فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

دەقێکی شيعری

دەقێکی شيعری

ڕەحيم لوقمانی/ شاعير / سەقز

 

نەمامێک، دار گوێزی کوێستانمان

لە ترسی دەورانی تەوران و وشکەساڵ

خۆی پێچاوە و چاوی بڕی لە دوورەدەست

هەرچی چیا باوەشی کرد بە قاچیدا

دڵی ڕەقی نەرم نەکرد ئەسری تکای

دارگوێز سەری خۆی هەڵگرت و

پشتی کرد لە ماڵی چیای!

لە خاکی غوربەتا، نە پەنجەی شەماڵێک،

نە سینگی چیایەک، نە سازی کانییەک،

تاسە و حەزیان نەدایەوە

پاش چەند ساڵی تاڵی و بێ بەر

هەر بە یادی زێد و چیا

گەڵای ژیان هەڵوەرین و مۆمی باڵای توایەوە

هەڵۆیەک هونەرمەند، لە داخی

سیاسەتی داڵە پاشای هەردی ژینی

بۆ سەفەری بەهەشتێکی خەیاڵاوی،

دەستی بەردا لە سینگی شاخ

لە بەرزەلانی دێرینی!

کە گەیشتە هەردی غوربەت، دیتی لەوێ

کێوی ئەوان ڕەنگی چیای ئێرە نادەن

نە حەیرانی زریانێک و نە ئاوازی بای ئێواران

نە بۆی عەتری سینگی خۆڵی دەستی باران

هیچی تامی سەفا و هەوای ئێرە نادەن

لەوێش دیتی، هەمان داڵ و میرقاڵاون، خودای چیان

تەنیا بە دەنگ و ڕەنگ جیان!

کە باڵندەی شێعرەکانم ئەمەیان دی

لە عەزرەتا، هەندێک بوون بە ڕەز و گوێز و

بە دار بەڕووی دارستان و

هەندێک بوون بە بەرد و زناری کوێستان و

هەندێک بوون بە خوێن و ئاوی چیاکانم

هەر هەمووشیان، تێکڕا بوون بە خاکی بەرپێی نیشتمانم

 

نەکەرۆز