فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

 کەوشی نەقیم

 کەوشی نەقیم

مریەم ئاباریان  – تەنیا/ شاعير و چيرۆکنووس/  مەهاباد

دار وەکوو هەموو مرۆڤێک کە شتێک لە ژیانی زۆر بە قەدر و قیمەتە و دەیپارێزێ بۆ منیش وایلێهاتبوو هیچ شتێک بارتەقای ئەو جووتە کەوشەی دەگەڵ بابم چووین و ئەو بۆی هەڵبژاردم لام بە قەدر نەبوو، بۆ هەر شوێنێکم لە پێ کردبا و لێیان پرسیبام ئەوە لە کوێت کڕیوون؟! هەر بابم گوێی لێبا فەورەن وەڵامی دەداوە: توخودا جوان نین، واللە دەڵێی کەوشی ئاغاوەتانن، لێیگەڕابام جووتێکی سوور و سپی منداڵۆکانەی هەڵدەگرت و هەر دوو ڕۆژان لە بەر چاوی شیرین دەبوو و دوایە لێیان جاڕز دەبوو و لێرە و لەوێ دەکەوتن، هەر دیتم پێم جوان بوون! بۆیە تا بە قسەی گەورەی خۆت بکەی زەرەرێ ناکەی! ئیدی وایلێهات لە سەر کەوشەکانیشم غیرەتێکی تایبەت دەیگرت و هەر دیتبای لە بەر دەرگان، بانگی دەکردم بچم هەڵیانگرم، نەکا بای بێ تۆزاوی بن، باران ببارێ تەڕ بن، یا هیچ نەبێ با وەبەر پێیان نەکەون…منیش بە پەڕۆیەک خاوێنم دەکردنەوە و لە پەرۆیەکی دیکەشم وەردەپێچان و هەڵمدەگرتن، یەک بە یەکێ بڵێ؛ سەت مێشم لە خەڵەفێک دا گرتبوو! ڕۆژێک کارتی شاییمان بۆهات، ماڵە ئامۆزایەکی دایکم کە لە دێهاتێکی پیرانشار بوو ژنی بۆ کوڕەکەی دێنا، دایکم کارتەکەی وەرگرتبوو، ئێمە کە چوار خوشک بووین، سێمان لە خۆشی کارتی گۆرین و چوونە شایی وەک شڵغە مێش ئاڵۆز ببووین و لە چوار دیوارانەی ماڵێ جێمان نەدەبۆوە، دایکم کوتی: لە خۆڕا خۆتان حازر مەکەن زۆر زەحمەتە بابو بهێڵێ بێن، ڕازیش بێ ناهێڵێ داوەت و شت بکەن! قسەکانی دایکم بە جۆرێک ناڕەحەتی کردبووین دەم و لووتمان داژەنی بوو و مەیموون لە پێشمان سەمای کردبا بزەیەکیشمان نەدەهاتێ! نیوەڕۆیە کە بابم هاتەوە دوای نان و چا خواردن دایکم باسی شاییەکەی کرد و بە ئیدی کەیفی خۆتە، کارتەکەی دا بە بابم! بابیشم بێ ئەوەی لێو لە سەر لێوی دانێ، نێوچاوانی پڕ لە گنج بوون و هەر گنجەی سەت تووڕەیی و غەزەبی لێ دەباری، ئێمەيش نەماندەوێرا هیچ بڵێین هەر چاومان لە یەکتر دەکرد، تا من زمانم کردەوە و گوتم: ئەرێ بابە بۆ شایی کێها کراسم لە بەر کەم؟ کەوشە تازەکانم بێنم؟! دوا بە دوای من خوشکیشم وە زمان هات و گوتی: ئەدی ئەمن؟ ئەدی ئەمن ئەدی ئەمن، دەست بە دەست بوو زۆر سەیر بوو بابم، بابی چەند دەققە پێش نەبوو خۆ، قەت وا هێدی و هێمن وەڵامی نەدابووینەوە دیار بوو پێیخۆش بوو پرسی پێ دەکەین، بە تایبەت ئەمن!! سەری هەڵێنا وەڵامی هەموومانی داوە و بە منی گوت: کراسە زەردەکەت و کەوشە ڕەشە نەقیم دارە تازەکانت. بزانە ئەو دوو شتەت بە دڵی من هەڵگرتوون سەت ساڵی دیکەيش نەفەرێک ناڵێ، جوان نین، ڕێک و پێک نین! حەک لەو خۆشییەی لە دڵی هەموومان گەڕا، هەر یەکەی بە لایەک دا وەدووی خۆ حازر کردن و شت حازر کردن کەوتین.سبەی ڕۆژی شایی بوو کە چی ئێمە هەر لە جێوە شاییمان بوو، بابم تازە قسەی خۆی کردبوو و پەشیمان نەدەبۆوە، بەڵام خودا شاهیدە هەر پێنج دەققە و جارێک کارێکی پێ ڕادەسپاردم، وەرە ئەو گۆرێیانەم بۆ بشۆ، ها ئەو دەسرۆکەیەيشم بۆ بشۆ، کەوشەکانیشم خاوێن بن، دا وەرە بڕێکیشم بشێلە، ساعەت سێ و پێنجی بەیانیش هەڵیستاندم، جارێک ئاوی بۆ ببەم و جارێکیش نوێژەکەم بکەم و سەماوەرەکەيش هەڵکەم!!! نازانم بۆ عەقڵم پێ نەشکا بڵێم دایکم لە پەنات چ کارەیە؟ عەقڵیشم پێ شکابا، نەمدەوێرا! ڕۆژ بۆوە و دوای نانی بەیانی و وڵات خاوێن کردنەوە، هەر کەس بە جۆرێک خۆی ڕازاندبۆوە، مانگی گوڵان بێ و هەر یەک لە ئێمەيش گوڵێکی زەرد و سوور و کەسک و سپی و…بابم ماشێنێکی دەربەست گرتبوو و هێنابوویە بەر دەرگا و وەڕێکەوتین، لە ڕێگایە بابم دەستی کرد بە نەسیحەت و هەڵبەت خودا هەڵناگرێ زیاتر هەڕەشە بوون تا نەسیحەت! (کاکی شۆفیریش هەر برای خۆمانە، ئەوە پێو دەڵێم وەک نەدیو بدییان نەبن، نەچن دەم و دەست بچنە داوەتێ، لە دەست هەتیوو و مەتیوان نەتانبینم، ناشڵێم مەچوون، بچوون، بەڵام هێندە گران و سەنگین بن مەگیم خودا بزانێ، بە حیلکە حیلک و پێکەنین خۆتان سووک مەکەن! جا ئاوا ئێمە سەهلە کاکی شۆفیریش دوو قڕانێکەی کەوتبوو و نەیدەوێرا لە ئاوێنەکانیشی سیلەیەکمان بداتێ، دەنگی گۆرانی هەی بە ناز، بە ناز بە ناز، بە دەنگی ماموستا حەسەن زیرەک لە پەخشی ماشێنەکەی تەواو کز و بێ ناز کەوت و هەر بۆخۆی دەیبیست.دوور و نیزیکی ئاوایی ببووین و دەنگی تیپی مۆسیقا هەموو وڵاتی تەنیبوو و ئاوازەی دەداوە گەییشتینە بەر دەرگا و هەر دابەزین لە خزم و کەس و دۆست و ئاشنایان وەدیار کەوتین بەرە و پیرمان هاتن، پوورێکی قەیرەم هەبوو، دەتکوت لەپەیە، لە نێو هەموو چێشتێک بۆ نێو بێ بۆ بۆن بێ، هەبوو و هەمیشە یەکەم کەس بوو چاوت پێیدەکەوت، هەر گەیشتە لامان بە بابمی گوت: کچەکانت ماشاءاللە جحێڵ بوونە تەماشا ئەوە بە خۆی و کراسی زەردی، چاو ئەو دەسماڵ و بەر و پشتێندەی، جا ئەوە بابیشم دەرفەتی بە هێند وەرگرتبوو و وادەکا کچێ جا تۆ کەوشەکانی ببینە، بزانە لەو شاییە کەس شتی وای لە پێیە؟؟

