فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

ژنی سەدەی سێو نەماوم

ژنی سەدەی سێو نەماوم

سوهەيلا مێهەمی/ شاعير  /  سنە

 

 

تێپەڕیوم

بەسەر ژنی سەدەی سێودا

بە سەمایدا

بە بەژنی هەڵخەڵەتاویا

تێپەڕیوم لەو سەردەمەی

لە چاوتدا جەستەیەک بم … بێ سەر

سەرانسەر رووت

تلۆر بیتەوە

بە سەریا…

کرمۆڵییەکانی زەین-ت و

زەوین-ت بم

دابنیشم و

گڵۆڵەیەک لەم ژوورەدا

هەڵکورماو

تێپەڕیوم و

ژنێک خۆشتر لە تامی چێژ و چێشت

ئەشکەوتێک لە ترس

نینووک بجاوم و

بێدەرەتان …

بیر لە ژنێک ئەکەمەوە …

کە ئەتناسی

کەلەبچە بووی بە باڵیەوە

بە پێیەوە

بە دەنگیەوە

بە پێستیەوە ڕێ ئەپێوا…

پەنجەکانت

لێوت

کە پڕ لە سوور

فیشەک بوون

بە گۆنایەوە

 

تێپەڕیوم و

تا دێ

سەبوورییم درزی

تێئەکەوێت

 

تا دێ

خەونم کەڵەگەتتر لە شەوگارم تێئەپەڕێ

تا دێ

شەڕ بە هەڵمی شووشەکان دەفرۆشم

شەڕ بە تارماییە تاریکەکان دەفرۆشم

 

تا دێ

شار شێواوتر دەمڕوانێ

تۆیش بریقەدار ئەمبینی…

 

ئیتر وەختە

ئیتر ئەبێ چۆڵم بکەیت

لە چۆڵەوانی خۆت و بێ تۆییمدا