فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

سێ کورتە شيعر

سێ کورتە شيعر

ڕەزا حەمە/ شاعير / ئەڵمانيا

(بیرکردنەوەيش کەڕوو دەگرێ)

بیرکردنەوەی هەر مرۆڤێ،

بۆنی کەڕووی دوێنێی لێ هات،

نە ئەمڕۆکە لە خۆی دەگرێت،

نە سبەی پێشوازیی دەکات.

ئاخر! هەم هزر کۆن دەبێ،

هەم بیروڕا ژەنگ لێی دەدات.

 

٢٠٢٤/٤/١٤

 

 

 

هێزی ماف نەک مافی هێز

 

تا هێزی ماف

جێ بە مافی هێز چۆڵ نەکات،

نە تەرازووی داد هاوسەنگە،

نە ئازادی بەرقەرارە،

نە یاسا بانگی سەروەری

بە گوێی مرۆڤدا هەڵدەدات.

٦ی ٦ی ٢٠٢٤

سلێمانی

 

 

ئەنفال لە پێستی یاسادا

 

هەر یاسایەک دەمی شمشێر بیسەپێنێ

تینوێتی هەر بە خوێن دەشکێ.

سیستەمێك عەقڵی مەزهەبیی،

ڕێبەر و ڕاوێژکاری بێ،

بیرکردنەوە پەرژین دەکات،

جڵەوی دادوەری دەگرێ و

نیشتمان خوێنی لێ دەتکێ.

دەستوورێک بە ماف گرژ بێ و

تۆڕ بۆ ئازادی هەڵبدات،

نە جەنگەڵ پێڕەوی دەکات،

نە زێراب لەگەڵ خۆی دەیبات.

 

٢٩ی٢ی ٢٠٢٤

کۆلۆنیا