه‌رممان بوو له‌سه‌ر خوان.
ئه‌و ده‌مه‌ی باخه‌كه‌ی یاریگه‌یه‌ك بوو بۆ منداڵان،
باوكم له كۆتایی وته‌كانی وتی: تا دوا هه‌ناسه داوای كرد:
ماڵه‌كه مه‌فرۆشن، ئه‌م ماڵه مه‌فرۆشن
منیش به‌ڵێنێكم دا : به‌ڵێن به‌یه‌زدان،
من ماڵ نافرۆشم،
ئه‌گه‌ر كرا و ماڵه‌كمان به‌ر شه‌قام بكه‌وی، تا بێته شه‌قامی گشتی، میری بێته دیدی خانوو،
من مان ده‌گرم له‌م زه‌ویيه‌دا، شوورایه‌ك بۆ ماڵه‌كه ده‌كه‌م به په‌ت.
نامیلكه‌یه‌كی ناڕه‌زایی ده‌نووسم بۆ ده‌وڵه‌ت.
به‌یاخێك به گه‌وره‌یی لێی ده‌نووسم،
ماڵه‌كه‌م نیشتيمانمه،
من نیشتيمانم نافرۆشم،
نایفرۆشم،
من نیشتيمانم نافرۆشم …..
June 27, 2019