فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

ڕاز

ڕاز

دێرين جەمال/ نووسەر/ سلێمانی

وەک هەمیشە، بەڕوویەکی خۆشەوە خۆی کرد بەژووردا و بەرەو چێشتخانەکە رۆيشت، دایکی توند لەئامێزگرت،

وتی : قوربات بم کاتێک لەدەرگای حەوشە هاتمە ژوورەوە بۆن و بەرامی چێشتەکانت ئەو ناوەی داگیر کردبوو. بەوێنەی منداڵێکی لاسار جانتاکەی لەشانی داگرت و چووە لای مێزوکورسی چێشتخانەکە و لەسەرکورسيیەک دانیشت و بەدەستەکانی خێرا خێرا دەیکێشا بەسەر مێزەکەدا و هاواری دەکرد : خێرا لەو چێشتە خۆشەم بۆ بێنە خێرا دایکە گیان، کەمێک وچانیدا، بەم ڕەفتارە منداڵانەی خۆی پێدەکەنی، دووبارە دەستی دەکردەوە بەهاوار تا ئەوکاتەی دایکی دوو قاپ لە خواردنەکەی ئامادەی کرد بوو لەسەر مێزەکە بۆی دانا، زۆر بەخێرایی دەستی کرد بەنانخواردن، وەک بڵێی چەند ڕۆژێکە نانی نەخواردبێت نەک چەند کاتژمێرێک بێت، دایکی بەسەرسامی لێی دەڕوانی ئارامی نەما،

وتی : دیارە لەماڵی خاڵت نانت نەخواردووە ؟! ڕازیش بەدەم نان خواردنەوە سەرێکی بۆلەقاند وەک ئاماژەیەک کەنانی نەخواردووە، کاتێک لەنانخواردن تەواو بوو دووبارە دایکی لێی پرسی :بۆنانت نەخواردووە؟ ئەی لەتاقیکردنەوەکاندا چۆن بوویت ؟ ڕازیش سەیرێکی ڕووخسارە ماندووەکەی دایکی کرد،

وتی : ببورە دایە گیان هێندە برسیم بوو لەبیرم چوو پێت بڵێم لەتاقیکردنەوەکەمدا چۆن بووم، خۆت دەزانیت من هیچ حەز بەخواردنی ئامادەکراوی دەرەوە ناکەم، شنیاری برازات خواردنی ئامادەکراوی دەرەوەی بانگ کردبوو منیش نەمخوارد، بەڵام ئەوکاتەی سەعیمان دەکرد گۆێزەبانەیان هەبوو ئەوەم خوارد بەیانیش چایەکەم بەخێرایی خواردەوە تا زوو بگەمە کۆلێژ، خەمی منت نەبێت کۆلێژ هێندە قورس نیيە، تائێستا ئاستێکی باشم هەیە هاڕێکانیشم هاوکارمن پەنا بەخوا لەکۆتاییدا قۆناغی کۆلێژيش بەسەرکەوتوی دەبڕم، لەم کاتەدا ڕاز هیوای سەرکەوتن لەچاوەکانیدا دەبریسکایەوە دەستەکانی درێژکرد بۆدەستەکانی دایکی،

پێی وت : قوربانی دەستە ماندووەکانت بم، ئێستا زۆر ماندووم دەمەوێت بچمە ژوورەکەی خۆم کەمێک پشوو بدەم دواتر باسی هەموو ڕۆژەکەت بۆدەکەم. بەخێرایی بەسەر پلیکانەکاندا سەرکەوت کاتێک دەرگای ژوورەکەی کردەوە تەماشای ناو ژوورەکەی کرد بۆساتێک وەک پەیکەرێک وەستا!. ئەوەی بینی وەک خەونێک دەهاتە پێش چاوی، تەواوی کەلوپەلی ناو ژوورەکەی گۆڕدرابوو، کەلوپەلی نوێنیان بۆکریبوو، ڕاز بەم دیمەنە هێندە دڵخۆش بوو چاوەکانی فرمێسکی خۆشی تیا قەتیس بوو، هەناسەیەکی قوڵی پڕ لەئاسودەی هەڵمژی پڕ بە گەروی هاواری کرد

: قوربانتبم باشترین دایکی دونیا تۆ خۆت جوانترین دیاری یەزدانی بۆ من، من بەختەوەرترين کچی ئەم دونیایەم .. چووە ژوورەوە لەسەرسیسەمەکەی بەئارامی خەوی لێکەوت. کات هەشتی بەیانيیە ڕاز بەزەنگی موبایلەکەی بەئاگا هات، کاتێک وەڵامی تێلەکەی دایەوە دایکی بوو،

پێی وت: ڕاز ئەمشەو زۆر خۆت ماندووکرد بەوانەکانتەوە بیری کاتت نەمابوو پێم وتی زوو بخەوە تا بەیانی زوو لەخەو هەستی ئێستا کات درەنگە بۆکۆلێژ، بەخێرایی خۆت ئامادە بکە منیش دەچمە ناو ئوتومبێلەکەم چاوەڕێت دەکەم، کاتێک پەیوەندیيەکەی داخستەوە لەتەقەی دەرگای ژوورەکەی بەئاگا هاتەوە، چاوەکانی کردەوە تەماشایەکی ناو ژوورەکەی کرد هەناسەیەکی ئارامی هەڵمژی،

