فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

ئەو رۆژە داهات

ئەو رۆژە داهات

ئاردیتا جاترو

 وه‌رگێڕانی لە یۆنانییەوه‌/ ئومێد قەره‌نی/ نووسەر/ هەولێر

 

ئەو رۆژە داهات

گەورەترین درۆیان

لە نێو قاپێک پێشکەشکردین و

بە پارووێک قووتماندا.

پێش ئەوەی دیسان بە برسێتی بخەوین

خودای خۆمان ئافراند

لە کاتێکدا دایکم هەموو مانگێک خوێنی خۆی دەفرۆشت

سێ سەد گرام بە سێ سەد لەک *

ماچەکانی سبەینانی بۆنی بارووتیان لێدەهات

لیترێک شیریش لە ناو جانتایەکەیدا

دایکم گەنج بوو.. لێ کەمخوێن بوو

باوکیشم بە روخسارێکی پیرەوە لە زیندان بوو

خوشک و برایەکانیشم پێشوەختە گەورە ببوون.

 

کە ڕۆژێکی دیکە هات

خودای خۆمان لە ژێر پێ نا

کاتێ کە شاعیرەکان سروودەکانیان دەسوتاند

ئێمەمانان ڕاماندەکرد

بێ وەی بزانین بەرەو کێندەر هەنگاودەنێن

بە سەرسامیی

لە شەقامە نەناسراوەکان دەماینەوە

ئێمەی هەژارانی جیهان

بێ باوەڕەکان.

 

ئەمڕۆش دیسان

هەمان توخم دەڕوێتەوە

دەبێتەوە بە قەد

قەدیش بە درەخت

بە لقوپۆی درێژ و گەورەوە.

 

من لە پنتێکی رۆشنی زەوییەوە

هەموو شەوێک بە تاسەوە سەیری ئاسمان دەکەم

بە دوای ئەو ڕێیەدا کە لێیەوە هاتووم

بە بێدەنگیی بە فڕۆکەیەکی کاغەزیی

سەڵاو بۆ دایکم دەنێرم.

_____________________________________________

* لەک: یەکەی سەرەکیی دراوی ئەلبانییە.