فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

پارک

پارک

شەريف مورادی/ شاعير / مەريوان

 

جادە لە خۆیەوە تەواوە

نامناسێتەوە

سەر لە نوێ بانگم ئەکات

پەنجەیەک لە گووشینتا گەرمترم

نیگام قەوارەیەک باڵاتەو بمدوورە بە خۆتا

تا سبەی لە خۆما

دائەنیشم

گۆشەیەکی ئەم سووچەم

د

اخ

ە

ن

خوایە !

فریای ئەم هەموو سووچە ناکەوم

دایەرەم کەن ( بێسووچ)

کەم بمنێژنەوە

بە دیوارێکا هەڵمواسن

قیرەتاو

با پەنجەرە نەمکاتەوە بە دیوار

لەتێکم پاڵخەن بە دیوارا

لەتێکم لەت کەن بە سووچا

با دەنگ هەڵفڕم بە قەراخێکا

حاڵیم کە لە خۆم خاتوون !

دەمێ

با بە ( سەرما ) هەرچی دێت

بلەرزم لە بەر پێتا

یان لە جێتا تۆزێک پاڵم خە

بە لۆچێکا

هەناسەم سوارکە لە خۆت هەناسە سوار !

خیابانێکم پڕە لە کالسکەو تۆ

خیابان درێژە یان کالسکە ؟

کالسکە بەرزە یان تاقەتم ؟

درەخت سوارە یان کا ا ا ا ا ؟

بە نووسینەوە ناوترێی زمان

پارکم ئەکاو

ناوترێی

ئەتنووسم، پاک بیتەوە لە زمانم

کەم شت پاکە لە دەمما

وەختێ ئەڕۆی

بە شوێنتا خیابان پاک ئەکەم

خۆم لە سووچێکا پارک ئەکەم

بێقەراری

بێقەراری نانووسرێ زەردە زەرد

بێقەراری پارکت ئەکا

من ئەوترێم یان پارک ئەکرێم ؟

بە تەنیاییەوە شلۆقترم

ئامزگار نامبینێ و ئەنووسم

بە دیوارێکا

پەنجەرە ئەمجارە

ئەمکاتەوە پەردە لا دە

پارکم کە لە خۆت

دەمێکە ئەم چرایەم داخستووە .