 

پوورم دامێنی هەڵدامەوە و چاوی لە کەوشەکانم کرد، پێش ئەوەی وەڵامی بابم بداتەوە هاتە بن گوێم و گوتی: ئەوە دیسان هەر ئەو دەرپێیەت لە بەرە؟ لە بیرت چۆتەوە پار نەورۆزێ لە ماڵە خۆمان لە نێو ئەو هەموو میوانەی دە عوزر کەوتی، من نەبام هەر ئابڕووشت دەچوو، من قاقایەکم کێشا و گوتم :ئەرێ پورێ دەرپێی شومارە 20 بوو یا 25 بۆت دەرهێنام؟؟ پوورم بە ناقایلی گوتی: بڵێین چی خانم، خودا نەیداوە!! بابم بانگی کرد و دیسان لێی پرسێوە پێت چۆن بوون؟ تو خودا جوان نەبوون؟ قەتت کەوشی وا خانمانە و جوان دیتوون؟ پوورم وەڵامی داوە نا خودا هەڵناگرێ قەتم لە هیچ کوێ شتی وا جوان و ڕێک و پێک نەدیتووە، (لاو لاو نییە نا بەرگ لاوە)ئەیڕۆ ئەوە لە کوێت بۆ کڕیوە؟ بابم و پوورم لە باسی کەوشان و ئادرەسەکەی نەدەبوونەوە. چووینە ژوورێک و زۆریان بە خێرهاتن کردین پوورم لێم هاتە پێشێ و گوتی: ئەرێ کەوشەکانت بڵێی بۆ لاقی من نەبن؟ گەرێکیان پێ دەچمە داوەتێ و دەتدەمەوە پێکەنیم و گوتم :کچێ ناوەڵڵا بۆ لاقی تۆ نابن لاقی تۆ درێژ و باریکن و ئی من چوکە و پانن، هەر چۆنێک بوو تاقی کردنەوە و لاقی نیوەی بەدەرەوە مابوو، دایکم هاتە بن گوێم و گوتی: زۆر جوابی خوشکم مەدەوە، کەرە ژنە، عاشقە قاشوولە و ماشوولەیە بۆیە کەس تێی‌ناتڕێت و بە ئەوکێم دا ناچێ، ناوەڵڵا لە سەر مەرج و گرێو بزانە دەمێکی دیکە ئەگەر بە کراسێکی زەرد نەتدیتەوە، ئەمن نێوی خۆم دەگۆڕم!نانی نیوەڕوانێ خورا و ئیستێکی پێچوو گەڕی شایی گیرا و داوەتێکی دوور و درێژ ساز بوو، خاڵەکانم لە پشت پەنجەرە بانگیان کردین کە بچینە داوەتێ و ئێمەيش لە خودا ویستوو زوو چووین و بابیشم کە لە قەراغێک ڕاوەستابوو هەموو هۆش و گۆشی لە سەر ئێمە بوو، پێی خۆش نەبوو بەڵام خۆی نەدەشکاندەوە گەڕێک و دوو گەڕ هەڵپەڕین، لە پڕ ڕا هەور گرماندی و باران سەبر سەبر دەستی پێکرد دوایە هەر هات و تووندتری کرد، دەتکوت خودايش لە گەڵ بابم ڕێک کەوتووە تا نەهێڵێ ئێمە هیچ خوشییەکمان بەردەوام بێ! ئەوانەی دەستی یەکیان گرتبوو جۆرێک هەڵدەپەڕین وەک ئەوەی بە هیچ شێوەیەک نەبەزن، باران بە ڕقەوە تووندتر و تووندتری دەکرد ئێمەيش زیاتر پێداگری بڵاوە نەکردن، ئاخیری وایلێهات بەر پێمان بوو بە قووڕ و چڵپاو، سەر و گیان و جلک و بەرگمان خووسا و ڕەنگ و ڕوویان پێوە نەما، بڵاوەمان کرد و هەرکەسە بە هەڵاتن شوێنێکی هەڵنابوو تا خۆی دەرباز کات، منیش وێڕای پوورم و چەند کەسی دیکە خۆمان خزاندە مدبەق و جارێ سەیری پلوسکی سەربانانمان دەکرد پڕ پڕ لە ئاو حەساریان وەبەر هرووژمێک وەکوو سێڵاو دابوو.