فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

جانتاکە

جانتاکە

 

دەق: پیدرۆ لیسانکۆ

لە عەربییەوە: نووری بێخاڵی/ شاعیر/ ڕواندز

ئەوەتا، جانتاکە ئامادەیە
جانتایەکی گەورەی دارین،
کە باپیرم لەگەڵ خۆی بردیە هاڤانا و
باوکم بەرەو ڤەنزویللا کردیە کۆڵی
ئەوەتا ئامادەیە:
چوار وێنەی فۆتۆگرافی،
جامێکی سپی،
قاپێک،
کتێبێکی (گالدۆس) و*
کراسێکی نیوە نوێ
ئەوەتا قوفڵ دراوە و
دەوری بە دەزووێکی (بیتیرا) چنراوە
بۆ هەموو شتێک سوودی هەبوو:
وەک کورسیی گەشتێک لەسەر پشتی کەشتییەک
وەک مێز و
ئەگەر وردتریشتان دەوێت،
وەک تابووتێک،
کە دەبێت لەناویدا بمنێژن
نازانم ڕەگەکانم لە کوێ درێژ بکەمەوە
پێشتر لە گوندەکەم دامکوتیبوون
گاسن و چەقۆ گەورەکەم و
چوار پارچە زێڕەکەی دایکمم جێهێشتن
پێیانگوتم کاری ئوتێل باشە
خوانچەکەم برد
بەڵێ گەورەم
نەخێر گەورەم
بەرفەرمانتم
مێزەکە ئامادەیە
بۆ ئەوەی لەناو کەسوکاری خۆمدا بژیم،
دەتوانم هەر شتێک بکەم
ژنە ڕەنگپەڕیوەکانی باکوورم بینین
بەو ڕووخسارەیانەوە،
کە لە ژەمی ماسیی بە شلە دەکەن
وەک مەنجەنیق لە تووڕەییدا دەکوڵان
کەناراوەکانمانم بینین لە دەستەوارەکاندا دەفرۆشران
کەس نییە لەمە تێ نەگات
ئەڵمانییەکە دەیفرۆشت و
ئاسۆجییەکە دەیکڕی و
زەویی من بوو دەیفرۆشت
بەڵام گرنگ نییە،
بە ڕەگداکوتیوی مامەوە
لێرە لەدایک بووم و
لێرە هەرگیز کەس دەرم ناکات
(تا ئەوەی چەند ڕۆژێکە زانیم و
سەرلەنوێ جانتاکەمم ئامادە کردەوە)
زانیم بەم نزیکانە شارەزاکان لە دەرەوە دێن
تا ئاسۆکان بە تەلدڕ بتەنن
تا لمی بیابانەکان کۆت بکەن
تا هێلانەکانی مردن لە ئاواییەکانمان دابنێن
تا زەوی و دەریا ژەهراوی بکەن
تا گیتارەکانمان بە تەپڵەکان
سەما و گۆرانییەکانمان بە وتارەکان
وشەکانی خۆشەویستی بە دوا هۆشدارییەکان و
کارێز و باخەکانمان بە گۆڕەکان
بگۆڕنەوە
ئەگەر شارەزاکان بەزۆر،
لەسەر بەرزایی چیاکانمان لێیان داکوتی
منداڵە ئەفریقییەکان،
ئەوانەی لەژێر مشەممای چادرەکانیاندا هیلاک بوونە
بە ترسەوە و
وەک حەوت ئەستێرە نا
بەڵکوو وەک حەوت پەتا
وەک حەوت کەللەسەر
سەیری حەوت دوورگەکە دەکەن
لەوکاتەدا کە مەرگی تاهەتایەی ئێمە و خۆیان دەوێت
من لای خۆمەوە،
جانتاکەم دەبەم
ئەو جانتایەی،
گەشتەکان لەناو بەلەمێکی دووسەرە،
بردیانە هەردوو ئەمریکاکە
وای لە ئازایەتیی ئەم بەلەمانەی ڕاوکردن!
لە هەر سەرێکیانەوە بێت،
بۆ ئەوەی مرۆڤە تێکشکاوەکە هەرگیز نەگەڕێتەوە و
بڕواتە ئەو شوێنەی بۆی دەڕوا،
بەردەوام بەرەو پێشەوە دەچێت
کێ باسی دواوەی کردووە؟
بەرەو پێشەوە و بە ئەوپەڕی خێرایی
دواجار بە تێکشکاوی دەڕۆم و
ڕێگا دەدەم هەموو گیاوگۆڵێکی زیانبەخش،
لەسەر ئەم زەوییەدا بڕوێ و گەشە بکات!
*بێنیتۆ پێرێز گالدۆس، ڕۆماننووس و شانۆنامەنووسی ئیسپانی (١٨٤٣ – ١٩٢٠)
………………………………………………………………………
تابلۆی (دوا گەشت)، کاری هونەریی هونەرمەندی ڕووسی (ڤاسیلی پیرۆڤ)ە.