فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

تاساو

تاساو

دڵشاد شەفيق عەبدوڵڵا/ چيرؤکنووس / کەرکووک

 

کورتە چیزۆک

 

 

بەدیار بادەکەوە قژی دەهۆنییەوە و تەماشای شەقامه خاڵییەکەی دەکرد و پێی سەیر بوو کەس سەردانی ڕێستۆرانتەکە ناکات…. ئەو کچی شارێکی ئەفسوناوی بوو خاوەنی کەلتوورێکی دێرین بەڵام لە زەمەن بەجێمابوو، ئەو شارە ئێستا پیر بووە و کچە چکۆڵە و قشەنگەکانی خۆی رادەستی هەموو کونجە لەبیرچووەکانی دونیا دەکات و هەر بەبێ پاراستنی یان جێهێشتنی هیچ یادگارییەک لەیادیان دەکات و هەندێک جار دەیان سپێرێت بەنەهەنگەکانی وشکانی… ئەو حەشاماتەی کە پێیان دەوت شوێنکار،!!!! هەموو ئەو دەموچاوە قەبانەی کە دەستیان لە شێواندنی ڕەنگی سەر تابلۆی ژیان و کوژانەوەی چرای شەقامەکان هەبوو لەخۆی مەڵاس دابوو… بۆیەکان بەخێرایی دهاتن و دەچوون زۆر بەتەوسەوە خزمەتیان دەکرد بۆ بەدەست هێنانی بڕێک پارەی زۆر کەم لە پای ڕازیکردنی ئەو لاوانەی نەوەی سێیەمی خواپێدراوەکانی شار بوون… کەچی ئێستا ئەم بەم هەموو جوانی و بەژن و باڵایەیەوە و بەچاوە خومارەکانی و فرمێسکە تاساوەکانی چاوەڕێی گۆدۆیەکی تر دەکات تا ڕزگاری بکات لە چنگ ئەو تارماییانەی کە لەخەونی شەوانیشیدا بەرۆکی بەر نادەن…. شەوانە پاش خەونە ترسناکەکانی لەبەر خۆیەوە لەگەڵ گۆدۆ دەدوێت و دەپاڕێتەوە بۆ ئەوەی بیگەڕێنەتەوە بۆ باوەشی ئەو باوکە بەسۆزەی ڕۆژگارێک لە پاش ناز و نووزی کچانەی خۆی دەستی دەگرت و بێ هیچ منەتێک و دوودڵییەک بە شەقامەکەدا دەیپەڕاندەوە بۆ مارکێتە جوانەکانی شار بەمەبەستی کڕینی چەند شکوڵاتەیەک بۆی و دواندنی کچە قەشەنگەکەی لەسەر بابەتەکانی خوێندنگە، دواتر بەدڵێکی پڕ لە سۆز و خۆشەویستییەوه دەیبردەوە بۆ ماڵە گەرم و گوڕە پڕ لە ئەوینەکەی… لەپر دەنگێک بانگی کرد و بەهێواشی و لەسەر خۆ دەستی هێنا تەوقەی لەگەڵ بکات، زۆر بەخێرایی بەئاگا هات و سەری هەڵبڕی و ویستی لەباوەشی بگرێت، چونکە دەنگەکە زۆر لە دەنگی باوکی دەچوو، بەڵام کەسەری هەڵبڕی کوڕی یەکێک لەچەتەکانی شار بوو کە مۆڵەتی کارکردنەکەی لەدەستی ئەودا بوو…….

١١ / ٧ / ٢٠٢٤