فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

دەقی شيعری

دەقی شيعری

دەريا هەڵەبجەیی/ شاعيڕ / سلێمانی

 

 

من هەموو پێج شەممانێک

ترسی هاتنی هەینی دام دەگرێت

کە تۆی تیادا نابینم..

لەو هەینییانە دەترسم

تۆ بە نامەیەکی دەنگی پێم دەڵێیت

شەممە سەفەر دەکەم..

ئەو یەک شەممانەم خۆش ناوێت

تۆ لێرە نیت و

به تەنیا سەیری فیلمێک دەکەم..

دەزانم دوو شەممە

کاتت نابێت بۆ من

ڕۆژێکی شوومە لە هەفتەدا..

سێشەممه وەک ڕۆژەکانی تر

بێ تۆ قاوەکەم دەخۆمەوه..

بیرمه وتت چوارشەممە

ناتوانم قسەت لەگەڵ بکەم

زۆر مەشغوڵم..

پێنج شەممه لە نامەیەکدا

بۆت نووسیم

ڕەنگە ئەمڕۆ نەتوانم بگەڕێمەوە

خۆشم دەوێیت بیرت نەچێت..

 

کە تۆ لەبیری دەکەیت هاتن

دڵم دەبێت بەو فنجانه قاوەیەی

لەسەر مێزێک

لەبیردەچێت و

ناخورێتەوە..

لەو بەیانییە سارد و باراناوییه دەترسم

پێش ئەوەی بەخەبەر بێم

تۆ ڕۆیشتبیت

منیش دووباره موعتادی

تەنیاییم ببمەوە..

 

دە پێم بڵێ من چیبکەم

کە تۆ ڕۆحی هەموو ئەو گۆرانییه خەمگینانەی

لە تەنیاییمدا بۆت دەڵێم..

ڕازی هەموو ئەو شیعرانەی

به تەنها بۆ تۆی دەنووسم

ناشتوانم بە کەسی بڵێم.

 

.من دەبێ هەموو پێنج شەممەیەک

تۆ ببینم

تا هەست بکەم

هەموو ڕۆژەکانی هەفتە

تۆم لەگەڵ بوویت و

تەنیا نەبووم…

ڕەنگە ئەمە بۆ تۆ قورس بێت

بەڵام دڵی من

وای دەوێت..