گۆشەیەکی تر لە دەقی:
ژیان لە مندا دەژیێتەوە
نوری بێخاڵی/ شاعیر/ رواندز
(پێشکەشە بە نیگەرانی و میهرەبانیی ئەزیزانم)
مردن بخەرە فارگۆنی بیرچوونەوە
ژیان داوەتی خواردنەوەی پێکێک بکە و
لێ گەڕێ گەڵاکەی بەسەر چڵی تەمەنتەوە بلەرێتەوە و
دەنگەکەی لە ڕەگەکانتەوە ببیستیت
بەر نەفرەتی بیرکردنەوە لە مەرگ کەوتووین
دەنا،
ڕستەیەکی نیوەچڵ
قەسیدەیەکی ناکام و
ئاوازێکی خنکاو نییە ژیان
گۆرانییەکی هەمیشە سەوزە و
دەبێ بگوترێتەوە
درەختێکی چوار وەرزە بەردار بە
بەهاران لە چاوی دارسێوێکدا بپشکوێ
هاوینان لە دەمی دارهەنجیرێکدا شکۆفە بکە
پاییزان بە گەردنی دارهەنارێکدا شۆڕ ببەوە و
زستانان بە بەژنی دار پرتەقاڵێکدا هەڵزنێ
هەقت بەسەر دنیاوە نەبێت،
وەک خۆیەتی یان نا،
لە شوێنی خۆی ماوە یان گواستوویەتەوە جێیەکی تر
لەناو ئەم بۆشاییە تاریکەی دڵەڕاوکێ و
ئەو پانتاییە بەتاڵەی وەسوەسەی مەرگدا
ژیان مەتۆرێنە
بە خەندەوە بژی و
بە پێکەنینەوە بمرە!