یەک دەیکوت بووک سەر بە ڕزقە، یەک دەیکوت تازە لە زەرەرێ زیاتر بۆ زەوی و زەراعەتێ هیچی دیکەی پێ نییە، یەک ملی بووکێی دەشکاند بۆ پێ و قەدەم و قووڕ و چڵپاوی، یەک دەرک و دیوانی هەموو دێهاتێکی بە قووڕێ دەگرت و دەیگوت: خودايش ناوێرێ لە بەر ڕیخ و قووڕ وەبەر ڕەحمەت و بەرەکاتانی بدات…سەیری وڵات و باران و قووڕ و چڵپاو و پلوسکی ئاو و قسە و باسان گوێیان کپ کردم ئەوجار ئاوڕم لە خۆم دەداوە، کەوشەکانم یەک نەقیمەشیان بە دیار نەمابوو هەموو قووڕ بوون و جڵقە جڵقیان دەهات، کراسە زەردەکەيشم دامێنی خڕ دەبەر قووڕێ دابوو بێجگە لە تەڕ بوونی، پشتێندەکەيشم کە پەشمینەی ئەسڵ بوو، هەموو گوڵەکانی شیرەیان دابۆوە و لێک هاڵابوون، پوورم کە هەمیشە بۆ شاییان چەند کراسێکی پێبوو هەر بە غار ساکی لیباسەکانی هێنا و کراسێکی دەرکێشا من بە زۆری بە سەر خۆمم هەڵکێشا، کراسەکەی خۆی و منیشی شووشت و کەچە عەلادینێکی پەیدا کرد بە نۆرە پێی ڕادەداشت، کراسە زەرد لە پڕ ڕا بۆن چرووکێکی قوورسی لە مدبەق خست و دوایەيش عەلادین دەستی کرد بە دووکەڵ، چاوم لێکرد لایەکی دامێنم بە عەلادینەوە نووساوە و کراسی زەردم سووتاوە، بە گریان و دڵ ئێشاوی کراسە زەردم هەر بە خاوی دەبەر کردەوە و سۆراغی کەوشە ڕەشە نەقیم دارەکانم کرد، پوورم گوتی لە شوێنێکی باش دایناون تا دەچینەوە کەمێک ئیشک بنەوە، جووتێک کەوشی سەرەگا کە دەتگوت ئەتک کراون دەم و لووتیان و پانێیان بڕابوو لە مدبەق کەوتبوون، بە ناعیلاجی بە سەر پێمەوە کردن، نازانم چەندەی گرت تا بابم بە شوێنی دا ناردین و گوتی دەڕۆینەوە، بەڵام بۆ من کات ڕاوەستابوو، لە تاو کراسەکەم ژانم گرتبوو، بەڵام خودا خودام بوو بڕۆینەوە.کاتی ڕۆیشتنەوە داوام لە پوورم کرد کەوشەکانم بۆ بێنێ، ئەولا کەوش لای دی کەوش، کەوش نەمابوو، پوورم هەر خۆی بۆ کوێر دەکردم، حەک پوورەکەت مرێ  وەڵڵا ئە ئەلێرەم دانابوو، حەک چاوی وەی کوێر بێ بە خەڵکی هەڵنایە، بە خودای لە چاویان بردی…دۆڕابووم وەک پاشایەکی بێ هەموو شت بە ناڕاحەتی و دڵشکاوی گەڕامەوە، لە ڕێگایە بابم چەقۆت لێدابا خوێنی نەدەهات، هیچ بۆی گرینگ نەبوو خۆم چەندە ناڕاحەتم، دەیگوت: تۆ بۆ هیچ کوێ نابی، کراست سووتاند کەوشت ون کرد، جارێکی دیکە بە خاترجەمی خۆشت ون دەکەی و…

 

ئێستايش کە باسی کەوشەکانم و کراسە زەردتان بۆ دەکەم کەلەکەی چەپم دەبرژێتەوە، کراسە زەردم قیلاوقاچ دوورمانێک پێداهێنا، بەڵام شەش مانگ دوای شایی ڕۆژێک بە سەردان چووینە ماڵە باپیرم ئەوی لە بیرم نەمابوو کەوشە ڕەشەکانم بوو، لە مەڕ و ماڵات نەدەترسام و پێم خۆش بوو بزانم شوێنی نووستن و حاوانەوەیان چۆنە؟ دەگەڵ خوشکەکانم چووینە شوێنێک پێیان دەگووت ئاغەڵ و شوێنێکیش تەویلە، سەیری مانگا و گوێلک و مەڕ و بەرخ و بەران هەستێکی زۆر خۆشی پێ بەخشیبووم کاتێک هاتینە دەرێ لە زار دەرگا، بێڵێک و کەسکە کۆڵێک و جووتەی کەوشە ڕەش کە فەقەت بە سەر پێوە کرابوون و شکابوونەوە، لە نێوان ڕیخی پێوە ڕەق هەڵاتوویان نەقیمەکەنانیان دەدرەوشاوە!!!