لەناخیدا وتی : ئۆخەی ئەوەی بینیم خەون بوو هێشتا کات ماوە بۆ کۆلێژ، بەدەنگێکی نوساو،

وتی :دایکە گیان بەخەبەرم ئێستا خۆم ئامادە دەکەم. بەخێرایی دەست و دەم وچاوی شۆری کورسيیەکی بەرامبەر‌ بە هاوڕێکەی دانا و،

لێی پرسی : ئەمڕۆ کام پۆشاکەم بپۆشم جوانە؟! تاکی جلەکانی کردەوە یەک لەدوای یەک پۆشاکەکانی پشاندا، پاشان هاوڕێکەی پۆشاکێکی بۆ هەڵبژارد بەخێرایی خۆی ئامادە کرد و ڕۆیشت. کاتژمێر دوونیوی نیوەڕۆیە، ڕاز هاتە ژوورەکەی و چووە بەر دەمی هاوڕێکەی دانیشت و،

پێی وت: دەزانیت ئەو پۆشاکەی ئەمڕۆ بۆت هەڵبژاردم زۆر جوان بوو،.هاوڕێکەی،

پێی وت: هەست دەکەم ئەم پۆشاکە لەگەڵ ڕەنگی قژتا ناگونجێت، تۆ لەئێستادا ڕەنگی قژت ڕەشە ،ڕەنگی قژت بگۆڕە بەیەکێک لەم ڕەنگانە ڕەنگی زەرد، سوور، قاوەی تۆخ، قاوەی کاڵ، ڕازە بەپێشنیارەکەی ڕازی بوو ڕەنگی قژی گۆڕی بەسوور. بۆڕۆژی دواتر ڕاز هاتەوە بەردەمی هاوڕێکەی دانیشت و،

لێی پرسی : ئێستا ئەم ڕەنگەی قژمت بەلاوە جوانە؟ لەوەڵامدا هاوڕێکەی،

پێی وت : ئێستا ئەم ڕەنگی قژە جوانە، بەڵام شێوەی برۆت و ڕەنگی چاوت لەگەڵیدا ناگونجێت، شێوەی برۆت بگوڕە ڕەنگی چاوت بگۆڕە بەسەوز، ڕۆژی دواتر ڕاز چووە بەردەمی هاوڕێکەی و لێی پرسی،

: ئێستا چۆنم؟! بەم شێوەیە جوانم ؟ لەوەڵامدا هاوڕێکەی،

وتی : ئێستا ڕەنگی قژت و ڕەنگی چاوت و شێوەی برۆت جوانە، بەڵام شێوەی لوت و دەم و لێوت لەگەڵیا ناگونجێت، بڕۆ بە نەشتەرگەری بیان گۆڕە. ڕۆژان هات و ڕۆژان ڕۆی، ڕاز چووە بەردەمی هاوڕێکەی و،

،لێی پرسی : ئێستا چۆنم ؟ ڕوخسارو جەستەم هەمووی گۆڕی، جوان دەردەکەوم، لەوەڵامدا هاوڕێکەی پێی وت : ئێستا تۆ خاوەنی ڕوخسار و جەستەیەکی جوانیت، بەم شێوەیەت لەگەڵ هاوڕێکانی کۆلێژەکەت ناگونجێیت، ئێستا تۆ کەسێکی جیاوازیت ئەوان ناگەن بەو ئاستەی تۆ. ڕۆژەکان ڕۆیشتن و مانگەکان تێپەڕین، ڕاز چووە بەردەمی هاوڕێکەی،

لێی پرسی : من کێم !؟ لەوەڵامدا هاوڕێکەی،

وتی : تۆ یاریەکی دەستی منیت، وەک بووکەڵەیەک چۆنم بوێت یاریت پێدەکەم !!! ڕاز زۆر ماندوبوو، بە دەستەکانی توند کێشای بەهاوڕێکەیدا، پڕ بە ژورەکە هاواری کرد،

وتی : کێ وتی تۆ ڕاست گۆیت،! تۆ درۆز نترین هاوڕێی ژیانم بوویت، هیچ کات لەگەڵم ڕاستگۆ نەبویت، تۆ تەنها یەک ڕووی منت پیشاندا، هەموو خەونەکانی منت وێران کرد، واتکرد هاوڕێکانم لێم دوورکەوتنەوە، بەشێوەیەک منت لەخۆبایی کرد هیچ کەسێکم بەئاستی خۆم نەدەبینی، هێندە چاوم لەئاست ڕاستيیەکان داخرابوو لەوانەکانیشمدا سەرکەوتونەبوم. لەو دەنگەی لەژوورەکەی ڕازەوە دەهات دایکی بەوێنەی دێوانە ڕای کردە ژوورەکەی ڕاز، بینی ڕاز دەستەکانی خوێنی لێدەچۆڕێت، زانی ڕاز ،

بەدەستەکانی ئەو ئاوێنەی شکاندووە کەلەژوورەکەیدا بوو، دایکی ڕازی توند لەئامێز گرت، بەگریانەوە،

وتی : تکایە وامەکە بۆچی بەم شێوەیە خۆت ئازار دەدەیت؟ کاتێک ڕاز تەماشای سەرزەویيەکەی کرد پارچەکانی ئاوێنەکەی لەسەرە زەویيەکە بینی بەوێنەی خۆی لەسەرزەويیەکە کەوتبوون بەخوێنی دەستی ڕاز داپۆشرابوون ..